لووتكەی ناتۆ دەستیپێكرد

ڕاپۆرت 14/06/2021

چاودێر: 

ئەمڕۆ دوو شەممە لووتكەی ناتۆ لە كاتێكی هەستیاردا دەستی بەكارەكانی كرد بە بەشداری سەركردە و رێبەرانی دەوڵەتانی ئەندام لە شاری برۆكسێلی پایتەختی بەلجیكا.

لوتكەی ناتۆ دوای لووتكەی گرووپی جی 7 بوو گرووپی 7 دەوڵەتە پێشەسازییە گەورەكەی جیهان لە بریتانیا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا بەڕێوەچوو.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە برۆكسێل لەوێ لەگەڵ ئەمینداری گشتی ناتۆدا كۆبووەوە.

بەشداریكردنی بایدن لە لووتكەی ناتۆ گرنگی خۆی هەیە دوای ئەو ساردیی و سڕی و هەندێكجار پەرەسەندنەی لەنێوان ناتۆ و ئەمریكادا هەبووە لەسەردەمی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ.

لە چوارچێوەی ئەم كۆبوونەوەیەدا كۆبوونەوەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەمریكا دەكرێت.

ئەم كۆبوونەوەیە گرنگی خۆی هەیە هاوكاتی ناكۆكییەكانی نێوان دوو دەوڵەتە بەهۆكاری هێندێك كێشە لەنێوانیاندا وەك كڕینی سیستمی مووشەكیی رووسیایی ئێس 400 لەلایەن توركیاوە، فراوانخوازییەكانی توركیا لە خۆرهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، بابەتی مافی مرۆڤ لە توركیا، پشتیوانی یەپەگە لەلایەن ئەمریكاوە، داڵدەدانی فەتحوڵڵا گولیەن لەلایەن ئەمریكاوە كە توركیا بە تیرۆرست و ئەنجامدەری هەوڵی كودێتای 2016 تۆمەتباری كردووە.

لەلایەكی دیكەوە كۆبوونەوەی نێوان ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیاندراوی كۆشكی ئەلیزێی فەرەنسا لە كۆبوونەوەكەدا ماكرۆن پێداگربووە لەسەر ئەوەی بابەتی ئاینی بۆ بابەتی سیاسی نەقۆزرێتەوە.

ئەمە لەحاڵێكدایە لە ساڵی رابردوودا زۆرترین ناكۆكی لەنێوان فەرەنسا و توركیادا هەبووە بەتایبەت لەسەر پرسی ئاینی و لیبیا و خۆرهەڵاتی دەریای نێوەڕاست.

هاوكات كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە كە پێوەندیی دەوڵەتانی خۆرئاوایی لەگەڵ چین و رووسیا تا دێت زۆرتر ئاڵۆز دەبێت، چین و رووسیا تا دێت هەژموونی خۆیان لە ناوچە جێنفووزەكانی خۆرئاواییەكان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقا بەهێزتر دەكەن، لە بازاڕەكانی خۆرئاواش فشاریان دروستكردووە.

ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەرنامەی ستراتیژی خۆی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووسیا و چین.

لای خۆیەوە ئەمینداری گشتی ناتۆ ئەمڕۆ لە گوتەیەكدا گوتی: ئێمە نامانهەوێت بچێنە شەڕێكی ساردەوە لەگەڵ چین، ئەم دەوڵەتەش بە دووژمن نازانین.