فێمێنزمی ڕۆشنگەری کار بۆ تێزە نوێکەی مەلا بەختیار دەکات

ڕاپۆرت 17/06/2021


یەکێک لەو چەمکانەی ساڵانێکی زۆرە هاتووەتە نێو فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردییەوە، چەمکی دیموکراسییە. حیزب و پارتە سیاسییەکان، رۆشنبیران و ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ سیاسەتدا هەیە، لە نووسین و ئەدەبیاتی خۆیاندا، باسیان لەم چەمکە کردووە. جگە لەوە زۆرن ئەوانەی رۆژانە، لە میدیا جیاواز جیاوازەکانەوە، گفتوگۆو قسەوباس لەسەر ئەم چەمکە دەکەن و بەکاریدەهێن.
 لە کۆمەڵگای ئێمەدا، رۆژانە گفتوگۆو قسەوباس لەسەر ئەم چەمکە دەکرێت، بەڵام لەسەر ئاستی پراکتیککردن، زۆرجار لای رۆشنبیران و ئەدیبان و ئەکادیمیستەکان، تەنها وەک خەونێک لێیدەڕوانن. لای نوخبەی سیاسیش، وەک ئامانجێکی سەخت و دژوار تەماشا دەکرێت. هۆکاری ئەوەش زۆرە، بەڵام یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان بە ئامادە نەبوونی ژن دەبینین لە ژیان و بەرێوەبردنی کۆمەڵگادا، لە کۆمەڵگای ئێمەدا، جۆرێک لە سیستم و عەقڵیەت پەیڕودەکرێت کە دەسەڵاتی گەورە زیاتر بۆ کەسەکان/شەخسەکان دادەنرێت کە ئەوانیش پیاوانن، تا دەستورو یاساو پرنسیپەکان و رۆحی هاوڵاتیبوون و بەشداریی گشتی، هەمو ئەوانە دەکرێنە قوربانی دەسەڵاتی تاکە کەسێک یان حیزبێک یا بنەماڵەیەک بە یەک جۆر زیهنیەت. لێرەدا باوک چۆن لە ناو خێزاندا، برا بەسەر خوشک و هاوسەر بەسەر ژناندا موڵکیەتی هەیە و خاوەنی دەسەڵات و هێزە، مامۆستا لە قوتابخانە زاڵە بەسەر قوتابییەکانیدا، مەلای مزگەوت لە مینبەرەکانەوە کۆنترۆڵی فکری ناوەوە و دەرەوەی مزگەوتەکانی کردووە، بەرپرسی یەکەمی زانکۆ باڵادەستی خۆی بەسەر زانکۆکەدا سەپاندووە، ریش سپی خێڵ خاوەنی قسەی یەکەم و کۆتاییە، سکرتێری سەندیکا یان حیزب بە تەنها پیاوانن خۆیان بڕیارەکان دەردەکەن...هتد. هەمو ئەم حاڵەتانە و هەمان ئەم وێنە باوەی ناو کۆمەڵگا، بەئاسانی گواستراونەتەوە بۆ کایەی سیاسی و حوکمڕانی. هەر بۆیە دەبینین سەرۆک و سەرکردەکان، تا لە ژیاندا مابن، هەر بە سەرۆک و سەرکردە دەمێننەوە، چ بە زۆربێت، یان بە دامەزراندنێکی هەمیشەیی.

بێگومان هەر کۆمەڵگایەک یان دەزگایەک یان سیستمێکی حکومرانی، ئەگەر بە دەست یەک رەگەزی مرۆڤەوە بێت و لە بنچینەی فکریدا بڕوای بە هێزو ئیرادەی رەگەزێکی دیکەی مرۆڤ نەبێت کە ژنانن توشی داڕمان و شکست دەبێت وەک ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان.. ئەگەرچی بانگەشەی دیموکراسی دەکات و سیفەتی دیموکراسی بە بەرخۆیدا دەکات. لەم حاڵەتەدا دیموکراسی تەنها وەک چەمک و وەک شکڵێکی بێ ناوەرۆک ئامادە دەبێت و لە جەوهەردا بوونی نییە.
فێمێنزمی رۆشنگەری ئەم تێگەیشتنە وە هۆشیاری ژنان بەرامبەر بە سیستەمی حکومرانی لەهەرێمی کوردستان زۆر بەگرنگ و پێویست  دەزانێت.
 لە میانی کۆبوونەوەی" فێمێنیزمی ڕۆشنگەری" لەبارەی دۆخی ژن و مافەکانی و بزوتنەوە فێمێنستەکانەوە، بەرێز مەلا بەختیار تێزێکی نوێ و گرنگ دەخاتە روو کە فێمێنزمی رۆشنگەری بڕوای پێیەتی و کاری لەسەر دەکات :(پرسی ژن جەوهەری دیموکراسییە لە سەردەمی جیهانگیریدا).
مەلا بەختیار دەیەوێت ڕوانگەیەکیتری جیاواز لەبارەی فێمێنیزمەوە بخاتەڕوو و دەڵێت لەسایەی دیموکراسییەتێکی ناکامڵدا.مەحاڵە  ژن مافەکانی بەدەستبێنێت و لە زیهنیەتی نێرسالاری و دەستی نەریت ومەزەب رزگاری  بێت ، کاتێک ژن دەکرێت به پێشمەرج و جەوهەری دیموکراسی.ئەوکاتە دیموکراسی کامڵ دەبێت و قۆناخی خۆی دەبڕێت.
مەلابەختیار باوەڕی وایە  کە هەرچی بانگەشەی دیموکراسیەت بکات ، دەبێت ژن بکات بە جەوهەری دیموکراسی، بۆ ئەوەی ولاتێکی دیموکراسی هەبێت، یان حزبێکی دیموکراسی بیت، یاخود پیاوێکی دیموکراسیخواز، ئەوە دەبێت ژن بکرێت بە سەنتەر و جەوهەری ئەو دیموکراسیەی بانگەشەی بۆ دەکەیت، گەر ئەوە نەکرێت ئەوە دیموکراسیەت قۆناخی خۆی نابڕێت نیوەناچڵ و ناکامڵ دەبێت، بە بوچوونی بەڕێزیان هەموو کارێک پێویستی بە پشوو درێژی و هەنگاو بەهەنگاو هەیەو پێوەرەکانی کۆمەڵگەی نێر سالاری و نەریتگەرا بە ڕوژێک و دووان لەڕەگەوە هەڵناتەکێن، ئەوپێوەرو نەریتە نێرگەرایەی سەدان ساڵە.ڕەگ و ڕیشەی خۆیان زۆر بەقوڵی داکووتاوە، ناتوانین وا بە ئاسانی بەیەکجاری بسڕینەوە،بۆیه ئەوەی لەتێزەکەیدا لەبارەی شۆڕشێکی مەعریفی و ڕۆشنگەری- فیکری فێمێنیستانەوە دەخاتەڕوو ئەوەیه کە ژن بۆ ئازادبوون لەیاساکانی نێرسالاری، بۆ ئەوەی کەسایەتی و کەرامەتی خۆی بەدەست بێنێتەوەو ڕێز و پیرۆزی و بەهای بۆ بگەڕێتەوە، پێویستە هەنگاو بەهەنگاو درێژە بەکاروانی ئەوخەباتە پیرۆزەبدات.
بۆ کارکردن لە پێناو ئەم ئاماجەشدا فێمێنزمی رۆشنگەری کارو خەباتی ژنان هۆشیارییان بە پێش مەرجی سەرکەوتن دادەنێت و لەو پێناوەشدا بە شێوازی جیاواز جیاواز لە کارو چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت و داوا لە سەرجەم ژنانی کوردستان دەکات بە بێ جیاوازی بیرو را، ئاین، حزبی.. لە پیناو راماڵینی عەقڵیەتی دواکەوتوی نێرسالاری و یەکگرتنی هێزو هەستی نارازی ژنانی کورد لەگەڵ فێمێنزمی ڕۆشنگەری لە پەیوەندیدابن بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی.

ناوەندی رابەرایەتی
فێمێنزمی رۆشنگەری
١٧/٦/٢٠٢١