جۆبایدن : بە پوتینم وت ئەجێندای من دژی ڕوسیا نیە بەڵکو لە پێناو گەلی ئەمریکایە

جیهان 17/06/2021

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاشکرایکرد سەرەڕای جیاوازیی و ناکۆکییەکانی نێوانیان، رووسیا و ئەمریکا دەتوانن لە بوارە ھاوبەشەکاندا پێکەوە کاربکەن.
جۆ بایدن لەدوای لووتکەی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، لە شاری جنێڤی سویسرا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد و تیایدا ھەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەکە کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
بایدن جەختی لە دیالۆگی رووبەڕوو کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە خۆی و پوتین ھەست بە بەرپرسیارێتیی پەیوەندییەکی "سەقامگیر و پێشبینیکراو" دەکەن.
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستەسەر ئەوەش کە دەستەوەستان نابن لە وەڵامدانەوەی ھەر کردەوەیەک کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیەنێت و رایگەیاند: "بە پوتین-م گوت کە ئەجێندای من لە دژی رووسیا یان وڵاتێکی دیکە نییە، ئەمە لەپێناو گەلی ئەمریکادایەجۆ بایدن ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ پوتین-دا تاوتوێی کەمکردنەوەی مەترسیی پێکدادانی نەخوازراویان کردووە و رایگەیاند: "(لەگەڵ پوتین) ھاوڕابووین لەسەر پێکھێنانی میکانیزمی دیالۆگێکی سەقامگیریی ستراتیژیی لەپێناو رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە پێشکەوتوو و نوێیەکان".
- بایدن لیستێکی داوەتە پوتین بۆ ئەوەی ژێرخانە ھەستیارەکان لە ھێرشە سایبەرییەکاندا "ناوچەی قەدەغەکراو" بن
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە کە ئاسایش سایبەریی لە لووتکەکەدا بەشێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێکراوە و رایگەیاند: "ئەوەم گوت کە پێویستە ژێرخانە ھەستیارە دیارییکراوەکان لە ھێرشە سایبەرییەکاندا ناوچەی قەدەغەکراو بن. لیستێکمان دایە ئەوان، ئەگەر بە ھەڵەدا نەچووبم، لیستەکە ١٦ کۆمپانیای تێدایە کە وەک ژێرخانی ھەستیار پێناسە کراون. وڵاتانی خاوەن بەرپرسیارێتیی، پێویستە ھەنگاو دژی ئەو تاوانبارانە بھاوێژن کە لە خاکی ئەوانەوە ھێرشی سایبەریی دەکەن. لەوبارەیەشەوە رێککەوتووین لەسەر ئەوەی شارەزایان ئەرکدار بکرێن تاوەکو کار لەسەر ئەوە بکرێت کە رووبەر قەدەغەکراوەکان کامانە دەبن".
جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ پوتین، باس لە دۆخی سووریا کراوە و پێی راگەیاندووە کە دەبێت پێداویستییە سەرەکییەکان بگەێندرێتە کەسانی خاوەن پێداویستی و جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێگرتن لەوەی ئێران کە ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتدا دەبێـت.
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە رێگرتن لە سەرلەنوێ ھەڵسانەوەی تیرۆر لە ئەفغانستان، لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵات دەبێت و گوتیشی، "تاوتوێی یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا و پرسی بیلارووسیامان کردووە
 پەیامی بایدن لە بارەی "مافەکانی مرۆڤ"وە بۆ پوتین
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی ئەو کۆبوونەوەی کە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند گوتی، "بەشێوەیەکی ئەرێنی" بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ناکۆکییەکان و لێکتێنەگەیشتنەکان، ئەوە ئەمریکا و رووسیا دەتوانن پێکەوە لە بوارە ھاوبەشەکاندا کاربکەن و ئەمەش سوودی بۆ ھەردوو وڵات و ھەموو جیھان و وڵاتانی دیکە دەبێت.
بایدن جەختی لەوەش کردەوە کە تاوتوێی بانگەشەکانی دەستێوەردانی رووسیا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایان کردووە و گوتی، "بە پوتین-م گوت کە ھەوڵەکانی پێشێلکردنی سەروەریی دیموکراتییمان یان تێکدانی ھەڵبژاردنە دیموکراتییەکانمان، بە باشی نابینرێت".
بایدن ئاشکرایشی کرد کە بۆچوونەکانی لە بابەتی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسی، ئالێکسی ناڤالنی نەگۆڕاوە و گوتی، "بە ئاشکرا بە پوتین-م گوت کە گیانلەدەستدانی ناڤالنی لەکاتی بەندکردنیدا، بۆ رووسیا رووخێنەر دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند کە نیگەرانییەکانی خۆی لە بارەی مافەکانی مرۆڤ بە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین گەیاندووە و بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی ئەو نیگەرانییانەدا.
".".