یەكێتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان خەریكی پێكهێنانی هاوپەیمانیە

ڕاپۆرت 08/06/2021

 
چاودێر: 

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا شاندی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق و باڵیۆزخانەی وڵاتاندا كۆبووەتەوە، بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەم گفتووگۆیانە بۆ دۆزینەوە و سازكردنی هاوپەیمانێتیی دوای هەڵبژاردنەكانە، بەتایبەت دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی سەدرییەكان گەیشتوون بە رێككەوتن بۆ هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردنەكان.

سەرچاوە سیاسییە عێراقییەكان ئاشكرایدەكەن، جموجۆڵەكانی یەكێتی لە دوای دەركەوتنی سەرەداوی رێككەوتنی كازمی، سەدری و بارزانییە، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش وەك هاوپەیمانێكی ستراتیژی ئێران پاڵی پێوەدەنێت بۆ نزیكبوونەوە لە بەرەی فەتح.

ئەم سەرچاوانە دەڵێن، ئێران هاوپەیمانێكی ستراتیژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە، بۆیە هاوكار دەبێت لە بنیاتنانی هاوپەیمانێتییەك لەگەڵ فەتح، دوای ئەوەی پارتی خۆی یەكلاكردەوە لە چوونە نێو بەرەی نەیارەكانی ئێران لە كازمی و سەدرییەكان.

پارتی خوازیاری هاوپەیمانێتییە لەگەڵ سەدرییەكان، بەڵام یەكێتی نزیكە لە هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا.

نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە دوای كۆبونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای یەكێتیدا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە هاوپەیمانین ئێستا و دوای هەڵبژاردنەكانیش، ئەوە تەنها لە ئەمڕۆوە نییە، دەمێكە ئێمە پێكەوەین.

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە، گوتی: ئێستا لایەنە شیعەكان زۆرترین سازش بۆ لایەنە كوردییەكان دەكەن لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا لەسەر بەرژەوەندییەكانی عێراق.

گوتیشی: هاوپەیمانی شیعەكان لەگەڵ پارتی یان یەكێتیدا ناكۆكی نێوان هێزە شیعەكان ناشارێتەوە كە لە هەموو لایەكەوە چڕبووەتەوە لەگەڵ دوو هاوپەیمانی كوردیدا.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نەیانتوانی هاوپەیمانی پێش هەڵبژاردن پێكبهێنن، بە دووریش دەزاندرێت دوای هەڵبژاردن بچنە هاوپەیمانێتییەكەوە، بۆیە ئێستا هەردوولایان خەریكی دروستكردنی هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردنن.

یەكێك لە خاڵەكانی جێ ململانێی پارتی و یەكێتی لە دوای هەڵبژاردن پۆستی سەرۆك كۆمارە، یەكێتی هەوڵدەدات ئەو پۆستە وەربگرێتەوە كە چەندین خولە بە دەستیەوەتی، پارتیش دەیەوێت ئەو شكستەی ئەم خولە رووی دا لە خولی داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی و سەرۆك وەزیران بۆ سەدرییەكان، نێوەرۆكی رێككەوتنی هەردوولایانە، بەڵام چاوەڕێناكرێت بەئاسانی ئەم هەنگاوەیان بۆ ببڕدرێـت دوای هەڵبژاردنەكان.