هاوژین زیبا: دۆخی ژنی کورد لە ئاستێکی هێندە ئەسەفباردایە کە ئیتر کاتی ئەوەیە بکەوینە خۆمان

ژن 15/06/2021

رۆژی 14/6/2021بە ئامادەبونی مەلا بەختیار ژنانی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی كۆبوونەوەیەكی فراوانیان ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنفرانسی چوارەمی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری و ئامادەكاری ژنان بۆ قۆناغی داهاتووی كاركردنیان کرا. لەبەشێکی ئەو کۆبونەوەیەدا، هاوژین زیبا، ئەندام لە فێمێنیزمی رۆشنگەری وتارێکی پێشکەش کرد، کە رەنگدانەوەی کێشە دیارەکانی ژنان و چەوسانەوەی ژانان بوو لە کۆمەڵی کوردی و نەریتیدا.
ئەمە خوارەوە دەقی وتارەکەیە:
ئەم کاتەتان باش خانمانی بەڕێز… سوپاس کە بەدەنگ بانگەوازەکەی فیمینیزمی ڕۆشنگەرییەوە هاتن .. سوپاس بۆ فیمینیزمی ڕۆشنگەری کە ئێمەی لێرەدا کۆ کردووەتەوە وەک کۆمەڵێک ژنی دەستەبژێر بۆ تاوتوێکردنی مەسەلەیەکی هەرە هەستیاری کۆمەڵی کوردەواری؛ دۆخی ژنی کورد لەمڕۆی دەیەی دووهەمی سەدەی بیست و یەکەمدا.

ئێمە لێرەین چونکە ڕۆژانە جەستەی هاوڕەگەزەکانمان، جەستەی کچ و خوشک و دایک و هاوڕێکانمان دەکرێنە خۆراکی ئاگری ناموس وزەلکاوی داب و نەریت.. ئێمە لێرەین چونکە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانمان بە ئاشکرا زەوت کراون.. ئێمە لێرەین چونکە ئەو یەکسانییەی کە لە سەدەکانی ڕابوردووەوە ژنانی جیهان خەباتی بۆ دەکەن و قوربانی بۆ دەدەن هێشتا زۆر نامۆیە بەم کۆمەڵ و ژینگەیە..

دیارە بزووتنەوەکانی فیمینیزم بەقوتابخانە وڕێبازو باڵەجۆراوجۆرەکانییەوە قۆناغی بەرچاویان بڕیوە بۆ بەرجەستەکردنی زوڵم و زۆری سەر ژن وبەدەستهێنانی دەسکەوتی کۆمەڵایەتی و یاسایی وسیاسی و ئابووری.. بەدڵنیاییەوە ئێمەش ئەگەر ئەقڵ و دڵ ، ویژدان و کردار، هێز و سۆزمان یەک بخەین دەتوانین ئەم مینبەرە، ئەم سەکۆی ڕۆشنبیرییە فرە ڕەهەندە بکەینە قوتابخانەیەکی فکری بۆ بەگژداچوونەوەی ستەمە جێندەرییەکانی سەر ژنی کورد و ڕەدکردنەوەی ئەم واقیعە نادادپەروەرە کە کۆمەڵی پیاوسالاری سەپاندویەتی و ژنی خستووەتە پەراوێزی ژیانەوە..دەتوانین تێگەیشتنە فکری و فەلسەفیەکانمان گەشە پێ بدەین بۆ ئەوەی چاکتر وزانستییانەتر لە ڕەگ وڕیشەکانی ئەم ناهەقییە نەگریسە تێ بگەین کە نەک هەر نیوەیەکی گرنگ و کاریگەری کوردەواری خستووەتە قەفەزی جەورو ڕەنج وئەشکەنجەوە،بەڵکو زیانی گەورەی بەتەواوی کۆمەڵگاکەمان گەیاندووە وڕێی گەشەکردن و بەختەوەری بە ڕوودا داخستووە.

بەڕێزان
ئێمە ئەگەر وەکو زانست بڕوانینە فیمینیزم ، هێندە نابات ئەم زانستە دەبێتە هوشیارییەکی سەرتاپاگیر و ئەو ڕاستییەمان بۆ دەبێتە بزوێنەر کە دەڵێت چەوساندنەوەی ژنان بە هیچ شێوەیەک ڕێکەوتێکی مێژوویی نی یە…تەنیا هەر کێشەیەکی کەلتوری و پەیوەستی یەک جوگرافیا و زادەی هەژاری و نەزانی نییە بە تەنها. ئەگەر چی ئەمانە هەموویان هۆکاری گرنگ و بەزەبرن، بەڵام جودایکارییەکە دەرەنجامی زنجیرەیەک فاکتەری ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی ئاڵۆزن کە پێویستە ئێمەی ژن دەستنیشانیان بکەین و لەوێشەوە فیمینیزم وێنا بکەین وەک مەنهەجێکی بەرەنگاریی بۆ هوشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ بە مەبەستی ڕماندنی کۆڵەکەکانی ستەمکاری ودامەزراندنەوەی کۆمەڵگا لەسەر بناغەی دیموکراسی وئازادی و یەکسانی بەواتای ڕاستەقینە و تەواوی ئەو سێ چەمکە پڕبایەخە.

یەکسانی نێوان نێر و مێ ئامانجێکی دێرین و بەهاداری مرۆڤایەتییە، بەڵام بەداخەوە هێشتا لە هیچ گۆشەیەکی ئەم زەمینە بەخشندەیەدا نەهاتووەتە دی ، چونکە بە نای ناهەق خەسڵەتە جەستەیی و بایۆلۆجییە تایبەتەکانی ژن کراونەتە پاساو بۆ نزمکردنەوەی پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتیمان، لە کاتێکدا کە گەشەکردنی زانست و تەکنەلۆجیا
چرکە بە چرکە ئەو هەقیقەتە ئاشکراتر دەکات کە ژن لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا ، لە بوارەکانی زانست و کاردا، لەمەیدانەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی هیچی لە پیاو کەمتر نییە. نەک هەر ئەوە بگرە داتاشینی بڕو بیانوو بۆ چەوساندنەوەی ژن دەبێتە کۆت و پێوەند بۆ تێکڕای کۆمەڵگا..

بەڕێزان
بزووتنەوەی فیمینیزم بزووتنەوەیەکی هێندە قوڵ و بەرینە کە لەچەندین جەمسەرەوە تێکەڵی خەباتی ڕەوای مرۆڤایەتی دەبێت لە بوارەکانی ژینگەدۆستی و سروشتپارێزیدا کە لەسایەی سیستمی تەماعکاری سەرمایەدارییەوە ئەمڕۆ مەترسیی کوشندەیان لەسەرە و چارەنووسی مرۆڤیان خستووەتە تەم و مژی مان و نەمانەوە.

یەکەمین قوربانی و زیاندیدەی ئەم هەڕەشەیە بریتییە لە ژن و مناڵ وە بەشێکی گەورەی ئەرک و ئاکامەکان دەکەونە سەر ژن ،بۆیە بزووتنەوەی فیمینیزم و ئاڵا ڕۆشنگەرییەکەی لە ڕاستیدا بووتنەوە وهوشیاری و داکۆکیکردنە لە سەوزایی ژیان، لە زەمینی دایک ، لە سروشتی کانگای وجود و نموونەی هەرە جوان و ئاشکرای دیالیکتیک . هاوڕێیانی هێژا واقیعی ئێستای حاڵ و دۆخی ژنی کورد لە ئاستێکی هێندە ئەسەفباردایە کە ئیتر کاتی ئەوەیە بکەوینە خۆمان و ئەگەر ڕاستگۆ و بەرپرسانە قسەبکەین دەبێ بڵێین نەک هەر وەختێتی بگرە زۆریش دواکەوتوین و کەمیشمان پێیە.ئەمەش لێپرسراوێتییەکی گەورەیە بەرامبەر مێژوو، بەرامبەر خۆمان و هاوڕەگەزەکانمان لەئایندەدا بەتایبەت کە ڵیبراڵیزمی نوێ زۆر خراپ هەوڵ دەدات جەوهەری ئازادییەکانی ژن بشێوێنێت و بچوکی بکاتەوە بۆ ئازادییە ڕووکەشەکان، ئەویش نەک لە ڕوانگەی ڕێزگرتن و نرخاندنی ژن وەک مرۆڤ، بەڵکو بۆ بەکاڵاکردنی جەستەو جوانییەکانمان لە پێناو قازانجی زیاتر و تۆخکردنەوەی زیاتری ئەقڵییەتی نێرسالاری.

ئەمە بەڕاستی مەسەلەیەکی تا بڵێی هەستیارە و ئەگەر وریا و هۆشمەند نەبین لە باریدا هەیە مەسەلە ڕەواکەمان کورت بکاتەوە بۆ ئازادیی ڕووتبوونەوە و بێبەندوبارییە سێکسییەکان و ڕەنگە سەرەنجامیش بمانکاتە ئامانجێکی ئاسان و سوکەڵەی ئەقڵییەتە موحافیزکارەکان و جموجۆڵە کۆنەپەرستەکان.

هاوڕێیان ئێوە لە ئێمە چاکتر دەزانن کە خەمەکانی ژن ، ناهەقی و نابەرابەرییەکان ، هێندە زۆر و گەورە و قوڵ و دێرین و بەربڵاون کە لەژماردن نایەن…
لە ئێمە باشتر سروشت و ڕەگو ڕیشەکانی ئەم واقیعە تاڵە چین و لە کوێوە سەرچاوەیگرتووە، بۆیە هەرچەندێک بڵێین و بکەین هێشتا کەمە..
کەواتە بۆ پێشەوە بەرەو پێشخستنی فیمینیزمی ڕۆشنگەری بە هەڵوێست و بە کردەوە.
دیارە ئەرکە ئاسان و بێ گرێ و گۆڵ نییە ، بەڵام وەکو دەڵێن ڕێگای هەزاران میل بە هەنگاوێک دەست پێ دەکات.
کەواتە با هەنگاوەکە بنێین ، هەنگاوە ڕاستەکەبە ئاڕاستە ڕاست و دروستەکەی.

سوپاستان ئەکەم.