سێ سەرنج لەسەر سێ هەڵەی ئەبوبەکر کاروانی
لە پەراوێزی چەلەحانێی کوردبوونی سەرۆکی کنێستی ئیسرائیلدا
زانیار قادر
ڕەنگە لە ئێستادا بۆ شەقامی کوردی، هیچ شتێک لەوە بێبایەختر نەبێت کە شوناسی کوردبوونی سیاسییەک پشتڕاست بکرێتەوە، چونکە خەڵکی ڕەشۆک و سادەی ئەم هەرێمە هێندە لەو سیاسیانەی سەروبنی زمانیان لافلێدانە بە کوردبوونەوە، کەڵکی نەبینیوە تا توورەکەی ئۆمێد بۆ ئەو سیاسیانە هەڵدروێت کە لەودیو قولـلەی قافەوە جارێک لە دەمیان دەرچووە گوایە کوردن، کە دوورنییە هەرخودی ئەو خۆ بەکورددا هەڵواسینە، جۆرێک بێت لە بازرگانییەکی شاراوەی ئەو سیاسیانە، بۆ ئەوەی لەڕێگە ختوکەدانی سۆزی نەتەوەییمانەوە بیانەوێت لەو پاشاگەردانی و پارەڕژان وتاڵانییەی سیاسییەکانی ئەم هەرێمە بەسەریدا کەوتوون، ئەوانیش بتوانن بن باوەشێک بەستە دۆلار بۆخۆیان بچننەوە.
بۆیە پاڵنەری نوسینی ئەم بابەتە نە بۆ داکۆکیکردن و نە بۆ دژوەستانەوەی ئەگەری کوردبوونی سەرۆکی کنێست (پەرلەمان)ی ئیسرائیلە، بەڵکو بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵە مەنهەجیەیە کاروانی لەدوا کۆمێنتی خۆیدا تێیکەوتووە، کە لە ڕوونکردنەوەیێکی سێ خاڵی دا لە واڵەکەی خۆی دا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڵاویکردەوە.
کاروانی لەو لێدوانەیدا وەکو ئەو کەسەی لێ هاتووە، کە دەڵێن گوایە " بۆ ڕیش چوو، بەڵام سمێڵیشی خستە بانی"، ئەو لە پێناو پینەوپەڕۆکردنی هەڵەیەک، کەوتووەتە سێ هەڵەی دیکەوە؛ ئەو دەڵێت:
"جوولەکە سامین و کورد ئارییە".
لای هەموان ئاشکرایە، زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییەکان کورد هاوشێوەی فارس و چەند نەتەوەیێکی دیکە، وەک ڕەچەڵەک دەبەنەوەسەر ڕەگەزی ئاریایی و، کورد خۆشی خۆشیی لەو شوناسە دێت. تا ئێرە قسەکەی کاروانی بێکێشەیە، بەڵام لە بەشی دووەمیدا کاروانی نایپێکێت و تێکەڵی دەکات کە جولەکە وەکو ئایین وسامی وەکو ڕەگەز لێک جیاناکاتەوە و هەموو جوولەکە دەکاتە سامی.
ئەو دەبوا بڵێت زۆرێک لە تیرەکانی بەنوو ئیسرائیل کە لە ڕەچەڵەکدا لە ڕەگەزی سامیین (هەروەک چۆن عەرەبیش وەکو بنەچە خۆیان بە ڕەگەزی سامی دەناسێنن)، بە ئایین جولەکەن وشوێنکەوتەی پەیامی موسا پێغەمبەرن (س.خ).
بەڵام مەرج نییە هەموو عەرەبێک، هاوشێوەی ئەو تیرانەی بەنو ئیسرائیل، مادام ڕەسەنی خۆیان بۆ سامییەکان دەگەڕێنێتەوە، خۆی بە جولەکە بزانێت، چونکە سامیبوون بریتییە لە ڕەچەڵەک، و ئە وشتەیە مرۆڤ خۆی ڕۆڵی نییە لە هەڵبژاردنیدا، بەڵام جولەکەبوون ئایینە و، ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی وەک ئاییندارێک دەبنە شوێنکەوتەی موسا پێغەمبەر (س.خ)، جا دەگونجێت، ئەو شوێنکەوتووە عەرەب یان حەبەشی یاخود بەنو ئیسرائیلی بێت، ئەو کات ئەو کەسە دەبێتە عەرەبێکی بەڕەچەڵەک سامی و بە ئایین جولەکە، هەروەک دەشگونجێت کوردێک خۆی بە شوێنکەوتەی موسا پێغەمبەر (س.خ) بزانێت، لەو حاڵەتەشدا دەبێتە کوردێکی بە ڕەچەڵەک ئاریایی و بە ئاین جولەکە، بەڵام مەرج نییە لەگەڵ بەجولەکەبوونیدا، ڕەچەڵەکەکەشی بگۆڕێت و ئۆتۆماتیکی ببێتە سامی، چونکە ئایین شوناسێکی دەستکردە و مرۆڤ خۆی بڕیاردەدات هەڵگری ئەو ئایینە دەبێت یاحود نا، کەواتە گۆڕینی ئایین واتای گۆڕانی ڕەچەڵەک ناگەیەنێت، بۆیە دەگونجێت کوردێکی ڕەچەڵەک ئاریایی ببێتە جولەکە، یان موسوڵمان یاخود مەسیحی، بەبێ ئەوەی ڕەسەن و بنەچەی گۆڕانی بەسەردابێت. بە هەمان شێوە دەشگونجێت عەرەبێک یاخود حەبەشیێک وەک ڕەچەڵەک خۆی بە سامی بزانێت و، وەک ئایینیش خۆی بە موسوڵمان یاخود جولەکە بزانێت، کەواتە ناگونجێت بڵێین هەموو عەرەب و حەبەشییەکان مادام ڕە گەزکەیان سامییە؛ کەواتە ئایینەکەشیان جولەکەیە، هەروەک ناشگونجێت بڵێین هه موو کوردێک مادام ڕەچەڵەکی ئاریاییە؛ ناتوانێت ببێتە جولەکە. خۆ بە پێچەوانەشەوە، گەر کەسێک لە نەوەی بەنوئیسرائیلیش بێت؛ دەتوانێت ئایینی خۆی بگۆڕێت و، ئەو کات با بە ڕەچەڵەکیش سامی بێت؛ بەڵام بە جولەکە هەژمار نەکرێت، وەکو هەموو ئەو هاوەڵانەی لەگەڵ هاتنی پێغەمبەری ئیسلام موحەممەد (د. خ.) دا بۆ شاری مەدینە هاتنە سە ر ئایینی ئیسلام، و چیدی لەوە بەدوا وەکو جولەکە تەماشا نەدەکران، سەرەڕای ئەوەی بە ڕەچەڵەک لە نەوە و هۆزی بەنو ئیسرائیل بوون و بە ڕەگەزیش بە سامی ئەژماردەکران.
کەواتە لێرەدا جێگەی خۆیەتی بپرسین: ئەدی چ شتێکە وای کردووە کاروانی بکەوێتە ئەم هەڵە زەقەوە و، بیترشێنێت بەسەر یەکدا و جولەکە وەک ئایین و بەنو ئیسرائیل وەک هۆز بکاتە هاوواتای یەک و، هەموو جولەکەیەک بە سامی و هەموو سامییەکانیش بە نەوەکانی ئیسرائیل بزانێت؟
هۆکارەکە؛ پێدەچێت هەر ئەو کەڵکەڵە ئایدۆلۆژی و دینییە بێت کە لە ناخی کاروانیدا گینگڵ دەدات و، وای لێ کردووە خۆشی لەوە بێت هەموو کورد وەک موسوڵمان بناسێت و، لە شانی قورس بێت و چاوی بەرایی نەدات کوردێک وەک جولەکە ببینێت. بەڵام سەرەڕای ئەوەش؛ لەوانەیە هۆکارێکی دیکە ئەوە بێت کە لە سەرەتای دەرکەوتنی موسا وەک پێغەمبەرێک مادام زۆربەی شوێنکەوتووان و هەڵگرانی بیروباوەڕی ئایینی جولەکە لە هۆزی بەنو ئیسرائیل بوون؛ ئەمە وای کردبێت لای زۆرینەی خەڵکی سادە، جیاکردنەوەی جولەکە وەکو ئایین و بەنو ئیسرائیلیش وەکو هۆز و بەرەباب، کارێکی ئاستەم بێت و، لەگەڵ بیستنی وشەی جولەکە خەڵک بەنو ئیسرائیلی بکەوێتەوە یاد و، بە بیستنی وشەی "بەنو ئیسرائیل"یش جولەکەیان بیربکەوێتەوە و، ئەو هۆزە بە خاوەنی ئەو ئایینە بناسن. لەو سەروبەندەشدا بەڕێز کاروانییش هاوشێوەی هەر کەسێکی ئاسایی بکەوێتە هەمان هەڵەوە و، نەتوانێت جولەکە وەک ئایین و، بەنو ئیسرائیل وەک نەوەکانی یەعقوب پێغەمبەر (س.خ) کە چەند هۆزێکی بە ڕەچەڵەک سامی بوون، لە یەکتر جیابکاتەوە و، بۆیە هەموو جولەکە لەسەر حیسابی ئەوان بە "سامی" ناونووس بکات، هەروەک چۆن لە ڕابردووشدا خەڵکانێک بە هەڵە یاخود بە مەبەست، هەر تەنها لەبەر ئەوەی موحەممەد پێغەمبەر (د. خ.) لەنێو نەتەوەی عەرەب دەرکەوتبوو، عەرەببوونیان دەکردە پێشمەرجی موسوڵمانبوون، پێیان وابوو نەگونجاوە کەسێک عەرەب نەبێت و لەسەر ئایینی ئیسلام بێت.
کەواتە ئەو لیتاوەی ئەمڕۆ کاروانی تێیدا چەقیوە، هەمان ئەو قوڕەیە دوێنێ خەڵکانێک بەرامبەر ئیسلام تێی کەوتبوون و، کاروانییش لە دوورەوە بەو تێخیچانە عەقڵیەیان پێدەکەنی.
* کاروانی دەڵێت: " جولەکە ئاینێکی مژدەدەر نییە و، کەس ناتوانێت ببێت بە جولەکە".
بەڕاستی ئەم بۆچوونە ئەوەندەی لە نوکتە و تەنز دەچێت، بە هێندەی ئەوە، لە دەربڕینێکی عەقڵانیدا ناتوانرێت جێگەی بکرێتەوە؛ چونکە ڕاستە ئەوە مرۆڤەکان خودی خۆیانن، کە چ ئاینێک دەکەنە بیروباوەڕی خۆیان، بەڵام مەرج نییە، هەموو مرۆڤەکان پێش هەڵبژاردنی ئایینی دڵخوازی خۆیان بوارێکیان بۆ بیرکردنەوە و هەڵبژاردن و بڕیاردان بۆ ڕەخسابێت و، لێیان گەڕابن ئاخۆ ئەو مرۆڤە بە ویستی خۆی چ ئایینێک بۆ زیندەگیی خۆی هەڵدەبژێرێت، لە وەها دۆخێکیشدا، ئەو ئایین وئایینزایانەی مژدەیان پێ نەبووبێت (وەک ئەوەی کاروانی تێیگەیشتووە)؛ بەو هۆیەوە بەرەوە پووکانەوە چووبن و، چواردەوریان چۆڵ بووبێت، بەڵکو واقع ئەوەمان پێ دەڵێت؛ کە ئەوەی ئایینی زۆرێک لە خەڵکی دیاری کردووە؛ کولتوور و پەروەردەی خێزانی بووە، هەروەک (ڕێنێ دیکارت)ی فەرەنسی لە کتێبی "تێڕامانەکان" دا ئاماژەی بۆ دەکات و دەڵێت: "من کاتێک گەورە بووم؛ پێش ئەوەی لە ڕاستی و دروستیی هیچ ئایینێک تێبگەم؛ کۆمەڵگا و خێزان منیان کردبوو بە مەسیحی "، بەڵام دەکرێت لە هەنگاوی دووەمدا، خەڵکێکی دەستەبژێرو کەمینەی خاوەن ئاوەز ـ وەک دیکارت دەڵێت ـ بتوانن لەو شتانەی سەپاوە بەسەریاندا، لەنێویشیاندا کولتوورێک کە فرچکیان پێوە گرتووە، یاخود ئایین و بیروباوەڕێک کە لە ناخیاندا چەسپیوە؛ گومان بکەن و بوێریی ئەوە بکەن بیاندەنە بەر نەشتەری ڕەخنە و تاقیکردنەوە و، لە ئەگەری چەوتبوونیاندا، دەستبەرداریان بن.
بۆیە ڕاستییەک هەیە کەسمان ناتوانین نکوڵی لێ بکەین، ئەویش ئەوەیە؛ موسوڵمانبوونی هەر یەکێکمان، بە من و کاروانییشەوە، سەڕەڕای ئەوەی باوەڕمان بە ڕاستی و دروستی و ئاسمانیبوونی ئایینەکەمان هەیە، بەڵام لە هەنگاوی سەرەتادا هاوشێوەی دیکارت هیچمان بە پاڵنەری ئەم ڕاستیبوون و، تەنها لەبەر بوونی مژدەدەر، نەبووین بە موسوڵمان (وەک ئەوەی کاروانی ئاماژەی بۆدەکات)، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی موسوڵمانبوونمان ئەوە بووە لەناو خێزان و کولتوورێکی ئیسلامیدا گۆش کراوین و پەروەردە بووین، ئەگینا گەر لە خانەوادە و کۆمەڵگایەکی هیندی پەروەردە بکراباینایە؛ مەگەر ـ وەک دیکارت دەڵێت ـ لەو کەسانە بووینایە کە خاوەنی بوێری و ئازایەتین و توانای تاقیکردنەوەی ڕاستیبوونی ئایینەکەی خۆیان هەیە، موسوڵمان بووینایە، ئەگینا دوور نەبوو ئێستا زۆربەمان گاپەرست یان ئایینداری هەر ئایینێکی دیکە بین.
کەواتە؛ پەیوەستکردنی سەرکەوتنی ئاییینێک تەنها بە یەک هۆکارەوە و، لە بەرامبەریشدا بە بچوک ڕوانین لە ڕۆڵی کولتوور و خێزان و کۆمەڵێک هۆکار (فاکتەر)ی دیکە لە گەشەکردنی ئاییندا، جگە لە سادەگۆیی شتێکی دیکە نییە.
* کاروانی دەڵێت :" زمانی جولەکە عیبرییە ":
ئەم هەڵەیەش ـ وەک لە سەرەوە باسم کرد ـ هەر لە پەیوەست بەو هەڵەیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە کاروانی نەیتوانیوە، هۆزەکانی ئیسرائیل وئایینی جولەکە لێک جودا بکاتەوە، چونکە گومانی تێدا نییە ئێمە کە دەڵێین جولەکە، بە گوزارشتی تاک قسە دەکەین، بەڵام لە بنەڕەتدا مەبەستمان پێی ئەو کەسانەن کە شوێنی موسا پێغەمبەر کەوتوون، هەورەک چۆن کاتێک وشەی "موسوڵمان" یاخود "مسلم" بەکاردەهێنین، مەبەستمان لێی هەموو ئەو خەڵکانەن کە باوەڕدارن بە ئایینەکەی موحەممەد (د. خ.)، بۆیە ئەم دەربڕینەی کاروانی کە دەڵێت :" زمانی جولەکە عیبرییە" کوتومت وەک ئەوە وایە بڵێین : "زمانی موسوڵمان عەرەبییە"!
خۆ دەشێت بڵێین لە نێو موسوڵماناندا، بەشێکیان عەرەبن و بە عەرەبی قسە دەکەن و پەیامی ئیسلامیش بە زمانی ئەوان هاتووەتە خوارەوە، بەڵام مەرج نییە زمانی موسوڵمان عەرەبی بێت، بەڵکو ئەوان بە چەندین زمان و زاراوەی جیاواز دەئاخاوتن و، تەنانەت زۆرینەیان نەک زمانیان عەرەبی نییە؛ بگرە عەرەبیش نازانن.
ئەمە بۆ جولەکەش ڕاستە، ناکرێت بڵێین زمانی جولەکە عیبرییە، ئاخر ئەنشتاین بە ئایین جولەکەیە و، بە ئەڵمانی قسەی دەکرد ودەینوسی و تەنانەت خۆشی بە سامی نەدەزانی، سیگمۆند فرۆید جولەکە بوو و نەمسایی بوو و زمانی نوسین و قسەکردنی عیبری نەبوو.
بۆیە دەکرێت بەهەمان شێوە بڵێین پەیامی ئاسمانیی جولەکەکانیش بە زمانی عیبری و زمانی هۆزی بەنو ئیسرائیل کە زمانی بەشێک لە جولەکەکانە دابەزیوە، بەڵام چەندین هۆز و تیرە ونەتەوەی تر جولەکەن و خاوەنی زمان و زاراوەی تایبەت بە خۆیانن، و لەو نێوەندەشدا دەگونجێت کەسانێکی کوردیش هەبن کە بە ڕەچەڵەک خۆیان بە ئاریایی بزانن وبە ئایینیش شوێنکەوتەی موسا بن و جولەکە بن، زمانەکەشیان کوردی بێت وعیبری نەبێت، ئەمەش هیچ کێشەیەکی بابەتی تێدا نییە.
شتێک لە کۆتاییدا دەمەوێت بیڵێم؛ ئەوەیە کە نەک هەر سامیبوون مانای جولەکە بوون ناگەیەنێت، بەڵکو تەنانەت لە نێو خودی هۆزەکانی ئیسرائیلیشدا، کە بەشێکن لە ڕەگەزی سامی، تەنها چەند تیرەیەکیان بە بیروباوەڕ جولەکەن، ئەگینا هەر لە خودی هۆزی ئیسرائیل ونەوەکانی یەعقوبی کوڕی ئیسحاق پێغەمبەر (س. خ.)دا، ئەو تیرانەش هەن، کە بە پێکهێنەر و باوانی لەپێشینەی ئایینی مەسیحی دادەنرێن، لە کاتێکدا لە ڕەچەڵەکی سامین. تەنانەت لە قورئانیشدا زۆر بەڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە (عیسا) بۆ بەنو ئیسرائیل نێرراوە: (الصف: ٦)، بۆیە عیسا خۆی و شوێنەکەوتووانی سەرەتایشی بە ڕەچەڵەک ئیسرائیلی بوون.
بۆیە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە: بۆچی بۆخەڵکانی دیکە دەگونجێت، بە ڕەگەز سامی بن وبە ئایینیش جولەکە یان کرستیان بن، کەچی بۆ کورد مادام ڕیشەی بۆ ئاریاییەکان دەگەڕێتەوە؛ ناتوانێت وەک ئایین جولەکە بێت؟! وەڵامەکەی لای بەڕێز کاروانییە!