مەلا بەختیار: ئەگەر حكومەت كێشەی نەخۆشخانەی "هیوا" چارەسەر نەكات، دەكەوێتە بەر نەفرەتی خەڵك

کوردستان 20/06/2021

 

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەنیی یەکێتی، لە کورتە نوسینێکدا دەربارەی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا، دەڵێت: ئەگەر حكومەت كێشەی "هیوا" چارەسەر نەكات، بەدڵنیاییەوە، دەكەوێتە بەر نەفرەتی خەڵك

دەقی نوسینەکە:

كورتیلە رەخنەی سیاسی
ژمارە (46)
گەندەڵی و نەخۆشخانەی هیوا
لەم رۆژانەدا، هەرا لەسەر نەخۆشخانەی هیوا، كە خزمەتێكی بێرادەی نەخۆشەكانی شێرپەنجەی كردووە، كەوتۆتە ناو میدیاكان.
نەخۆشخانەكە، جگە لەوەی تاقە هیوای نەخۆشەكانی شێرپەنجەیە، لە رووی مرۆییشەوە، مایەی ئاسودەییە.. مەخابن نەخۆشییەكە، لەبەر گەلێ‌ هۆكار، مناڵیشی گرتۆتەوە؛ كۆنترۆڵ نەكردنی خۆراك.. شمەكی بەسەرچوو. دەرمانی كوالێتی نزم.. تاد
ئێستا قسە لە داخستن، یان خستنە سەر كەرتی تایبەتی نەخۆشخانەی هیوا دەكرێ‌. سەرەڕای مانگرتن و ناڕەزایی كێشەكە چارەسەر نەكراوە. ئەمە لەكاتێكدا، گەندەڵی لەم كوردستانەدا بەردەوامە. لەشكری جەردە، هەتا دێت زیاد دەكات.
ئەگەر حكومەت كێشەی "هیوا" چارەسەر نەكات، بەدڵنیاییەوە، دەكەوێتە بەر نەفرەتی خەڵك..