د. سەروەر عەبدوڵڵا: شیعرەکانی تەڵعەت تاهیر، شیعرسازیی کوردی دەربازی قۆناغێکی تازە دەکات

رۆشنبیری 30/05/2021


چاودێر:
لە چەند رۆژی رابردودا، تەڵعەت تاهیر دوو کتێبی شیعری بڵاوکردەوە بە ناونیشانەکانی (ناوی تۆ ئیمزای منە) لەگەڵ (رۆژگاری وشک و چاوی تەڕ).
ئەم دوو کتێبە شیعریەی تەڵعەت تاهیر لە مەراسیمێکدا لە شاری سلێمانی و دواتریش لە شاری هەولێر بڵاوکرانەوەو لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازیەکی باشی لێکرا.
هەر سەبارەت بە شیعرەکانی تەڵعەت تاهیر، د. سەروەر عەبدوڵڵا، توێژەر و رەخنەگر، لە پێشەکی کتێبی (ناوی تۆ ئیمزای منە) بەم جۆرەی خوارەوە باسی شیعرەکانی تەڵعەت تاهیر دەکات:
تەڵعەت تاهیر لەم کۆمەڵە شیعرییەیدا، هێپۆتێزی پڕۆژەیەکى رەهەند تەواوی تازەکاری شیعری لەسەدەی بیست و یەکی ئەدەبی کوردیدا دێنێتە ئاراوە، بەشێوەیەک وەرچەرخانێکى ئاشکرا لە پڕۆسەی شیعرسازیى کوردیى هاوچەرخدا پێکدەهێنێت، تێکستەکانى لەداهێنانێکى بێوێنەو تەکنیکێکى ناوازەدا توانیویانە لەنەریتە شیعرییە داخراوەکان بترازێن و لە ئەندازەو دیزاینێکى تازەدا، مۆدیلێکى درەوشاوەی شیعریی بسازێنن، بەزمانێکى رەوان گوزارشت  لە گوزەری مرۆڤ و  وردەواڵەو گڕوگاڵ و خولیاو خەمەکانییەوە بکات و دواجار لە ئەزموونێکى بێهاوتادا سیتایلێکى شیعریى جیاوازی لێوە دروست بکات، لێرەوە پڕۆژەی ئەم تازەکارییە بەئیتیکێکى مرۆڤدۆستانەو فۆڕمسازییەکى تۆکمەوە، ئەزموونى شیعرسازی کوردی لە قۆناغە باوەکەیەوە دەربازی قۆناغێکى تازەی دەکات، ئەمەش بۆئەوەی فۆڕمی گوتارێکى واڵاتر وەربگرێت و رێساکانى شیاوی ئەوە بن لە پڕۆسەی شیعرنووسیدا پێڕەو بکرێن و دواجار بتوانن لە بەهایەکى ئەدەبیى لۆکاڵییەوەو بە ئاراستەی بەجیهانیبوونەوە گەشە بکەن.