ژن و ئابوری

ژن 20/06/2021

نوسینی: هاوژین زیبا
چۆن لەناو ماڵدا ژن سەنتەرە بەهەمان شێوە لەکۆمەڵگاشدا ئابووری سەنتەری ژیانە. لە رۆژئاوا بۆ جاری یەکەم ئابووری لە گریک لە یۆنان وەک وشە "ئۆیکۆ" (ماڵ) "نۆمیا" (یاسا) واتا ئیکۆنۆمیا- یاسای ماڵ دەستپێدەکات بێگومان  هەرچەندە لە سەنتەری رۆژئاوا وشەکە بەوشێوەیەش پێناسەبکرێت ئابووری بە سەرەتای بە کۆمەڵایەتیبوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەستی پێکردووە.  ئەمرۆ ژن لە ماڵدا سەنتەرە لە سەرەتای ژیانیشدا ژن لەناو ماڵ و ژیاندا سەنتەر بووە لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین ئابووری زارکۆن، یاسای ژنە. چونکە لەگەڵ دروستبووونی خێزان و کۆمەڵگا ژن ڕۆڵی دروستکردن، خواردن، دۆزینەوەی کشتووکاڵ و دابەشکردن لە هەستەکادا سەنتەر بووە بۆیە ئێمە ئەم سەردەمە وەک سەردەمی نیۆلۆتیک پێناسە دەکەین .

بەڵام بە داخەوە بە فێڵبازی پیاوانی نێچیروان بە داهێنانی پیاوسالاری خۆپەرست ژن کۆیلە دەکرێت  ئەمەش کاریگەری کردە سەرئابووری و لەگەڵ بەکۆیلەکردنی ژندا ئابووریش بەرەو خراپی و  تێکچوون رۆشت.  ئابووری دابەشکردنی ژیانە چۆن ژن لە دوای دروستبوونی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە پیرۆزی و جوانییەکانی دەرکراو بووە ئامێرێکی کڕدراو، ئابووریش واتای خۆی ونکرد بووە ئامێرێکی دەسەڵاتداری سەرمایەدار. سەرمایەدار بە خۆپەرستی و تێرنەخواردن دروستدەبێت.

لەمێژوودا هەتا ئێستا ئابووری بەم رۆڵەی خۆی کۆمەڵگای دابەشکرد بە گشتی مرۆڤەکانی کرد بە کۆیلەی سەرمایەداری دەسەڵاتدار. بۆیە لەسەر وشەی ئابووری زۆر قوتابخانە، دامەزراوەی زانستی دروستکراون، چونکە کۆمەڵگا لەلایەنی دەرونی، سیاسی و تەکنەلۆژیدا پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئابووریدا هەیە. لە مێژوودا شۆرش یاخود چەندە جەنگی جیهانیش رویان دابێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانیان ئابووری بووە ئەوەش دەزانین هەرچی داگیرکاری ئەنجام درابێت دووبارە هۆکاری گرنگ ئابووری بووە .

لە مرۆدا چۆن سیاسەت لەخزمەتی سەرمایەداریدایە بەهەمان شێوە میدیا، سینەما، چاندوو هونەر وە دامەزراوەی زانستی بەهەمان شێوە لە خزمەتی سەرمایەداریدان. ئەم هەموو دامەزراوانە ژن وەک ئامێرێکی ئابووری پێشکەشی بازار دەکات. ژن بووەتە ئامێرێکی زارگۆنی خۆی. جەستەی ژن بۆتە بابەتی پارە پەیداکردنی داهاتوو.

لە جیهانی سەرەتاییدا دروستبوونی بازار و ئابووری  لەسەر بنەمای سنوری تێربوون و پێداویستی دروستدەبوو بەڵام لە دوای  سەرمایەداریەوە هەرچی بازارێک دروستدەبێت بەشێوەیەکی ناهاوسەنگی داهاتووی کۆمەڵگا پێشدەکەوێت. لەم بازارەدا فینانس و پارە وەک دەسەڵاتدارێکی خەیاڵاوییە لێرە دەوڵەمەند هەر دەوڵەمەندتر دەبێت هەژار هەر هەژارتر دەبێت. چونکە دەوڵەمەند بوون بەتوانای دروست کارکردن نابێت، بەڵکو فێڵکردن، درۆ و دزیکردن هەبێت دەوڵەمەندی ئاسان، بەڵام ئەوانە نەبن دەوڵەمەندیش مەحاڵدەبێت چونکە ئەو بازارە بەوشێوەیە دروست بووە. لەبەر ئەوەی پیاوسالاری ژن بە ئامرازێکی ئابووری و پارە پەیداکردن دەبینێت بۆیە ژن ناتوانێت بە ناسنامەی خۆی لەناو بازاردا کاربکات. کاتێک ژن حوکمی پیاو قبوڵدەکات و وەک پیاو فێڵبازی و درۆکردن فێردەبێت لەناو بازاردا دەتوانێت دەوڵەمەند ببێت.  بەڵام کاتێک ژن هەوڵدەدات بە ناسنامەو توانای خۆی حوکمی پیاوسالاری قبوڵنەکات ناتوانێت لەناو بازاردا جێی بێتەوە و پێشبکەوێت. چونکە کاتێک ژن دژ بێت پیاو سالاری ئەو دژایەتیی کردنە وەک تاوان و لەرێلادەری دەیناسێنێت بۆیە ژن هەمیشە لەژێر هەڕەشەی تاوانباری پیاوسالاریدا کاردەکات و ژیان دەکات.لەمرۆدا زۆرێک دامەزراوەی زانستی  هەوڵدەدەن ئەو کێشەی ناهاوسەنگی بازارو ئابووری لە ناو کۆمەڵگا چارەسەر بکەن ، بەڵام  لەبەر ئەوەی بە هەمان زیهنیەتی پیاوسالاری کاردەکەن ئەو راستییە نابینن. لە هەر وڵاتێکبێت جیاوازی نییە چی کات راستی ژن قبوڵبکات وە رێکا بۆ ژنان بکاتەوە ژن بە خۆبوونی خۆی دەتوانێت ناهاوسەنگی ئابووری کەمبکاتەوە و چارەسەری بکات، چونکە ئابووری زارگۆنی ژنە، دابەشکردن لە سەرەتادا داهێنانێکی ژنانەبووە پیاو بە ئەقڵی ماتماتیک ژیان دەکات بەڵام ژن بەو شێوەیە نییە بەڵکوبە ژیری سۆزداری و زیندووبون دەژی لەبەر ئەوەیە هیچکات پیاو ناتوانێت ناهاوسەنگی ئابووری چارەسەربکات.

لە وڵاتی ئێمەدا ئەگەر پیاوەکان کەمێک دوربکەونەوە لە سەر ڕێگای ژنان ئەوا ژنان دەتوانن کێشەی ئابووری چارەسەربکەن. لە رۆژئاوای کوردستان بەرامبەر بە زیهنیەتی پیاوسالاری چارەسەرکردنی ئابووری بەرێوەبردنی ئابووری ژن دەبیندرێت بەڵام بەداخەوە دەوڵەتانی داگیرکەر هەمیشە هێرشدەکەن و ناهێڵن ئەو توانایەی ژنان ئەنجامی خۆی وەک خۆی بەدەستبێنێت.