كورسییەكەی كازمی لە بەردەم باهۆزی خۆپیشاندەراندا

ڕاپۆرت 26/05/2021

چاودێر:

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانیاری لەبارەی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق و بەردەوامی كردنەئامانجی چالاكەوانە سیاسیی و كاندیدە سەربەخۆكان، شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی عێراق دەستیانپێكردەوە، ئەمەش ئایندەی كازمی بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەبەن.

خۆپیشاندانەكانی دوێنێ كۆتاییهان هات بە كوژرانی 2 كەس و بریندار بوونی زیاد لە 150 كەسی دیكە.

خۆپیشاندانەكانی عێراق كاردانەوەی میدیا جیهانییەكانی لێكەوتەوە.

كەناڵی یۆرۆنیوز ئاماژە بەوە دەكات، خۆپیشاندەرانی عێراق دەیانەوێت رزگاریان بێت لە حیزبەكان و گەیشتن بە دیموكراسی راست نەك ساختە.

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە راپۆرتی خۆیدا باس لەوەدەكات، زۆرێك لە عێراقییەكان پێشبینی دەكەن پرۆسەی كوشتن لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان لەچوارچێوەی لاوازبوونی حكومەتدا بەردەوام بێت.

ئەم ئاژانسە ئاماژەی بەوەشكردووە، خۆپیشاندەران رێزەكانیان یەكخستووە لە ناڕەزایەتی تونددا بە ناوی "كێ كوشتمی" بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر سیستمی سیاسی و دادوەری.

رۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی دەڵێت كاندیدە ناحیزبییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق رووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن بوونەوە و حكومەتی عێراق توانای پارێزگاریكردنی لێیان نییە.

كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت 2 خۆپیشاندەر كوژراون، 150ی دیكەش لە گۆڕەپانی تەحریر بریندار بوون.

لای خۆیەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان فەرمانیكرد بەپەلە لێكۆڵینەوە بكرێت لە كوژرانی خۆپیشاندەران بە بەشداری وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی نێوخۆ.

كازمی پشتیوانی خۆشی بۆ خۆپیشاندانی هێمنانەی هاووڵاتیان نیشانداوە، داوای بە سزاگەیاندنی بەرپرسانیشی لە توندوتیژییەكان كردووە.

بەپێی راپرسییەك كە پەیمانگەیەكی ئەمریكایی سازیكردووە، رێژەی 78%ی عێراقییەكان متمانەیان بە كابینەكەی كازمی نییە.

ناڕازییەكانی كازمی لەنێو شیعەكاندا رێژەی بەرزترە، بەراورد بە كورد و سوننە، ئەمە جگە لە بوونی پلانی نهێنی هێزە شیعییەكان بۆ دژایەتیكردن  و هەوڵدان بۆ رووخاندنی كابینەكەی كازمی.

گرووپە چەكدارەكانی شیعە و حەشدی شەعبی تۆمەتبارن بە كوشتنی چالاكانی سیاسی، بۆیە ئەمڕۆ فەرماندەیەكی ئەم گرووپە بە تۆمەتی كوشتنی دوو چالاكەوان دەستگیركرا.

لە ماوەكانی رابردودا چەند جارێك هێزە ئەمنییەكان و گروپە چەكدارەكانی شیعە لە شەقامەكانی بەغدا رووبەڕووی یەكدی وەستاون لە پێكداهەڵپژانی سەربازی نزیكبوونەوە.