كازمی لاوازترین سەرۆكوەزیران دەرچوو

ڕاپۆرت 02/06/2021

چاودێر: 

 مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڕەشەی وازهێنانی لە پۆستەكەی كردووە تا نامەی وازهێنانەكەی بداتە سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ساڵح و سەركردە شیعەكان.

هەڕەشەكانی كازمی بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتەوەیە بەسەر گرووپ و میلیشیا شیعە چەكدارەكاندا لەكاتێكدا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، بەڵام ئەمە بۆ چەند جارێكە گرووپە چەكدارەكان هێرش دەكەنە سەر ناوچەی سەوز نمایشی سەربازی دەكەن و ماڵی كازمی و دامودەزگاكان گەمارۆ دەدەن، رێگری دەكەن لە سزادانی تۆمەتبارانی كوشتنی چالاكەوانەكان.

بەرپرسێكی پایەبەرز بۆ رۆژنامەی العرب گوتی: هێزە سیاسییەكان لە راوێژدان بە بەردەوامی لەو كاتەوەی چەكدارەكان لەناوچەی سەوز نمایشیان كرد، حكومەت رێگا نادات جارێكی ئەم نمایشە دووبارە بێتەوە.

گوتیشی: كازمی سەرۆك كۆمار و سەركردە شیعەكانی سەرپشك كردووە لە ئەوەی واز لە پۆستەكەی بهێنێت یان رێگا بدەن حكومەت لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانباران و گەندەڵان و ئەو كەسانەدا بكات كە كاری تیرۆرستی دەكەن و لەنێو حەشدی شەعبیدان.

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق كە نەیویستووە ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، گوتی: كازمی پلانێكی باشی پێشكەشكردووە گەل تێیدایەتی، گەل لەگەڵیدا دەبێت یان رێگای ئاژاوە هەڵدەبژێرن.

شرۆڤەكارێك گوتی: جێگەی سەرسوڕمان نییە كە كازمی گەیشتووەتە ئاستێك كە رایبگەیەنێت توانی ئیدارەدانی كاروباری دەوڵەتی نییە لە چوارچێوەی بوونی هێزێكی چەكدار لە دەرەوەی حكومەت.

گوتیشی: ئەم رەوشە پێوەندیی هەیە بە خۆبەستنەوەی ئەو گرووپە چەكدارانە بە ئێرانەوە.

عەلی روبێعی شرۆڤەكاری سیاسی گوتی: كازمی روانینی نییە بۆ كۆنترۆڵی دەزگاكانی دەوڵەت و دابینكردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و رەواییی حكومەت، ئەزموونی نییە، لاوازترین سەرۆك وەزیرانە لە دوای كوژرانی خۆپیشاندەرێك لە سەردەمی ئەودا.

نووسەری عێراقی مەسار عەبدول موحسین گوتی: بابەتی وازهێنانی سەرۆك وەزیرانەكان نوێ نییە، پێشتر عادل عەبدولمەهدی هەمیشە نامەكەی لە گیرفاندا بوو بەڵام نامەكەی دایە دامەزراوەی دینی نەك بۆ گەل.