جۆبایدن هۆشداری توند دەداتە ڤلادمیر پوتن

جیهان 10/06/2021


سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی G7 گەیشتە ناوچەی کۆرنواڵ لە بەریتانیا.
ئەمەش یەکەم گەشتی جۆ بایدن-ە بۆ دەرەوەی ئەمریکا و بڕیارە لە میانی گەشتەکەی بۆ کیشوەری ئەورووپا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجام بدات.
سەرۆکی ئەمریکا، دەربارەی ئەم کۆبوونەوەیە رایگەیاند "ئەو شتانەی پێدەڵێم کە پێویستە بیانزانێت".
جۆ بایدن جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا هەوڵ نادات لەگەڵ رووسیا، گرژی بکەوێتە نێوانیان و گوتی: "ئێمە پەیوەندییەکی سەقامگیرمان دەوێت، بەڵام ئەگەر حکوومەتی رووسیا هەر کارێکی نەرێنی ئەنجام بدات، ئەوا ئەمریکا بەشێوەیەکی پڕمانا و سەقامگیر وەڵامی دەداتەوە، ئەمەشمان لە ماوەی رابردوودا نیشانداوە".
سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی پابەندی واشنتۆن بە هاوپەیمانی ئەتڵەسی بڕ گوتی: "پابەندیمان وەک تاوێرەبەرد جێگیرە".

- گەشتەکەی بایدن بۆ بەریتانیا
سەرۆکی ئەمریکا لە ١٠ی حوزەیراندا کە یەکەم رۆژی گەشتەکەیەتی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن کۆدەبێتەوە و لە ١٣ی مانگیشدا چاوی دەکەوێت بە شاژنی ئەو وڵاتە ئەلیزابێس-ی دووەم.
جۆ بایدن، دوای بەریتانیا دەچێتە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا و بەشداری کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ دەکات کە بڕیارە لە ١٤ی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت.
لە میانی ئەم کۆبوونەوەیەشدا سەرۆکی ئەمریکا یەکەم کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام دەدات.
سەرۆکی ئەمریکا لە ١٥ی حوزەیراندا لە بڕۆکسل بەشداری لووتکەی ئەمریکا- یەکێتی ئەورووپا دەکات و لە ١٦ی مانگیشدا لە شاری جنێڤ لە سویسرا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆدەبێتەوە.