بۆ رێگری لەشەڕی ناوخۆ، کەنەکە و ئەنجومەنی باڵای یەکێتی کۆدەبنەوە

کوردستان 10/06/2021

وەفدێكی كەنەكە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی كۆبۆوە

هاوسەرۆكی كەنەكەو وەفدێكی یاوەری، سەردانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی دەكەن‌و لەكۆبوونەوەیەكیشدا، تەئكید: لەیەكڕیزیی و هاوهەڵوێستی هێزو لایەنە سیاسییەكان دەكەن، لەپێناو بەرگرتن لەهەر دۆخێكی نەخوازراو و شەڕی كورد لەدژی كورد.

پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ (١٠/٦/٢٠٢١) مەلا بەختیار و حاكم قادر، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی، پێشوازیان لە زەینەب موراد، هاوسەرۆكی كەنەكە و وەفدێكی هاوڕێی كرد، كە پێكهاتبوون لە د.حەكیم رزگار، زەینەب موستەفا‌و شۆڕش خدر، نوێنەرو ئەندامانی كەنەكە لەباشوری كوردستان.
لەكۆبوونەوەكەدا، زەینەب موراد، هاوسەرۆكی كەنەكە، سەردانەكەی بە تایبەتمەند‌و لەرەوشێكی تایبەت و دۆخێكی هەستیاردا ناوبردو ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، كە بەنیگەرانییەوە لەدۆخی ئێستا‌و لەشكركێشییەكانی توركیا‌و پێكدادانەكانی چەند رۆژی رابرودوو دەڕوانن.
ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، لەچوارچێوەی سەردانەكانیاندا لەباشوری كوردستان، لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵی كۆبوونەتەوە، بەئامانجی یەكهەڵوێستی‌و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو و پێویست، كە لەئاست دۆخی ئێستا‌و بەرگرتن بەتەنەشەكردنی رووداوە نەخوازراوەكانی چەند رۆژی رابردوودا بێت و وتیشی:
لەئێستادا پێویستە لەسەر هەموومان، ناكۆكییەكان وەلا بنێین‌و یەكڕیزو هاوهەڵوێستبین، بۆ رێگەگرتن لەخوێن ڕشتنی كورد بەدەستی كورد.
هاوسەرۆكی كەنەكە، نیگەرانی لەئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش، بەیارمەتیدەرو هاوكارزانی لەپێناو وەڵامدانەوەیەكی گونجاو بۆ ئەم دۆخە و دەربازبوونیش لێی.
لەلایەن خۆیشییەوە، مەلا بەختیار، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی،سەردانەكەو گفتوگۆكردنیش لەبارەی دۆخی ئێستا، بەگرنگ ناوبردو ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد:
ئەوەی گرنگە بوترێت، سیاسەتی یەكێتیی زۆر رۆشنە، هەر لەساڵەكانی (١٩٨٤)ەوە هەتا ئێستا،ئەو شەڕەی ئێستاش لەباكور لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، بەناڕەوا دەزانین ‌و بەرگری كوردیش، چ لەشاخ و چ لەشار، بەڕەوا دەزانین لەپێناو مافە دیموكراسییەكان.
تەئكیدی كردەوە: تەنانەت ئێستاش هەوڵ و دەستپێشخەرییە مێژووییەكەی سەرۆك مام جەلال-ی بۆ راگرتنی شەڕو چارەسەری سیاسی و ئاشتی لەتوركیا‌و باكوری كوردستانبە باشترین چارەسەرو بڕیار دەزانین، ئەگەرچی بەداخەوە حكومەتەكانی توركیا، بەزوویی ئەو پەنجەرەی مەرحوم تۆرگۆت ئۆزال كردبوویەوە، دایانخست!
رونیشیكردەوە: سەرەڕای كۆی هەوڵ‌و چالاكییە دیپلۆماسییەكان، پەرۆشییەكان، گۆڕانكارییەكانی سەردەمی جیهانگیری،بەڵام دەبینین، هێرشەكانهەر ماون‌و بەرگریش بەردەوام‌و دۆخەكەش لەئێستادا گەیشتۆتە قۆناغێكی ئاڵۆز و هەستیار.
مەلا بەختیار، پاشئەوەشی ئاماژەشی بەوەكرد، كە: پێمانخۆشە لیژنە هاوبەشەكەی پەرلەمانی عیراق‌و كوردستان، بگەنە بنچ و بنەوانی رووداوەكان ‌و بەرای رەسمی ئەنجامەكەی رابگەیەنن.
وەبیرهێنایەوە هەتا پێش كۆنگرەی چوارهەمیش، بە بەردەوامی لەهەوڵدا بووین ئاسایش و ئارامی، یەكڕیزی و هەڵوێستی نێوان هێزەو لایەنە سیاسییەكان بپارێزین، بەتایبەت لەنێوان پارتی دیموكرات‌و پەكەكە، چەندینجار لەهەوڵدابووین دۆخەكە نەگاتە ئاستێكی نەخوازراو.
جەختیشیكردەوە: نیگەرانین لەو دۆخەی ئێستا، چونكە تێكچوونی نێوان ئەو هێزو لایەنانە، زیانێكی گەورە لەگەلەكەمان‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەكەمان لەباكور‌و باشور و تەنانەت ئەزمونی باشوری كوردستانیش دەدات. هەربۆیە سیاسەتی یەكێتیی بەگشتی ئەوەیە كە ئەم كێشەیە نەتەقێتەوە.
جەختیشیكردەوە ئەوەی لەئێستادا بەپرسیارێتییەو گرنگە، سەبرگرتن‌و بەرگەگرتنە! بەپێچەوانەوە زوو بڕیاردانی هەر لایەك، پەشیمانی لەدوایەو زۆریش قورسە. هەربۆیە بەرگەگرتن لەپێناو دۆزینەوەی دەرگای چارەسەر و زمانی لێكتێگەیشتنە‌و وتیشی:
پەیامیشمان بۆ ئێوە ئەوەیە، ئەگەرچی دۆخەكە ئاڵۆزە، بەڵام نەتەوەیەكی بێ‌ ئەزموون نین كە دۆخی ئاڵۆزمان نەدیبێت، بگرە دۆخی ئاڵۆزمان زۆر دیوەو خوێنیشمان زۆر رژاوە، بۆیە ئەگەر ئەم هەموو ئەزمونەی هەمانە، ئەگەر بۆ ئێستاو چارەسەری كیشەیەكی ئاوا بەكاری نەهێنین‌و سودی لێوەرنەگرین، كەواتە ئەم هەموو ئەزمونەمان بۆچییە؟! بۆیە گوناهە ئەگەر ئەو ئەزمونە نەكەین بەدەرفەت بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی چارەسەری كێشەیەكی لۆكاڵی لەمشێوەیە.
راشیگەیاند: بەشبەحاڵی یەكێتی، پەیاممان بۆ ئێوەو پەكەكە ئەوەیە، دانبەخۆتاندا بگرن، هەروەك پەیامیشمان بۆ پارتی و جەنابی كاك مەسعود ئەوەیە، كە سەنگینی خۆیان لدەست نەدەن وبەدوای چارەسەردا بگەڕێن. چونكە هیچ رێگەیەكی تر نییە جگە لەرێگەی چارەسەر، جگە لەو رێگەیەش هەر رێگەیەكی تر بگیرێتەبەر، نەخوازراوەو ئاواتی هیچ كوردێكیش نییە، خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕژێت. هەمان پەیامی ئاشتەوایی و ئاشتەوایشمان بۆ توركیاو لەسەر ئاستی ناوچەكەو هەرێمایەتیش هەیە، كە تاقە چارەسەر لەتوركیاو لەباكور، هەر ئاشتییە. چونكە هەر چەكێكی كوشندەی سەربازیی و هەر پیلانێك دژ بەنەتەوەكەمان، نە بزوتنەوەی نەتەوەكەمان‌و نەگیانی شۆڕشگێڕێتی كورد هەتا هەتایە دانامركێنێتەوە، مێژووش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت. چونكە كێشەی كورد، كێشەیەكی رەوایەو هەر دەمێنێ‌، داینەمۆكەشی لەویژدانی نەتەوەكەماندا، داینەمۆی بەردەوامی خەباتە.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەشدا، حاكم قادر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: ئەززمونی شەڕی ناوخۆمان هەیە لەكۆنەوە تا ئێستا، هەربۆیە هەموومان دژی شەڕی ناوخۆین، چونكە شەڕێكی لەو شێوەیە زیانی گەورە بەدۆزی نەتەوەكەمان دەگەیەنێت، چ لەناوخۆ چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
هەروەك حاكم قادر، جەختی لەهەڵوێستی یەكێتی كردەوە، كە: دژی شەڕی ناوخۆو كوشتنی كوردین بەدەستی كورد‌و وتیشی: یەكێكیش لەكێشەكانی كە ئێستا هەمانە ئەوەیە كورد، هێزو لایەنە سیاسییەكان پەرتەوازەین، لەباشورو لەناوچەكانی تریش. هەربۆیە ئەو بەرنامەو پیلانانەشی كە دژی نەتەوەكەمان هەیە، زۆر رون‌و ئاشكرایە چ ئامانجێكی لەپشتەوەیە، كە زیان بەنەتەوەكەمان دەگەیەنێت.
هاوكات هەنگاو و هەوڵەكانی كەنەكەشی بۆ گفتوگۆ لەپێناو یەك هەڵوێستی و یەكڕیزی هێزو لایەنە سیاسییەكان و بەرگرتن بۆ هەر دۆخێكی نەخوازراو، بەگرنگ ناوبرد و پشتیوانیشی لەهەر هەوڵێكی لەو چەشنە كرد، لەپێناو ئەو دۆخە ئاڵۆزە.