یەکێتی و گۆڕان بەڵێنی پاراستنی ڕێککەوتنەکەیان دەدەن

کوردستان 20/06/2021


چاودێر – ڕاپۆر

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتیی کوردستانییان لەنێوان خۆیاندا واژۆ کرد و ڕێکخەری گۆڕان و هاوسەرۆکانی یەکێتیش باسیان لە گرنگیی ئەو ڕێککەوتنە کرد و بەڵێنی پاراستنیان دا.


لە سەرەتای ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا، عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان گەیشتینە ڕێککەوتن بۆ هاوپەیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.


ئاماژەی بەوەش دا، وەک گۆڕان بە پێویستیان زانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ هەڵبژاردن کۆببنەوە، ئەوەی بەدەست هات ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان بوو. ئەم ڕێککەوتنە بۆ یەکخستنی خەباتی کوردستان بۆ دەستخستنی مافی کورد لە چوارچێوەی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵدا، بەتایبەت ناوچە کێشەلەسەرەکان گرنگ و پێویست بوو.


وتیشی: "دوای هەڵبژاردنەکان دەرفەت ماوە ئێمە و هێزە سیاسییەکان لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەمان کۆببینەوە."


باسی لەوەش کرد هاوپەیمانیی کوردستان بەرهەمی بڕوای سیاسییانە بۆ کاری هاوبەش و یەکخستنی توانای سیاسی و میدیایی گونجاو بۆ سەرخستنی کاندیدەکانمان.

هەروەک داوای لە جەماوەری یەکێتی و گۆڕانیش کرد هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانیی کوردستانی لە هەڵبژاردنی داهاتوو.


وتیشی: "ڕێککەوتنەکە بەرهەمی درێژکراوەی هەردوو خوالێخۆشبوو مام جەلال و کاک نەوشیروانە و هەوڵێکە بۆ بەپیرەوەچوونی داخوازی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. هاوکات هۆکارێکیش دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری."


لای خۆشییەوە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند: بەڵێنیان داوە کە ئەم ڕێککەوتنە دژی هیچ لایەنێک نەبێت و هاوکات جارێکی تریش خوشکوبراکانیان لە بزووتنەوەی گۆڕان جێنەهێڵن.


بافڵ تاڵەبانی ڕوونیشی کردەوە، کە حەز ناکات ئەم ڕێککەوتننامە هەر بۆ ئەم هەڵبژاردنە بێت و پێشی وابوو ئەمە یەکەمین هەنگاوە بۆ ئەوەی خەونەکانی جەنابی مام جەلال و کاک نەوشیروان بێننەدی.


وتیشی: "ئەم ڕێککەوتنە دەبێت یەکەمین هەنگاو بێت بۆ سلێمانی و هەرێم و کوردستانێکی باشتر. دەبێت لە بەغدا بەهێز بین و ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئەوە گرنگە. ئێمە ئینتەرناشناڵین و خۆمان تەنها بە هی سلێمانی نازانین، بەو ڕۆحییەتەوە دەتوانین خزمەتێکی باش بکەین."


ڕاشیگەیاند: "وەزعی کوردستان وەک پێویست باش نییە و دەتوانین بەیەکەوە باشتری بکەین، گرنگە ئێمە ئیشێکی وا بکەین چەند ساڵێکی تر لەگەڵ وڵاتە گەورەکانی دونیا بەراورد بکرێین و واجبمانە ئەوە بکەین لە ژێر چەترێکی ئینسانی و چەپکەگوڵەکەی مام جەلال کوردستان و کەرامەتی کوردستان بپارێزین."


جەختی لەوەش کردەوە: "دەبێت بەیەکەوە جگە لە پاراستنی پەیامی مام جەلال و کاک نەوشیروان هاوکات دەبێت پەیامەکەشیان تەواو بکەین."


هەر لەو مەراسیمەدا، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: شەرەفێکی گەورەیە لەژێر سێبەری هاوپەیمانیی کوردستان کۆبووینەتەوە و ئەمە بەشێکە لەو بەڵێنەی پێشتر داومانە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەشێکی میللەتەکەمان یەکڕیز کردووە و قازانجەکەی گشتییە.


وتیشی: "ئەم ناوچەیە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکییمانەوە ناخۆشیی زۆری بینی. ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئەم ناوچەیە دەبێتە ساڵی ئارامی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە."


هەروەک جەختی لەوە کردەوە ڕێککەوتنەکە درێژکەرەوەی هەردوو بەڵێنی مام جەلال و کاک نەوشیروانە کە لە دەباشان بەیەکیان دا. ئێمە لەپێناو میللەتەکەمان سیاسەت دەکەین و بەیەکەوە بەهێزترین و ئەو دوو زاتەش، مام جەلال و کاک نەوشیروان دەیانزانی کە ئێمە چواردەورمان بە ئاگر تەنراوە و ئەگەر یەکڕیز دەتوانین خۆمان بپارێزین.


وتیشی: "پاراستنی هاوپەیمانێتییەکە لە بیلبیلەی چاومان گرنگترە. ئەرکی ئێمە وەک هاوسەرۆکان و هەروەها کاک عومەر ئەم هاوپەیمانێتییە بپارێزین و ببینە نموونەیەکی جوان تا لایەنە سیاسییەکانی تر چاومان لێ بکەن و ئەم هاوپەیمانێتییە ببێتە چەتری یەکلاکەرەوەی خۆمان. بەرپرسیارێتیی سەرۆکایەتیی ئەو هاوپەیمانێتییەم پێ سپێردراوە و بێ جیاوازی هەوڵی سەرخستنی دەدەم."