ماسۆنی و ئیخوان

رۆشنبیری 26/05/2021


حەمەسەعید حەسەن

(١)

ماسۆنی سەرەتا وەک فیکر هەبوو، لە ١٧١٧دا، لە لەندەن، بوو بە دەزگا. ( (Freemasonفری: ئازاد، مەیسن: بیناساز، فریمەیسن: کە کورد (فەرمەسۆن)ی پێ گوتووە، بە مانای بیناسازی ئازاد دێت. جێی سەرنجە، پاشناوی دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمین، (بەننا)یە: حەسەن ئەلبەننا (١٩٠٦- ١٩٤٩) بەننا: بیناساز!      (Freemasonry): ڕێبازی ماسۆنی: بزاڤێکی فیکری و سیاسییە، هەم بەرنامەی هەیە، هەم  ڕێکخستن، ئەو ئامرازەی بە هۆیەوە دەست بەسەر کۆمەڵدا، یان دروستتر بەسەر دونیادا دەگرێت، تەواو وەک ئیخوان موسلیمین کە تایبەت نییە بە وەڵاتێک یان جڤاکێک، بەڵکوو خەونی ئەوەی هەیە دەست بەسەر دونیادا بگرێت. ماسۆنی و ئیخوان، وەک سەرهەڵدان و ڕێکخستنی نهێنی و ئامانج، ئەوەندە لە یەک دەچن، هەر دەڵێیت دوو زەردێنەن لە یەک هێلکەدا، ئەوە بۆیە دەگوترێت: هەندێک لە دامەزرێنەرانی ئیخوان موسلیمین، ڕەگوڕیشەی ماسۆنییان هەیە.

ماسۆنی و ئیخوان، دوو ڕێکخراون، وەک دروشم و ئامانجیش لە یەک دەچن: داوای برایەتی، هاوسۆزی، ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی دەکەن. وەک ئاکار و شێوازی ژیان نزیکەی وەک یەک وان، هەر دوو لایان دین بۆ مەبەستی نادینی وەگەڕ دەخەن و سڵ لە هانابردن بۆ تیرۆر ناکەنەوە. ماسۆنییەکان لە سەرەتاوە، خۆیان وەک خێرخواز و ڕیفۆرمیست دەناساند و بانگەشەیان بۆ برایەتی و خۆشەویستی دەکرد، ئیخوانیش هەر وای کرد، بۆ بە شەوارەخستنی خەڵک، دەستی بە داوێنی دروشمی بریقەدارەوە گرت.

لە زەینی خەڵکدا تا ١٧٤٥یش، ماسۆنییەکان هەر وێنەیەکی پاک و بێگەردیان هەبوو، بەڵام کە لەو ساڵەدا پاپای ڤاتیکان، بە دژە مەسیح و کافر لە قەڵەمی دان و تۆمەتی بە لاڕێدا بردنی باوەڕدارانی دایە پاڵیان، ئیدی لەوە بە دواوە، بوونە جێی گومان، ئیدی خەڵک کەوتنە گەڕان بە دوای وەڵامی پرسیاری لە چەشنی: ماسۆنی چییە؟ چۆن ئیش دەکات؟ بۆ بەدیهێنانی کام ئامانج سەری هەڵداوە؟ ماسۆنی بزواتێکە ئایدۆلۆجیایەکی ڕوون و دیاریکراوی نییە و لەنێو تەمومژدا بە نهێنی کار دەکات. ماسۆنی بزووتنەوەیەکی هەشتپێیییە، لە زۆر جێی دونیادا و لە زۆر بواردا و بە ماسکی جیاوازەوە، چالاکی دەنوێنێت، چالاکیی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و وەرزشی.

ئیخوان لە ١٩٢٨دا، لە میسرەوەوە سەری هەڵدا و دواتر بۆ لیبیا، توونس، شام، عێراق، یەمەن، پاکستان، سوودان، وەڵاتانی کەنداو، سۆماڵ و گەلێک وەڵاتی دیکەیش پەڕییەوە. لە دونیادا هەر ڕێکخراوێکی ئیسلامیی، جیهادی، تەکفیری و ئیڕهابی پەیدا بووبێت، سەری لە گیرفانی پاڵتۆکەی ئیخوانەوە دەرهێناوە. ئەوە سەیید قوتبی (١٩٠٦ – ١٩٦٦) ئایدۆلۆجیستی ئیخوان بوو، دەربڕینی (زەبروزەنگی پیرۆز)ی داهێنا. ئیخوانیش وەک ماسۆنی، ڕێکخستنێکی نهێنی بوو، نووسینەوەی مێژووی ئەم یان ئەو ڕێکخستنی نهێنی، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە.

ماسۆنی: باوەڕێکی گشتگیرە، وەک پێکهاتە و ئامانج، لە بزاڤە فاشی و نازییەکان دەچێت. ماسۆنی و ئیخوان، دوو بزاوتی نانەتەوەیی و نانیشتمانیین، ڕێکخستنی نهێنی کۆیان دەکاتەوە. بزووتنەوەی ماسۆنی  لە کەسانی دەستەبژێر پێک دێت، ئەوانەی لە بوارەیلی فیکر، ڕۆشنبیری، سیاسەت، هونەر و زانستدا چالاکن، ئیخوان وەک سەرکردایەتی، کەسانی بژاردەن، بەڵام شوێنکەوتووانیان زیاتر سەر بە عەوامن.  ماسۆنی و ئیخوان، هەرچەندە وەک دروشم باسی هەق، خێر، ئازادی، برایەتی و دادپەروەری دەکەن، بەڵام ڕاستییەکەی دوو ڕێکخستنن پشت بە تیرۆر دەبەستن. هەر دوو لایان کە ئەندام وەردەگرن، لەوە ئاگاداری دەکەنەوە، کە سزای ناپاکی، کوشتنە. ماسۆنی و ئیخوان خراپ سوود لە سەندیکا و یانە و سەنتەرە جۆراوجۆرەکان دەبینن و لە خزمەتی ئامانجی خۆیاندا وەگەڕیان دەخەن.

ماسۆنی کە بزووتنەوەیەکی (نهێنی)یە، ئامانجە سەرەکییە (ئاشکرا)کەی، بریتییە لەوەی دونیا لە ڕووی ئاکارەوە بەرەو باڵایی دەبات، ئەم بایەخدانە بە ڕەوشت، لای ئیخوانیش پانتایییەکی زۆری داگیر کردووە. ماسۆنییەکان هەندێک سرووتی نهێنییان هەیە، ئیللا مەگەر ماسۆنی بیت، ئەگەرنا زەحمەتە هیچ لەبارەی ئەو سرووتانەوە بزانیت. ئەوەیش هەر زەحمەتە بتوانیت ببیتە ئەندام لە بزووتنەوەی ماسۆنیدا، ئاخر پێشەکی پێویستە بە چەندان فیلتەردا ڕەت ببیت. ئەو بنەما (عیرفانی)یانەی ماسۆنییەکان ڕەچاوی دەکەن، هێندە نهێنی و شاراوەن، مەگەر کەسانێکی کەم بیانزانن.

ئەو تەمومژە چڕەی لە دەوری بزووتنەوەی ماسۆنی ئاڵاوە، وای کردووە تۆمەتی زۆریان وەپاڵ بدرێت و خەڵکانی سەر بە دینە جۆربەجۆرەکان بە چاوی گومانەوە بۆی بڕوانن، ئاخر دین، ئیدی هەر دینێک بێت، ڕووی دەمی لە خەڵکە، بە چاوپۆشین لە پلە و پایە و جێپێی چینایەتی، ماسۆنی نەبێت، ئیش لەسەر بژاردە دەکات. وەک نموونە ئایینە ئیبراهیمییەکان، بەبێ هەڵاوێردن، قسە بۆ هەمووان دەکەن، عیسا بە شوێنکەوتووانی دەڵێت: (ئەوەی من بە نهێنی بە ئێوەی دەڵێم، ئێوە بە ئاشکرا بە هەموو کەسێکی بڵێن.)

لە سەرەتاوە بزووتنەوەی ماسۆنی داوای لە ئەندامانی دەکرد، (باوەڕ)یان بە خالیقی گەردوون و بە مەخلووقی باڵا هەبێت. ماسۆنی خوایەکی تایبەت بە خۆی نییە، ئەندام سەر بە کام ئایین بێت، ملکەچی خوای ئایینەکەی خۆی دەبێت. بزاڤی ماسۆنی کە خوا بە (ئەندازیاری هەرە گەورەی گەردوون) دەزانێت، ئەوەی بە لاوە گرنگ نییە، ئەندام سەر بە کام ئایینە، لەمێژە ماسۆنی دەتوانێت مولحیدیش بێت، بە پێچەوانەی ئیخوانەوە، کە لە غەیری ئیسلام، هیچ دینێکی دیکە، لە کەس قەبووڵ ناکات. (ومن یبتغ غیر الإسلام دینا فلن یقبل منە. ئال عومران ٥٨) لۆگۆی ماسۆنی، کە ڕەمزە بۆ خوا، بۆ (ئەندازیار)ی هەرە گەورەی گەردوون، لە پەرگاڵ و گۆشەی وەستاو پێک هاتووە کە لەناویاندا حەرفی (G) هەیە. حەرفەکە هەم حەرفی یەکەمی God خوایە، هەم حەرفی یەکەمی Geometry یە کە بە مانای (ئەندازە) دێت.

وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەوەی بە پلەی یەکەم ماسۆنییەکان کۆ دەکاتەوە، ئایینێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو (برایەتی)یەکە پشتی بەو بەها باڵایانە قایمە کە کرۆکی مرۆڤایەتی پێک دەهێنن. چونکە ئەو بەها باڵایانە، تایبەت نیین بەم یان بەو دین، بۆیە بزاڤی ماسۆنی دەرگای بە ڕووی کەسانی سەر بە ئایینە جیاوازەکاندا کراوەیە و لە مۆدێرنێتە بەدواوە پێشوازیی لە کەسانی لادینیش دەکات. پیاوانی ئایین، ئیدی سەر بە هەر دینێک بن، بە چاوی گومانەوە سەرنجی بزووتنەوەیەک دەدەن، کەسانی مولحید و لادین* لە ڕێزەکانی خۆیدا جێ بکاتەوە. ئیخوان لە (برایەتی)یەوە هاتووە کە ماسۆنی بانگەشەی بۆ دەکات.

گوایە ماسۆنی، بزووتنەوەیەکی سیاسی نییە، ئەگەر ئەندامێکیشی سەر بە حیزبێکی سیاسی بێت، ئەوە چالاکییەکی تایبەتە بەو ئەندامە و پێوەندیی بە ماسۆنیبوونییەوە نییە، چونکە ئامانجی ماسۆنی پتەوکردنی لایەنە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتییە، بە مەبەستی بەرەو پێش بردنی دونیا. وەک تیۆری ماسۆنی پێی وایە، دابەشبوونی کۆمەڵ بەسەر حیزبە جیاوازەکاندا، لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا نییە، بەڵام وەک پراکتیک زۆر لە دەسەڵاتدارانی دونیا، هاوزەمان سەر بە حیزبە جیاوازەکانن و سەر بە بزووتنەوەی ماسۆنیشن. پیاوانی ئایین، (بە ئاشکرا) وەک ئامرازێک بۆ گەییشتن بە دەسەڵات، سوود لە دین دەبینن، بەڵام ماسۆنی بۆ بەدیهێنانی ئامانجی بزووتنەوەکەی، پێوەندیی خۆی بە ڕێکخستنی ماسۆنییەوە، (بە نهێنی) دەهێڵێتەوە.

ئایین ڕێکخستنێکی بەرینە، خەڵکێکی زۆری تێدا کۆ دەبێتەوە، باوەڕی پیرۆز و بەها و سرووتی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەو باوەڕ و بەها و سرووتانە، لەم نەوەوە بۆ ئەوە نەوە دەگوێزرێنەوە، ئەم پێناسەیە بۆ بزاڤی ماسۆنییش دەست دەدات. وەک چۆن ئایین بە گشتی پیاوسالارە و پۆستی گرنگ و باڵا بە ژن ڕەوا نابینێت، بزووتنەوەی ماسۆنی لەو بوارەیشدا لە دین دەچێت، کەچی ماسۆنی هەیە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە: (ماسۆنی، نە دینە، نە ئەڵتەرناتیڤی دینە، بەڵکوو جۆرێکە لە ڕەوتار، لەگەڵ هەموو ئایینێکدا دەگونجێت و تەواوکەری ڕێنوێنییە دینییەکانە.) ماسۆنیی وایش هەیە، دەڵێت: (بەبێ دوودڵی دەڵێم: بزووتنەوەی ماسۆنی پڕ بە مانای دەربڕینەکە، دەزگایەکی دینییە، ئەگەرنا پیاوچاکان لە دەوری خڕ نەدەبوونەوە.)

کەنیسەی کاسۆلیک لێ ناگەڕێت، کریستیان، ماسۆنی بێت، سەرپشکی دەکات لەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵام کەنیسەی پرۆتستانت پێی ئاسایییە، کریستیان، ماسۆنی بێت. لای ئیسلام ماسۆنیبوون دەرچوونە لە دینی موحەممەد و باوەڕهێنانە بە دینێکی دیکە، با ماسۆنییەکان بانگەشە بۆ ئەوەیش بکەن ماسۆنی ئایین نییە، بڵاوکردنەوەی بەهای باڵایە و هیچی تر. بزووتنەوەی ماسۆنی بە پێچەوانەوەی دینەوە، بایەخێکی ئەوتۆ بە پێوەندیی نێوان خوا و ئینسان نادات، بۆیە زیاتر لە ڕێکخستنێکی لادینیی نهێنیی دەچێت وەک لە بزووتنەوەیەکی دینی، هەرچەندە لە ململانێ دینی و فیکری و سیاسییەکاندا بێلایەن نییە.

کە حەسەن ئەلبەننا سەردانی سعوودستان دەکات و بە دیداری شا عەبدولعەزیز شاد دەبێت، شا پێی دەڵێت: حەسەن! هەموومان براین و هەموومان موسوڵمانین، ئیدی چ پێویستمان بە ئیخوان موسلیمین هەیە؟ ئەوەی شا نەیدەزانی، ئەوەبوو، لە حەسەن وابوو، تەنیا ئەوانە موسوڵمانن کە سەر بە ڕێکخستنی ئیخوانن، باقیی موسوڵمانان گومان لەوە هەیە، سەر بە ئیسلام بن، یان هیچ نەبێت باوەڕیان لاوازە، گوایە لەبەر ئەم هۆکارە، (حەسەن) ئیخوانی (بینا) کردبوو، ئیخوانێک کە قاعیدە و داعشی لێ دەکەوێتەوە، ئاخر هەم عەبدوڵڵا عەزامی دامەزرێنەری قاعیدە و هەم ئەبووبەکر بەغدادیی دامەزرێنەری داعش، کۆنە ئیخوان بوون.

(٢)

یەکێک لە چەکە کوشندەکانی دەستی ئیخوان ئەوەیە، ئەوی بەرهەڵستکاریان بێت، تۆمەتی دژایەتیکردنی ئیسلامی وەپاڵ دەدەن. ڕاستە ئیخوان وەک فیکر و باوەڕ کۆپیی ماسۆنی نییە، بەڵام وەک ئامانج و پەیکەری ڕێکخستن و شێوازی کاری نهێنیی گومانلێکراو، تەواو لە بزاڤی ماسۆنی دەچێت. چونکە ماسۆنی وەک ڕێکخستن، دوو سەدە زیاتر بەر لە ئیخوان دروست بووە، بۆیە ئەوە ئیخوانە، لاسایی ماسۆنی دەکاتەوە. بەگوێرەی قسەی سەروەت ئەلخەرباوی (کە یەکێک بوو لە ڕێبەرانی ئیخوان و کە لێیان هەڵگەرایەوە  دوو کتێبی: دڵی ئیخوان و نهێنیی پەرستگە، لە دژیان نووسی،) حەسەن ئەلبەننا ئیخوانی لەسەر شێوەی ڕێکخستنی ماسۆنی پێک هێناوە.

ئیخوانیش وەک ماسۆنی، ڕێکخستنێکی تەمومژاوییە و ناوی ئەندامانی ئاشکرا ناکات.
ئیخوانیش وەک ماسۆنی ڕێکخستنێکی قووچەکییە و ئەندامانی بنەوەی، نابینایانە و بەبێ چەندوچوون گوێڕایەڵی سەرووی خۆیان دەبن.
ئیخوانیش بە هەمان سرووتگەلی ماسۆنی، ئەندامی نوێ تەڵقین دادەدات و مەشقی پێ دەکات.
ئەندامی تازەی ئیخوانیش وەک هی ماسۆنی، لە ژوورێکی تاریکدا، بە دەم سوێندخواردنەوە بەڵێن دەدات کە ئەگەر وازی لە بزاڤەکە هێنا، یان ناپاکیی لێ کرد، خوێنی حەڵاڵ دەبێت.
ئەندام لای ماسۆنی بە سێ پلەدا ڕەت دەبێت: تازەکار، ئەهلی کار، لێزان. ئەندام لای ئیخوان بە پێنج پلەدا ڕەت دەبێت: دۆست، لایەنگر، برا، برای کارا، برای جیهادکار.

موحەممەد ئەلغەزالی کە مەرجەعێکی باڵای ئیخوان بوو، دەیگوت: ماسۆنییەکان لەڕێی سەیید قوتبەوە، دزەیان کردە ناو ئیخوانەوە. بە قسەی ئەلغەزالی: ئیخوان سەرەتا خەریکی بانگخوازی و ڕێنوێنی بووە، سەیید قوتب کردوویە بە ڕێکخستنێکی سیاسیی مەترسیدار، ڕێخکستنێک ڕووخاندنی ڕژێمە عەرەبی و ئیسلامییەکان بە ئامانج بگرێت و هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی خەلافەت بدات. ماسۆنییەکان لە میسر هەم ڕێکخستنیان هەبوو، هەم ئۆرگان، سەیید قوتب یەکێک بوو لە نووسەرانی ڕۆژنامەی (التاج المصري) کە زمانحاڵی ماسۆنییەکان بوو. (بۆچی بووم بە ماسۆنی؟) ناونیشانی گوتارێکی سەیید قوتبە کە ٢٣ی نیسانی ١٩٤٣دا لە ئۆرگانی ماسۆنییەکان: (التاج المصري)دا، بڵاو بووەتەوە، تێیدا دەڵێت: (بۆیە بووم بە ماسۆنی، چونکە هەستم کرد، دەرمانی دەردی مرۆڤایەتی لە ڕێبازی ماسۆنیدایە.) لماذا صرت ماسونیا؟ لەبری ناوی سەیید قوتب نووسراوە: حضرة الأدیب الفاضل صاحب الإمضاء. لای ماسۆنی و ئیخوان ئەوە باوە، ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیانەوە نووسین بڵاو ناکەنەوە.

ئەبو ئەعلای مەودوودی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) کە ئیسلامییەکی توندڕۆی هیندی بوو، گوتبووی: (لە هیند هەموو شتێک دەپەرستن خوا نەبێت، ڕووبار دەپەرستن، خۆر دەپەرستن، تەنانەت مانگایش!)(*) سەیید قوتب بە هەمان شێوە، خەڵکی میسری کافراند، گەرچی خەڵکی میسر تەنیا خوایان دەپەرست، هەرچەندە نینسان ئازادە چی دەپەرستێت. هەرچەندە سەیید قوتب باجی توندڕۆییی خۆی دا، بەڵام لەدوای خۆیەوە لەشکرێک لە شاگردی لە خۆی توندڕۆتری بەجێ هێشت کە لەمێژە میسر بە دەستیانەوە گیرۆدەیە.

ئەو پێوەندییەی لای ماسۆنی و ئیخوان، لە نێوان ئەندام و بەرپرسەکەیدا هەیە، وەک ئەو جۆرە پێوەندییە وایە کە لە حیزبە فاشییەکاندا هەیە. لە بزاڤی وادا، نە بوار بۆ داهێنان هەیە، نە ئازادیی فیکر، ئەندام وەک ئامێری لێ دێت، فەرمان جێبەجێ دەکات و هیچی تر. ئەوە ئیخوانە و بە پارەی لە (قەتەر)ەوە هاتوو، جارێک بە ناوی قاعیدەوە لە نیویۆڕک و کەڕەتێک بە ناوی داعشەوە لە پاریس دەست دەوەشێنێت. نزیکەی چی سەنتەری ڕۆشنبیریی ئیسلامی و چی مزگەوت لە ئەورووپادا هەن، بنکەی چالاکییەکانی ئیخوانن، کە بە ئاشکرا خۆیان نەرمونیان پیشان دەدەن و لە بنەوە خەریکی کاری تیرۆرن. تۆتالیتاریزم چ وەک ڕژێمی تاکحیزبی و چ وەک ئایدۆلۆجیا، سەردەمی بەسەر چووە، تەنیا لای ئیخوان نەبێت.

ماسۆنی کە وەک دامەزراوە ١٧١٧ لە لەندەن پێک هات، هەر زوو دەستی گەییشتە دونیای ئیسلام، ئاخر ١٧٣٢ بە دەستپێشخەریی مەحفەلی ئینگلیزی، مەحفەلی ماسۆنی لە فەلەستین و لە ئەنادۆڵیش دامەزرێنران. سەرەتا ماسۆنییەکانی دونیای ئیسلام بریتیبوون، لە دیپلۆمات و بازرگانی ئەورووپایی، ئەوسا بە دەگمەن موسوڵمانی ماسۆنی هەبوو، ئەویش ئیللا مەگەر کەسێکی دەستڕۆییشتوو بووایە. لە سەدەی نۆزدەیەم بەو لاوە، ژمارەیەکی زۆر لە موسوڵمانی سەر بە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، لە بەیرووت و قاهیرە دەچنە ڕیزی ماسۆنییەکانەوە.

موسوڵمانانیش وەک کریستیان و جوو، بە بزاڤی ماسۆنی سەرسام دەبن و گوایە بە مەبەستی (خەبات لە دژی ستەم و زۆرداری،) دەچنە ڕیزەکانییەوە. ماسۆنییەکان ڕۆڵی گرنگیان لە ڕووداوەکانی ئێران، تورکیا و هیندستاندا وازی کردووە. لە ئیمپراتۆریای عوسمانی، نامیق کەمال، لە لوبنان، شێخ ئەرسەلان و لە میسر، جەمالەددینی ئەفغانی ماسۆنیی چالاک بوون. بە ناوی تێکۆشانەوە لە دژی نەزانی، ماسۆنییەکان لە ئیستانبول، توونس، ئەسکەندەرییە و تەنجە گەلێک قوتابخانەیان دامەزراند کە خوێندن تێیاندا بەبێ بەرانبەر بوو.

یەکەم مەحفەلی ماسۆنی لە دونیای ئیسلامدا، ١٨٦٤ لە میسر دامەزرا. لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، سعوودستان و جەزائیر لێ دەربچێت، لە وەڵاتە عەرەبییەکانی دیکەدا، ماسۆنییەکان مەحفەلیان هەبوو. کە لە ١٨٧٧ بەدواوە، مەحفەلە گەورەکانی ماسۆنی جاڕی عەلمانیبوونی خۆیان دا، ئیدی هەم جوو، هەم موسوڵمانیش چوونە ڕیزەکانیانەوە. ئیدی ماسۆنی کە جاران وەختی بوون بە ئەندام، تەنیا بە ئینجیل سوێندی دەخوارد، دەیتوانی بە قورئان، یان بە تەوراتیش سوێند بخوات. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، ماسۆنییەکانی خۆرهەڵاتی ناوین، دەکەونە بەر زەبری کوشندە و ڕێکخستنەکانیان قەدەغە دەکرێن.

جۆزیف ماترینی (١٨٩٥ - ١٨٧٢) کە یەکێک بوو لە قوتبە دێرینەکانی ماسۆنی، دەیگوت: (نهێنی لای ئێمە هێندە پارێزراوە، ئەوی (لێزان)ێک دەیزانێت، لێزانێکی دیکە، یان کەسێکی خوار خۆی نایزانێت.) هەر دەڵێێت باسی ڕێکخستنەکانی ئیخوانی کردووە! ئەوە ئاسان نییە، پەردە لە ڕووی پێوەندیی نێوان ئیخوان و ماسۆنی لا بدەین، ئاخر بزاڤی ماسۆنی کە بە دونیادا بڵاو بووەتەوە، هێندە نهێنییە، تەنانەت نەندامە باڵاکانیشی یەکدی ناناسن. بەهاری عەرەبی بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی نیخوان بەشێکە لە ڕێکخستنەکانی ماسۆنی؟ ئاخر لە توونس، میسر، لیبیا و سووریا، ئەوە جەماوەری ئازادیخوازبوو، ڕاپەڕینی کرد، کەچی لە سەرەتاوە دەسەڵات کەوتە دەست ئیخوان و لق و پۆپەکانی.

ئیخوانیش وەک ماسۆنی ڕێکخستنێکی پتەوی نهێنیی تێکدەری تیرۆریست و تەمومژاوییە، کۆششی بۆ ئەوەیە سەرەتا دەست بەسەر وەڵاتانی ئیسلامدا بگرێت و دواتر ئەگەر پێی کرا دونیا بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. چۆن بزانین ئیخوان هەمان ڕێچکەی ماسۆنیی گرتووە؟ کتێبەکەی سەروەت ئەلخەرباوی: نهێنیی پەرستگە، بەڵگەیەکە یارای ڕەتکردنەوە نییە، ئاخر ئەلخەرباوی خۆی ڕێبەرێکی دێرێنی ئیخوان دەبێت و کە وازیان لێ دەهێنێت، ئەو کتێبە دەنووسێت. بۆچی ئەم یان ئەو ڕێکخستن نهێنییە؟ چونکە جیاوازە لە کۆمەڵ، چونکە جیاوازە لە دونیا، چونکە هەم فیکری نائاساییی هەیە، هەم ئامانجی نامۆ. ڕێکخستنە نهێنییەکان ئەگەر هاوفیکریش نەبن، هەر بە هەمان مێتۆد کار دەکەن.

کەی بیرۆکەی ماسۆنی سەری هەڵدا؟ پرسیارێکی سەختە، ئاخر لەو بارەیەوە گەلێک بۆچوونی جیاواز هەیە. هەیە پێی وایە، ئادەمی باوکی مرۆڤایەتی خاوەنی بیرۆکەی ماسۆنییە. هەیە دەیباتەوە بۆ سەردەمی فیرعەونەکان، هەیە دەیباتەوە بۆ سەروەختی شا سولەیمانی حەکیم، هەیە پێی وایە، کاهینەکانی جوو، بۆ بەرگریکردن لە بڵاوبوونەوەی دینی مەسیح، ساڵی ٣٣ی زایین دایانهێناوە. وەک چۆن ماسۆنی مێژوویەکی ڕوونی نییە، ئیخوانیش هێشتا هەوڵی نووسینەوەی مێژووی خۆی نەداوە، هەرچەندە چەندان جار سەرکردەکانی سۆزیان داوە، دیرۆکی بزاڤەکەیان بنووسنەوە. وەک چۆن لە ئۆقیانووسدا شاخی سەهۆڵین هەیە، ئەو بەشەی کە دیارە، بچووکترە لە بەشە نادیارەکەی، مێژووی ماسۆنی و ئیخوانیش هەر وان.

ماسۆنی کە بڕیاری دا، بێجگە لە بیناسازانی دامەزرێنەر، کەسانی تریش لە بژاردە لەسەر ئاستی دونیا لە ڕیزەکانیدا وەربگرێت، ئیدی ئامانجی ئاشکرابوو کە نیازی ئەوەی هەیە دەست بەسەر دونیادا بگرێت، ئاخر ڕەنگە لە سێ سەدەی ڕابردوودا، بە دەگمەن سەرۆکی وەڵاتێک، یان کەسێکی کاریگەر هەبووبێت، کەم و زۆر پێوەندیی بە بزاڤی ماسۆنییەوە نەبووبێت. لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە، ماسۆنییەکان بۆ بەرگرتن لە تەشەنەکردنی هەژموونی سۆڤییەت، کەوتنە دامەزراندن و بەهێزکردنی حیزبەیلی ئیسلامی. ئیخوانیش وەک ماسۆنی ددان بە سنووری نێوان وەڵاتاندا نانێت، ئەوە نەبوو، (موحەممەد عاکیف)ی ڕێبەری ئیخوانی میسر، گوتی: ئاسایییە بە لامانەوە مالیزییەک حوکممان بکات، بە مەرجێک سەر بە ئیخوان بێت! ئەوە نییە ئیخوانەکانی لای خۆمان، کوردستان خاپوور بکرێت، مێشێک میوانیان نییە، بەڵام بۆ نسکۆیەکی ئیخوان، لە هەر کوێی دونیا بێت، دەڕژێنە سەر شەقام!

ناپلیۆن دەیگوت: (ئەوی فەرماڕەوای میسر بێت، فەرمانڕەوای دونیایە.) لەمێژە ئەمریکا و بریتانیایش چاوێکیان هەر لە میسرە و لەڕێی بزاڤی ماسۆنییەوە، لە هەوڵی جڵەوکردنی ئیخواندان، تا بەهۆی ئیخوانەوە میسر بەرزەفت بکەن. ئایا ئەوە جێی سەرنج نییە میشیل عەفلەقی دامەزرێنەری بەعسی عەرەبی، کریستیان و حەسەن ئەلبەننای دامەزرێنەری ئیخوانی موسوڵمانان، جوولەکە بێت؟ عەبباس مەحموود ئەلعەققاد (١٨٨٩ - ١٩٦٤)ی گەورە نووسەر و بیرمەندی میسر، لە ٢ی ١ی ١٩٤٩دا لە ڕۆژنامەی (ألأساس)ی میسریدا دەنووسێت: (ئیخوان ئەو نهێنییە نازانن کە دامەزرێنەرەکەیان جوولەکەیە، لە دایک و باوکێکی جوولەکەیە کە لە مەغریبەوە بۆ میسر هاتوون، لەگەڵ هاتنیاندا جوولەکەکانی میسر بە هانایانەوە دەچن و ئیش و نشینگەیان بۆ دابین دەکەن. حەسەن لە (بحەیرە)ی جوونشین لە دایک دەبێت و ماسۆنییە جووەکانی میسر، پاشناوی ئەلبەننای پێ دەبەخشن، ئەوەیش ڕوونە کە ماسۆنییەکان خۆیان بە بیناسازە ئازادەکان ناوزەد دەکەن و (ماسۆن Mason) بە مانای بەنا، وەستای دیوار و خانوو دێت، هەرچەندە باوکی حەسەن، بەنا نەبوو، سەعاتچی بوو، بۆیە دەبوو پاشناوەکەی ساعاتی بووایە، نەک بەننا!)(**)

بۆچی لە قورئاندا بایەخێکی زۆر بە چیرۆکی بەنی ئیسرائیل دراوە و لە چەندان سوورەتدا باسیان کراوە؟ حەسەن بەننا لە وەڵامدا دەڵێت: (چونکە قەومێکی بەخشندە بوون، چونکە قەومێکی زیندوو بوون، چونکە ستەمێکی زۆریان لێ کرا، چونکە میراتگری یەکەمین کتێبی ئاسمانیین، کە تەوراتە.) ئایا هیچ جوویەک لەوە باشتر بە قەومەکەی خۆیدا هەڵدەڵێت، وەک دامەزرێنەری ئیخوان لە (حدیث الثلاثاء)دا ستایشی کردووە؟ حدیث الثلاثاء (دەرس)ێک بوو هەفتانە بەننا بە ئەندامانی ئیخوانی دەگوتەوە، دواتر دەرسەکان کۆ کرانەوە و وەک کتێب چاپ کران.

(٣)

بزاڤی ماسۆنی هەوڵ دەدات لە هەموو وەڵاتێک تابووری پێنجەمی هەبێت، چاو دەگێڕێت بزانیت کام کەسی گرینگ، تووشی سەرلێشێواوی فیکری هاتووە، ئیشی لەسەر دەکات، بۆ ئەوەی وەک تابووری پێنجەم بەگەڕێ بخات. لە ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوودا، سەیید قوتب کە ناودارترین کادیری ئیخوان دەبێت، لاقی بەو تەڵەیەوە دەبێت کە بزاڤی ماسۆنی بۆی دەنێتەوە، ئاخر ڕۆژنامەی (التاج المصري) کە ئۆرگانی ماسۆنییەکانی میسر بوو، نووسینی کەسانی غەیرە ماسۆنیی بڵاو نەدەکردەوە. سەیید قوتب بۆ خوێندن ڕەوانەی ئەمریکا دەکرێت و دوو ساڵی لێ دەمێنێتەوە، لەوێوە وەک ماسۆنییەکی عەیاری قورس دەگەڕێتەوە.

پاراستنی نهێنی لای ئیخوانیش وەک لای ماسۆنی، یەکێکە لە پرەنسیپە گرینگەکان، ئەوەی لە نێوان دوو ئیخواندا ڕوو دەدات لە غەیری ئەو دووانە نابێت کەسی دیکە بیزانێت، با ئەو کەسە تەواو نزیکیش بیت لێیانەوە. (نهێنییەک خۆت نەیپارێزیت، کەسی دیکە بۆت ناپارێزێت، دەبێت لەگەڵ مردنی خۆتدا، نهێنییەکانیش ببەیە گڵەوە!) ئەمە یەکێکە لەو وەسێتانەی ماسۆنی و ئیخوان، بۆیان نییە بە موو لێی لا بدەن. پاراستنی نهێنی بە پلەی یەکەم دێت، با لە هەموو ڕوویەکیشەوە جێی ڕەزامەندیی مەحفەل یان جەماعە بیت، ئەگەر نهێنی پارێز نەبێت، متمانە لە دەست دەدەیت. حیزبێک نیازی پاک بێت و بۆ بەرژەوەندیی گشتی کار بکات، لایەنی نهێنی و شاراوەی نابێت.

ئیمیل ئەمین دەڵێت: (ئیخوان دەنگدانەوەی هاواری ماسۆنییە و هەر وایش دەمێنێتەوە.)  ماسۆنی و ئیخوان هەردوو لایان ئەندامی هەڵگەڕاوە و نهێنی درکێن بە مەرگ سزا دەدەن، هەردوو لایان سەرەتا هەوڵی شێواندنی ناوبانگی قوربانی دەدەن و دواتر دەیکوژن، ماسۆنی بە شمشێر، ئیخوان  بە دەمانچە. لایەنێکی دیکەی هاوبەشی ماسۆنی و ئیخوان ئەوەیە، هەم بایەخ بە میدیا دەدەن و هەم هەوڵی کڕینی ویژدانی ڕاگەیاندنکار دەدەن، بۆ ئەوەی سەروەختی زڕاندنی ناوی قوربانی، سوودیان لێ ببینن. موستەفا ئەلسەباعی ڕێبەری ئیخوانی سووریا کە بە (میانڕۆ) ناسراوبوو، دەڵێت: (ئەگەر ویستمان یەکێک بڕووخێنین، کارێکی پێ دەکەین، مۆساد ناتوانێت پێی بکات.) ئیخوانەکانی کوردستان بۆ زڕاندنی ناوی نەیارانیان سوود لە لڤین وەردەگرن.

ئەوی دەبێت بە ئەندامی ماسۆنی، لە ئەتمۆسفیرێکی سەیر و ترسناکدا، بە چاو بەستراوی دەیبەن بۆ لای سەرۆک، کە پەڕۆ لەسەر چاوی لا برا، دەبینێت چەند شمشێرێک دەوری ملیان داوە. مەحموود عەساف کە سکرتێری حەسەن ئەلبەننا بوو، دەڵێت: کە ١٩٤٤ چووم بۆ ئەوەی بەیعەت بدەم، بۆ ژوورێکی تاریکیان بردم، کەسێک کە لەبەر تاریکی نەدەناسرایەوە، لە دوای مێزێکی نزمەوە چوارمەشقی دانیشتبوو، لەسەر مێزەکە قورئانێک و دەمانچەیەک هەبوو، کە کەسەکە داوای لێ کردم سوێند بخۆم، ئیش بۆ سەرخستنی ئیسلام دەکەم، بە دەنگیدا ناسیمەوە، دامەزرێنەری  ڕۆژنامەگەریی ئیخوان: ساڵح عەشماوی (١٩١١- ١٩٨٣)  بوو.

یوسف ئەلقەرزاوی، (ئیخوان)ی لە میسر هەڵاتوو کە بە شێخی فیتنە ناوی ڕۆیشتووە، لە کتێبی: (سیرة و مسیرة)دا دەڵێت: (ئیخوان کەسێکیان خۆش بوێت، بۆ حەوتەمین تەبەقەی ئاسمان بەرزی دەکەنەوە، ڕقیان لێی بێت، دەیبەن بە ناخی ئەرزدا.) ئەبوو ئەلعەلا مازی کە پارێزەرێکی کۆنە ئیخوانە دەڵێت: (ڕەوتی ئیسلامی نەک هەر ناوبانگی ئەم و ئەوی دەزڕاند، بەڵکوو سڵی لە تیرۆکردنی نەیارانیشی نەدەکردەوە، بۆیە پێویستە بەر لەوەی ڕەخنە لە کەس بگرین، لە خۆمانی بگرین.)

گەلێک لەو سەرکردانەی ئیخوان کە بزاڤەکیان بەجێ هێشتووە، باسی پێوەندیی نێوان ماسۆنی و ئیخوانیان کردووە، سەروەت ئەلخەرباوی، کۆنە سەرکردەی ئیخوان، لە کتێبی (نهێنیی پەرستگە)دا دەڵێت: (ئیخوان ئەگەر بەشێکیش نەبێت لە بزاڤی ماسۆنی، ئەوا لە ڕێی سەرکردەکانییەوە، پلانی ماسۆنییەکان جێبەجێ دەکات.) ماسۆنی و ئیخوان وەک یەک سوودیان لە مەکیاڤیللی (١٤٦٩ - ١٥٢٧) بینیوە، ئاخر هەردوو لایان بۆ گەییشتن بە ئامانج، سڵ لە گرتنەبەری هیچ ڕێگەیەک ناکەنەوە و هانا بۆ هەموو ئامرازێک دەبن. عەبدوڵڵای دووەمی شای ئوردن، لە گوتوبێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس (جێفری گۆڵدبێرگ)دا، بۆ گۆڤاری ئەتلانتیک، دەڵێت: (ئیخوان گورگن لە پێستی مەڕدا، بەشێکن لە ماسۆنییەکان، تەنیا وابەستەی ڕێبەری گشتیی خۆیانن و هیچ داوێک نایانبەسێتەوە بە نیشتمانەوە.)

ئایا ئەوەی شێوازی کاری ئیخوان لە زۆر ڕووەوە لە هی ماسۆنی دەچێت، ڕێکەوتە، یان زادەی کاریگەرییەتیی دەستەی یەکەمە لە ڕێبەرانی ئیخوان کە پێوەندییان بە ماسۆنییەوە پتەوبوو؟ بەگوێرەی ڕای ئاشکرای ئیخوان، ماسۆنی: ڕێکخستنێکی یەهوودی، جیهانی، نهێنی، تەمومژاوی و تیرۆریستە، بەرەڵایی و بێدینی بڵاو دەکاتەوە و هەوڵ بۆ ئەوەیش دەدات جوولەکە دەست بەسەر دونیادا بگرێت، ئەوەیشی دروشمگەلی وەک ئازادی، برایەتی و یەکسانی بەرز دەکاتەوە، بۆ فریودانی خەڵکە. بەڵام ئەم پێناسەیەی ئیخوان بۆ ماسۆنی، بەس نییە بۆ ئەوەی، چاوپۆشی لە پێوەندیی پتەوی نێوان ئیخوان و ماسۆنی بکەین، چونکە بۆ چاوبەستە.

سەرهەڵدانی ماسۆنی لە میسر، بۆ ئەو وەختە دەگەڕێتەوە کە ناپلیۆن ١٧٩٨ میسر داگیر دەکات، ئاخر هەر ئەوسا جەنەڕاڵ )کلیبەر)ی ماسۆنی (١٨٠٠ - ١٨٥٣) کە دوای گەڕانەوەی ناپلیۆن، دەبێتە فەرماندەی لەشکرەکەی فەرەنسا، لە میسر کۆڕبەندێکی ماسۆنیی دادەمەزرێنێت. لەوە بەدواوە زۆر لە ئەندامانی ماڵباتی پاشا، بە (شا فوئاد)یشەوە، زۆر لە سەرانی حیزبە میسرییەکان بە سەعد زەغلوولیشەوە، بە ماسۆنییەکانەوە پێوەست دەبن. جەمالەددینی ئەڤغانی (١٨٣٨ - ١٨٩٧) و موحەممەد عەبدە (١٨٤٩ - ١٩٠٥) کە دوو سەری زلی بزاڤی فیکریی ئیسلامیین، سەر بە ماسۆنییەکان دەبن و یەکەمیان کە لە مەحفەلی ماسۆنیی فەرەنسایی جودا دەبێتەوە، پێوەندیی بە مەحفەلی ماسۆنی ئینگلیزییەوە دەکات. موحەممەد عەبدە هاوزەمان ماسۆنی و موفتیی میسریش بووە. حەسەن ئەلبەننا کە شاگردی ئەڤغانی و عەبدە بوو، ئەوەی لێ چاوەڕێ دەکرا، شوێنپێی وان هەڵبگرێت، هەر وایشی کرد. سەیید قوتبیش کە بە تیۆریستی ئیخوان هەژمار دەکرێت، خۆی ئەوەی ڕەت نەکردووەتەوە کە ماسۆنی بووە و یەکێک بووە لە نووسەرانی ئۆرگانی ماسۆنییەکانی میسر. (حەسەن ئەلهەزیبی)یش (١٨٩١ – ١٩٧٣) کە دووەمین ڕێبەری ئیخوان بوو، هیچ گومان لە ماسۆنیبوونی نەبوو.

(زایۆنی، بە ئاشکرا بزاڤێکی یەهوودییە، - ماسۆنی - یش هەر بزاڤێکی یەهوودییە، بەڵام بە نهێنی. کە خەڵکانی غەیری جوولەکەیش دەبن بە ماسۆنی، ئەوە لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتییە.) بەگوێرەی کتێبی پیرۆز، سولەیمان پەیامهێن کە کوڕی داوود پەیامهێن بووە، بە فەرمانی خوا لە ئۆرشەلیم ئەو پەرستگەیەی دروست کردووە کە بە هەیکەلی سولەیمان ناسراوە و بەر لە زایین دوو جار و لە سەدەی یەکەمی زایینشدا جارێک خاپوور کراوە. هەیکەلی سولەیمان گوایە وەختی خۆی لەجێی ئێستای مزگەوتی ئەقسادا، (ژێر گومبەزی بەردین) ڕۆنراوە، بەڵام موسوڵمانان ئەوە بە ڕاست نازانن. لۆگۆ ئەندازەیییەکەی ماسۆنی لەو هەیکەلەوە خوازراوە و کە خۆیشیان بە بیناساز ناودێر دەکەن، مەبەستیان بیناکردنی ئەو هەیکەلە پیرۆزەیە.

ئەستێرەی داوود و پەرستگەی سولەیمان چەند بە لای ئیسرائیلەوە گرنگن، هێندەیش لای ماسۆنی جێی بایەخن. بزاڤی ماسۆنی لە سەرەتاوە، ناوی هێزە نهێنییەکە بووە، دواتر بۆ ئەوەی لە ڕووی یاسایییەوە کێشەی بۆ دروست نەبێت، ناوی خۆی گۆڕیوە بە (برایانی بیناساز،) ئیخوان لەو (برایان)ەوە هاتووە. لوبنان لای ماسۆنییەکان بایەخێکی زۆری هەیە، گوایە بیناسازێک کە ناوی حیرام ئابیف بووە، ئەندازیاری پەیکەری سولەیمان بووە. مەزاری ئەو بیناسازە کە پاشای شاری (سوور)یش بووە، لە گوندی (حەنناوییە)ی نزیک شاری (سوور)ە، ماسۆنییەکانی دونیا بە جێیەکی پیرۆزی دەزانن و سەردانی دەکەن. کە ١٩٨٢ ئیسرائیل لوبنانی داگیر کرد، مەناحیم بیگن داوای لە لوبنانییەکان کرد، شوێنپێی حیرام ئابی هەڵبگرن و ددان بە ئیسرائیلدا بنێن.

کەی بزاڤی ماسۆنی دامەزرا؟ کێ دایمەزراند؟ لەکوێ دامەزرا؟ جورجی زەیدان (١٨٦١ – ١٩١٤) نووسەری گەورەی میسری کە بە ئەسڵ لوبنانی بوو، کریستیانێکی ماسۆنی بوو، وێڕای مێژووی ئیسلام، دیرۆکی بزاڤی ماسۆنیشی نووسیوەتەوە. وەک ئەو باسی دەکات، بیروڕای جیاواز دەربارەی کات و شوێن و دامەزرێنەری بزاڤی ماسۆنی هەیە. زۆرینە پێیان وایە، وەک ڕێکخستن، سەرەتای سەدەی هەژدەیەم لە لەندەن دامەزراوە، هەیە دەڵێت: کۆمەڵەی خاچی پەمەیی کە ١٦١٦دا سەری هەڵداوە، کۆمەڵەیەکی ماسۆنی بووە. هەیە دەیباتەوە بۆ سەردەمی شەڕی خاچپەرستان، هەیە دەیباتەوە بۆ پێش زایین و دەڵێت لە هەیکەلی سولەیماندا دامەزراوە. تەنانەت قسەی وایش کە ئادەم دامەزرێنەری بووە و لە بەهەشتدا دامەزراوە! کە ئەم دوو بۆچوونەی دوایی لە ئەفسانەوە نزیکترن.

بە گوتەی جورجی زەیدان و شاهین مەکاریۆس (کە ئەمیشیان ماسۆنییەکی میسریی بە ڕەچەڵەک لوبنانییە،) پێکهاتنی مەحفەلی ماسۆنی لە میسر، بۆ ساڵی ١٧٩٨ بۆ دوای هاتنی ناپلیۆن، دەگەڕێتەوە. لە سەرەتاوە زۆرینەی مەحفەلە ماسۆنییەکانی میسر لە کەسانی بێگانەی دانیشتووی میسر پێک دەهاتن. دواتر هەندێک سەرکردەی ڕیفۆرمخوازی وەک ئەڤغانی، موحەممەد عەبدە و سەعد زەغلوول بە بزاڤی ماسۆنییەوە پێوەست دەبن، بەڵام هەر زوو ماسۆنی دەبێتە بزاڤێکی نانیشتمانی و دژ بە خواستەکانی گەلی میسر. کە ئەوە ئاشکرا دەبێت، زۆرینەی ماسۆنییە میسرییەکان پێوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، ١٩٦٤ بزاڤەکەیان قەدەغە دەکرێت و هەموو ئەو سەنتەرانەی گومانی ماسۆنیبوونیان لێ دەکرێت، دادەخرێن. جورجی زەیدان وێڕای عەرەبی، عیبری، سریانی، فەرەنسایی و ئینگلیزیشی دەزانی، گۆڤاری ناوداری هیلال، بەری ڕەنجی ئەوبوو. ئەلـلەتائیف، یەکەم گۆڤاری ماسۆنی بوو لە میسر دەربچێت، شاهین مەکاریۆس خاوەنی بوو.

د. عەلی شەلەش کە پسپۆڕی بزاڤی ماسۆنییە لە میسر و دونیای عەرەبدا دەڵێت: (ڕەمزە گەورەکانی میسر لە بوارەکانی فیکر و ئەدەب و سیاسەتدا، زانیارییان لەبارەی ئامانجی ماسۆنییەوە هەبوو، وەلێ پێیان وابوو دەتوانن لە قازانجی خۆیان بیخەنە گەڕ، بەڵام بە پێچەوانەوە کەوتەوە.) ئەحمەد فەرەحات دەڵێت: (ئەوە لە گومان بەدەرە، ئیخوان موسلیمین هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، لەڕێی ئیخوان ماسۆنەوە، پێوەندیی بە بزاڤی زایۆنییەوە هەبووە. بۆ ئەوەی کەس پێی وا نەبێت، ستەمیان لێ دەکەم، بەڵگە لە قسەی خۆیان دەهێنمەوە. پارێزەر: سەروەت ئەلخەرباوی کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ئیخوانی میسر، ٢٠٠٣ وازی لێ هێنان و کتێبێکی بەناوی: (نهێنیی پەرستگە)وە لەسەر بڵاو کردنەوە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، تێیدا دەڵێت: ئیخوان ڕێکخستنیکی ترسناکی ماسۆنییە، نهێنییەکانی لە سندووقێکدا لای کاهینە گەورەکانی پارێزروان.)

ئەلخەرباوی دەنووسیت: (کە خوێندکاری ماف بووم، کتێبەکەی کۆنە مەرجەعی ئیخوان: شێخ موحەممەد غەزالیم بەر چاو کەوت کە تێیدا دەڵێت: ڕێبەری دووەمی ئیخوان، حەسەن ئەلهەزیبی ماسۆنی بووە، بڕوام پێ نەکرد، دواتر کە گەڕامەوە بۆ لای کتێبەکەی هەستم کرد، لێکدانەوەکانی هەموویان دروستن.) کە حەسەن ئەلبەننا تیرۆر دەکرێت، ئەلهەزیبی یەکێک نابێت لە سەرکردەکانی ئیخوان، دەستێکی دەرەکی، یان ڕوونتر، بزاڤی ماسۆنی، دەیهێنێت و دەیکات، بە ڕێبەری گشتی. ئێستایش دەستووری پیرۆز لای ئیخوان، کتێبی (معالم في الطریق)ی سەیید قوتبی ماسۆنییە کە بانگەشە بۆ خوێنڕشتن، کاولکاری، زەبروزەنگ، تۆقاندن و تیرۆر دەکات. ئایا ئەوە ڕێکەوتە لە هەموو قورئاندا، ئیخوان ئایەتێک لە سوورەتی (ئەنفال) دەکات بە دروشم کە داوای: ئامادەکردنی هێز بۆ (تۆقاندن)ی دوژمن دەکات! (وَأَعِدُّوا لَهُمْ مَا اسْتَطَعْتُمْ مِنْ قُوَّةٍ وَمِنْ رِبَاطِ الْخَيْلِ - تُرْهِبُونَ -  بِهِ عَدُوَّ اللَّهِ وَعَدُوَّكُمْ. ئەنفال ٦٠) ئایا هەبوونی قورئان و دوو شمشێر، لە لۆگۆی ئیخواندا، لە غەیری: بە زەبروزەنگ ئیسلام دەسەپێنین، هیچ مانایەکی دیکەی هەیە؟

(٤)

ئیخوانی سووریا کە وەک لقێک وابوو لە ئیخوانی میسر، موستەفا ئەلسەباعی (١٩١٥ – ١٩٥٤) ڕێبەریشی وەک حەسەن ئەلبەننای ڕێبەری ئیخوانی میسر، ماسۆنی بوو. عەلی عەشماوی کە سەرکردەیەکی ئیخوان بوو، لە کتێبی: (دیرۆکی نهێنیی کۆمەڵی برایانی موسوڵمانان)دا دەڵێت: (کە سەیید قوتب لە زیندان ئازاد کرا، چووم بۆ ماڵیان لە حەلوان، پێی گوتم: هەندێک لە گەورە بەرپرسانی ئیخوان، ئیش بۆ دەزگا جاسووسییەکانی ڕۆژئاوا و زایۆنییەکان دەکەن و ناوبەناو لە لەندەن، پیاوانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دەببنن.) دروشمی ماسۆنییەکان: ئازادی، یەکسانی و برایەتی بوو، ئیخوانیش هەر لەو جۆرە قسانەی دەکرد. ئەو سێکوچکەیە لای بەعس کە میشیل عەفلەقی دامەزرێنەری ماسۆنی بوو، کرابوو بە: یەکبوون، ئازادی و سۆشیالیزم. ماسۆنییەکان جارێک لەڕێی ئیسلامەوە و جارێکی دی بە ناوی نەتەوەپەرستییەوە، لێ نەدەگەڕان وەڵاتانی دواکەوتوو هەنگاوێک بچنە پێشەوە.

ئیخوان کە حەسەن ئەلبەننا ١٩٢٨ لە ئیسماعیلییە دایمەزراند، لەسەر ئاستی دونیا، ترسناکترین ڕێکخراوی نهێنییە، کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وایان کرد، بەناو چین و توێژە هەژارەکانی میسردا بڵاو ببێتەوە. لە دامەزراندنییەوە تا نسکۆی ڕژێمەکەی موحەممەد مورسی لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣دا، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە خاپوورکردنی جڤاکی میسردا وازی کرد. ئەوەی ئەندامانی ئیخوان ئامادەن لەڕێی ڕێکخستەکەیاندا بە کوشت بچن، ئەگەر لە مێژووی ئیسلامدا، لە وێنەی هەبێت، ئەوا گرووپی بەنگكێشانن کە حەسەن ئەلسەباح دایمەزراندبوو.

سەیید قوتب بە ڕەخنەی ئەدەبی دەست پێ دەکات، دواتر دەبێت بە ماسۆنییەکی چالاک، ئینجا ئیسلامییەکی تەکفیری، ڕقی لە حەسەن ئەلبەننا دەبێت و (ناتۆرەی) حەسەن ئەلسەباح دەداتە پاڵی، با دەداتەوە و وەک بلیمەت باسی ئەلبەننا دەکات، ١٩٦٦ بە تاوانی پلاندانان بۆ تیرۆکردنی ناسر لە سێدارە دەدریت. ئەوەی سەیید قوتب دوو ساڵ لە ئەمریکا بەسەر دەبات، هێشتا ساغ نەبووەتەوە، بۆچی لەوێ بووە؟ کام لایەن ناردوویەتی؟ ئاخر دەنگۆی ئەوە هەیە، ئەمریکا ئەو سەفەرەی بۆ ڕێک خستبێت، هەرچەندە بە قسەی موحەممەد قوتبی برای، ئەو دوو ساڵە (کۆتایی ساڵانی چلی سەدەی پێشوو) لەسەر خواستی پاشا بۆ ئەمریکا دوور خراوەتەوە. حیلمي ئەلنەمنەم دەڵێت: (سەیید قوتب نەک هەر هیچی لە دژی پاشا نەنووسیوە، بەڵکوو بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونییەوە، پیرۆزباییشی بۆ هەناردووە. لایەنی هاوبەشی ئەمریکا و سەیید قوتب، دژایەتیکردنی بەهێزبوونی هەژموونی  کۆمۆنیزم بووە لە میسردا.) ئەحمەد ساڵح عەبباس دەڵێت: (سی ئای ئەی ئەو سەفەرەی بۆ سەیید قوتب ڕێکخستبوو.)

د. حەمادە مەحموود ئیسماعیل لە کتێبی: ئیخوان لەنێوان دین و سیاسەتدا، دەڵێت: (پەیکەری ڕێکخراوەییی ئیخوان وەک جەوالە (کەشافە/ دیدەوانی) دروستبوو، هەر شانەیەک لە سێ کەس پێک دەهات و ئەمیرێکیان هەبوو، ئەو شانانە بە شێوەیەکی هێشوویی بەرەو سەرووتر هەڵدەکشان، تا دەگەییشتنە لووتکەی هەرەمەکە کە سەرکردەی ڕێکخستنەکە بوو. کەشافە جۆرێک بوو لە ڕێکخستنی سەربازی، ئیخوان لە ماسۆنییەکانەوە فێری بووبوو. کەسانی چالاک لە دیدەوانی، دەبوونە ئەندام لە دەزگای تایبەتی ئیخواندا و کاری تیرۆر بەوان دەسپێردرا. حەسەن ئەلبەننا خۆی سەرپەرشتی دیدەوانیی دەکرد و کاری بۆ ئەوە دەکرد، لایەنگیریی بۆ ئیخوان، ببێتە جۆرێک لە ئیمان.)

(سەیید قوتب)ی ئایدیۆلۆجیستی ئیخوان، لە گوتاری: (بۆچی بووم بە ماسۆنی)دا کە ٢٣ی نیسانی ١٩٤٣دا لە (التاج المصري)ی ئۆرگانی ماسۆنییەکان دا بڵاو بووەتەوە، دەڵێت:

(بۆیە بووم بە ماسۆنی چونکە هەستم کرد، ماسۆنی هەتوانی برینی مرۆڤایەتییە. بۆیە لە دەرگای ماسۆنیم دا، تا ڕۆحی برسیم بۆ حیکمەت، تێر خۆراک بکەم. بۆیە بووم بە ماسۆنی، تا تیشکی مەشخەڵەکەی ڕێی تاریکی ژیانم بۆ ڕۆشن بکاتەوە. بەرلەوەی ببم بە ماسۆنی، خۆم ماسۆنی بووم، بەڵام پێویستم بەوەبوو ماسۆنیبوونی خۆم زاخاو بدەمەوە و جۆشی بدەم. بۆیە ئەو ڕێگە ڕاستەم هەڵبژارد، تا لەبەر دەستی بیناسازە ئازادەکاندا پەروەردە بکرێم و ڕابهێنرێم.

ماسۆنی کەسێک نییە بە ڕێوڕەسمی بە ئەندامبووندا ڕەتبووبێت و بەس، کەسێکە بە هێوری و بەبێ ژاوەژاو کار بکات، کەسێکە بە یەکسانی و بە هەمان چاو سەرنجی هەمووان بدات و دەرگەی دڵی بۆ گەورە و بچووک کراوە بێت. ماسۆنی کەسێکە چاکە لە پێناوی چاکەدا دەکات، بە ئومێدی هیچ دەستکەوتێک نییە و هەر ئەرکی سەر شانی ڕادەپەڕێنێت، بەبێ ئەوەی هیچ مافێکی بوێت.

ماسۆنی هەموو ئایینەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، دژی کاولکارییە، فەرهەنگەکەی جێی دەمارگیریی تێدا نابێتەوە و نزایەکە خەڵکەکە لەوپەڕی خۆرهەڵاتەوە، تا ئەوپەڕی خۆرئاوا هۆگری یەکتری دەکات. ماسۆنی تاقە جێگەیەکە، بە چاوپۆشین لە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان، هەمووان دەتوانن دەست لەنێو دەستی یەکتر بنێن و تێیدا وەک برا پێکەوە بژین. ماسۆنی لەسەر بناغەی سێپای ئازادی و برایەتی و یەکسانی ڕۆ نراوە و باڵاترین  پرەنسیپ و باوەڕ و ئامانجە.

ماسۆنی باوەڕێک نییە و هیچی تر، پیاوەتییە، مرۆڤایەتییە، ئینسان بۆ کاری چاکە هان دەدات، تەنیا بۆ ئاسوودەکردنی ویژدانی و هیچی تر. ماسۆنی ڕۆحێکی بەرز و پاکژە، ئینسان لەسەروو شتە بچووکەکانەوە ڕادەگرێت و لە خڵتە پاکی دەکاتەوە. ماسۆنی بۆ کەسانێک کە لەدووی شکۆ وێڵن، نموونەی باڵایە. ماسۆنی چاکەکارییەکە هەڵگری باڵاترین مانا و پاکترین مەبەست و جوانترین باوەڕە.)
*
ڕەنگە کەس هێندە ساویلکانە بە ماسۆنی سەرسام نەبووبێت و هێندە بە زێدەڕۆیییەوە قسەی لەسەر نەکردبێت.  ئەحمەد زەکی ئەبوو شادیی شاعیر کە ماسۆنی بووە، کە دوو کتێبی لەبارەی ماسۆنییەوە نووسیوە، وەها ستایشی بزاڤەکەی نەکردووە. ماسۆنی ڕێکخستنێکی جیهانگرەوە، نائینسانی، پیاوسالار، نهێنی، ڕووخێنەر، تینووی خوێن، تیرۆریست و تەمومژاوییە، هەوڵی بۆ ئەوەیە، لەڕێی دروشمی بریقەداری فریودەرانەوە، دونیا بخاتە بن هەژموونی خۆیەوە.

(مێژووی ڕەشی جەماعە لەنێوان یەهوودیبوونی حەسەن ئەلبەننا و ماسۆنیبوونی ئیخواندا) کتێبێکە د. یاسر حیلمی ئەلشاعیر نووسیویەتی و ٢٠١٤ لە لەندەن بڵاو بووەتەوە، تێیدا دەڵێت: (حەسەن ئەلبەننا ئەو ڕاستییە بەرجەستە دەکات کە دەزگا ئەمنییەکانی بریتیانیا، لە چاندنی ئەسپی تەروادە لەناو عەقڵ و دەروونی موسوڵماناندا سەرکەوتوو بووە. حەسەن ئەلبەننا لەژێر عەبای ئیسلامدا ناسنامەی یەهوودیبوونی خۆی حەشار داوە، باوکیشی کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئیخوان، هەر وای کردووە. بریتانیا بەهۆی (جوولەکەی ماسۆنییەوە) هەموو ئاسانکارییەکی بۆ هەردووکیان کردووە، دەرسی داداون وئاڕاستەی کردوون ، تا بە ئاسانی جێی خۆیان بکەنەوە.

حەسەن ئەلبەننا بە دروستکردنی شانەیەک دەست پێ دەکات، ناوی دەنێت: ئاکاری کۆمەڵایەتی، بەو ئومێدەی لەڕێیەوە گۆڕانکاری لە ئاکاری کۆمەڵایەتیدا بکات. دواتر هەر لە کەسانی ناو ئەو شانەیە، شانەیەکی دیکە پێک دەهێنێت، ناوی لێ دەنێت: شانەی بەگژداچوونەوەی حەرامەکان. شانەکە لە کەسانی کەتە و بەهێز دروست دەکات، خۆی حەرامەکان دیاری دەکات و هەر لەسەر پێشنیاری خۆیشی لەو کەسانە دەدرێت کە سنووری حەرام دەبەزێنن، جا ئیدی خوێندکار بن، یان مامۆستا! ئەلبەننا هێشتا خوێندکار دەبێت، خۆی بە سەرپەرشتیاری جڤاک دەزانێت، هەر کە ئیخوانیش دادەمەزرێنێت، خۆی دەبێت بە بەرپرسی ڕێکخستنە نهێنییەکەی کە ئەرکی تۆقاندن و تیرۆر دەبێت.

ئەلبەننا بە کۆمەکی ئەحمەد ئەلسوککەریی هاوکاری، خۆی دەخزێنێتە نێو یەکێک لە تەریقەتەکانی سۆفیگەرییەوە کە بە حەسافییەکان بەناوبانگ بوو، سوودێکی زۆریان بۆ بەهێزکردنی ئیخوان لێ وەردەگرێت. هەر ئەو سەروەختە پێوەندیی بە کۆمپانیای کەناڵی سویسەوە دەکات کە ئینگلیز و فەرەنسایییەکان بەڕێوەی دەبەن، پارەیەکی وایان لێ وەردەگرێت، بەشی ڕۆنانی مزگەوتێک بکات. بۆ ئەوەی بەردەوامیی هەبێت، ئینگلیز بەخشندانە کۆمەکی ئیخوانی دەکرد. مارک کورتیس کتێبێکی هەیە، ناوی ناوە: (کاروبارە نهێنییەکان: کلکگرێدانی ئینگلیز لەگەڵ ئیسلامی ڕادیکالدا،) دەزگای سێرڤانتس تیل بڵاوی کردووەتەوە، باس لەو ڕۆڵە دەکات، سەفارەتی بەریتانیا لە قاهیرە لە دروستکردن و گەشەکردنی ئیخواندا بینیویەتی.

کە لە فەرەنسا بە گوشاری کەنیسە و بە بڕیاری پاشا، زۆرێک لە (سوارچاکانی هەیکەل) دەستگیر دەکرێن، ئیدی ئەوانەیان کە هەڵدێن، ناچار بە کاری ژێرزەمینی دەبن. هەمان گرووپ کە لە بریتانیایش دووچاری  ڕاوەدوونان دەبنەوە، ناوی خۆیان دەگۆڕن بە بیناسازە ئازادەکان. جیاوازییەکی نێوان بیناسازە ئازادەکان و کەنیسە ئەوەبوو، بیناسازی ئازاد بڕوای بەوە نەبوو، بچێتە کەنیسە و ددان بە هەڵەکانیدا بنێت، کەنیسەیش ئەو سەرپێچییەی قەبووڵ نەدەکرد. ماسۆنی بەرلەوەی وەک ڕێکخستن هەبێت، وەک ئایدۆلۆجیا هەبوو، یەکەم تێکستی ماسۆنی کە ١٣٩٠ نووسراوە و شەستوچوار لاپەڕەیە، لە مۆزەی بەریتانیادا پارێزراوە.

یەکەمین دەستووری ماسۆنی، جیمس ئەندەرسۆنی سەرکردەی بیناسازە ئازادەکانی بریتانیا، لە ١٧٢٣دا نووسیویەتی. لەو دەستوورەدا بەدرێژی باس لە حەوت عاجباتییەکەی دونیا کراوە کە بە بەرهەمی زانستی ئەندازە ناودێر کراون. دەستوورەکە پێنج (سروود)ی تێدایە کە ئەندامان لە کۆبوونەوەکاندا دەیانچڕن. بەپێی ئەو دەستوورە، ماسۆنی درێژەپێدەری عەهدی دێرینی کتێبی پیرۆزە، دامەزرێنەرانی یەکەمین مەملکەتی ماسۆنی، ئەو جوولەکانە بوون کە لەگەڵ مووسادا میسریان بەجێ هێشت و مووسایش لێزانە هەرە گەورەکەی ماسۆنییە.

لە ١٨٧٧ دا وەرچەرخانێک لە بزاڤی ماسۆنیدا ڕوو دەدات، ئاخر لەوە بەدواوە، مولحید بە ئەندام وەردەگیریت، بەڵام  پێشتر ئەندام دەبوو بڕوای بە دینێک و بە خالیقی هەرە گەورە هەبێت. هەر لەو ساڵە بەدواوە ئافرەتیش دەتوانێت بچێتە ڕێزی بزاڤەکەوە. ماسۆنییەکانی سوێد هەر کریستیانیان بە ئەندام وەردەگرت، هەرچەندە ماسۆنی نە دینە، نە ئەڵتەرناتیڤی دینە. کە سەروەختی سوێندی بەئەندامبوون چاوی ماسۆنی دەبەستنەوە، مەبەست ئەوەیە پێشتر لەنێو جەهل و تاریکیدا ژیاوە، کە ئەندام بە دەوری (هەیکەل)دا دەسووڕێتەوە، ئەوە تەوافی ئەو شوێنە پیرۆزەیە کە لەوێ عەبد بە خالیق دەگات، کە سەروەختی سوێندخواردن پەتێک دەکرێتە ملی ئەندام، ئاماژەیە بۆ ناوکەداو کە کۆرپەلە بە دایکییەوە دەبەستێتەوە و بەهۆی ئەو داوەوە ژیان بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەری ئەوەیش هەیە، ئەو پەتە ئاماژە بێت بۆ پەتی سێدارە لە کاتی هەڵگەرانەوە و ناپاکیدا. ئەو دوو ستوونەی لە لۆگۆی ماسۆنیدا هەیە و گۆشەیەکی وەستاویان پێک هێناوە، ڕەمزن بۆ دیواری پەرستگەی سولەیمان پەیامهێن، یان بۆ هەور و ئاگر کە بە هۆیانەوە خالیق، ئەو ڕێگەیەی پیشانی قەومەکەی مووسا داوە کە بەرەو ئەو خاکەیان دەبا، خوا بەڵێنی پێ داون کە خاکی ئەوانە. هەر ئەو دوو ڕاستەیە دەشێت ڕەمز بێت بۆ (حیرام ئابیف) کە بیناسازی سەرەکیی پەرستگەی سولەیمان بووە.

ماسۆنییەکان لە زۆربەی وەڵاتانی دونیادا مەحفەلی سەرەکییان هەیە و دەشێت لە یەک وەڵاتدا چەندان مەحفەلیان هەبێت، بەڵام مەحفەلەکان هەموویان  سەر بە مەحفەلە سەرەکییەکەی وەڵاتەکەن. مەحفەلی هەرە سەرەکیی ماسۆنی لە لەندەنە کە ١٧١٧دا دامەزراوە. بەرپرسی مەحفەلەکان لێزانی گەورەیان ناوە، هەموو ئەو لێزانە گەورانە، پێوەندییان بە لێزانی هەرە گەورەوە هەیە کە بەرپرسی مەحفەلە سەرەکییەکەی لەندەنە. دووەم مەحفەلی گرینگی ماسۆنی لە فەرەنسایە ١٧٢٨ دامەزراوە. لە سەرەتاوە ماسۆنی ڕێکخستنێک بووە تایبەت بە برایان، ئیخوانیش هەمان ڕێچکەی گرتە بەر. لە ١٨٨٢ بەدواوە، ماسۆنییەکانی فەرەنسا ژنیشیان وەردەگرت. لە ئەمریکا ماسۆنییەکان لە ١٩٠٣ دا بۆ یەکەم جار ئافرەتیان وەرگرت. لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، ژنانی ماسۆنی لەسەر ئاستی دونیا گەلێک مەحفەلی تایبەت بە خۆیان هەبوو. ماسۆنییەکان بە شوێنی کاری خۆیان ناڵێن: بنکە یان بارەگا، بەڵکوو (پەرستگەی فەلسەفە و هونەر)ی پێ دەڵین.

(٥)

ئەگەر باس لە ڕەگوڕیشەی ماسۆنی بکەین و بیبەینەوە بۆ پێش ١٧١٧ تووشی سەرلێشێوان دەبین و لەبری ئەوەی ڕووناکی باوێینە سەر بزاڤەکە، ‌تەمومژاویتری دەکەین. تێزێک هەیە، دەڵێت: (ماسۆنی باوەڕێکی زەمینییە، بۆ لاوازکردنی هەژموونی دینی مەسیح سەری هەڵداوە، کە باوەڕێکی ئاسمانییە.) بە مێژووی سەرهەڵدانەکەیدا ئەوە دەردەکەوێت، کەم و زۆر کاریگەریی ڕێنیسانسی لەسەر بووە، ڤۆڵتێر (١٦٩٤ - ١٧٧٨) کە یەکێک بووە لە ڕێبەرانی ڕۆشنگەری، پێوەندیی بە ماسۆنییەکانەوە هەبووە.

ماسۆنییەکان پەنجەکانی دەست وەک ڕەمز بەکار دەهێنن و هەر پەنجەیەک ڕەمزە بۆ کارێکی دیاریکراو و لەڕێی جووڵاندنی پەنجەکانەوە، بەبێ ئەوەی وشەیەک بڵێن لە یەکتری تێدەگەن. لە ١٤ ئابی ٢٠١٣دا ئیخوانی میسر بۆ پشتگیریی لە موحەممەد مورسی، لە قاهیرە ڕژانە گۆڕەپانی (ڕابیعە)ی عەدەوییەوە، لەوە بەدواوە، ئیخوان لەبری ئەوەی دوو پەنجە وەک حەرفی ڤی، کە ڕەمزی سەرکەوتنە بڵند بکەنەوە، چوار پەنجەیان بەرز دەکردەوە. ئیخوان پەیڤین و ناردنی پەیام بەهۆی بزواندنی پەنجەکانەوە، لە ماسۆنییەکانەوە فێربوون. دوای ڕووبەڕووبوونەوە خوێناوییەکەی مەیدانی (ڕابیعە)ی عەدەوییە، ئاکەپە لە شاری (بورسە)وە، حەماس لە (غەززە)وە و کۆمەڵی ئیسلامی لە (هەولێر)ەوە، بۆ پشتگیریی لە مورسی و ئیخوانی میسر، چوار پەنجەیان بڵند کردەوە. چوار پەنجەی ڕەش و پاشخانێکی زەرد، وەک لۆگۆی تازەی ئیخوانی لێ هاتووە، ڕەش ڕەمزە بۆ ماتەم و زەرد ئاماژەیە بۆ ئەوەی دونیا لە ئاستی کوشتارەکەی ڕابیعەی عەدەوییەدا بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بووە.

ماسۆنی وەک پیلانگێڕییەکی گەردوونی باس دەکرێت، بەبێ ئەوەی زانیاری پێویست لەبارەیەوە هەبێت. بۆشاییەکی مەعریفی لەسەر ئاستی دونیا دەربارەی ڕێکخستنە نهێنییەکان هەیە، بەڵام هیچ ڕێکخستنێکی نهێنی وەک ماسۆنی بە تەمومژێکی هێندە چڕ دەورەی نەگیراوە. ماسۆنی هەر بە ڕووی دەرەوەدا دانەخراوە، بە ڕووی خۆیشیدا وا مەحکەم داخراوە، کەمترین زانیاری لەبارەیەوە دزەی کردووە. ماسۆنیبوون هێڵێکی جیاکەرەوەیە، ژیانی تاک دەکات بە دوو بەشەوە، بەر لە ماسیبوون و دوای ماسیبوون، کە دوو دونیای تەواو جیاوازن، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئینسان کە دەبێت بە ماسۆنی، دونیای تاریکی و گومان بەجێ دەهێلێت و پێ دەنێتە دونیای ڕووناکی و یەقینەوە. ئەم پێناسەیە بۆ ئەندامی ماسۆنی، تەواو لە پێناسەی ئیخوان دەچێت، بۆ ئەندامی خۆی.

(بە شەرەف سوێند دەخۆم و سۆز دەدەم، ئەرکەکانی سەرشانم جێبەجێ بکەم، ئامادەی کۆبوونەوەکان ببم و لە چالاکییە هاوبەشەکاندا هاوکاریی برایانم بکەم.) کە ئەندام ئەم سوێندەی خوارد، سەرۆکی هەرە گەروە لێی دەپرسێت: (بە ویست خۆت دێیتە ڕیزەکانمانەوە و نهێنییەکان دەپارێزیت؟) دوای بەڵێی ئەندام، سەرۆک پێی دەڵێت: (دە هەڵسە کتێبی پیرۆز ڕابمووسە ئەی بەرچاوڕوون! ئیدی تۆ شیاوی ئەوەیت لە نهێنییەکانی بیناسازە ئازادەکان ئاگادار ببیت.) لە کۆتایی سرووتەکەدا، سەرۆکی هەرە گەورە، بەو ماسۆنییەی تازە متمانەی پێ کراوە، دەڵێت: (ئەگەر خۆت بدزیتەوە، یان نهێنییەکی بیناسازە ئازادەکان ئاشکرا بکەیت، سزات کوشتنە، ئیدی بە شیر بێت یان بە پەت.)

ماسۆنی وەک هەر ڕێکخراوێکی نهێنی، ئەو وەهمە لە کن ئەندام دروست دەکات، کە کەسێکی ئازادە، خاوەنی ویستی خۆیەتی و مافی ڕەخنەگرتنی هەیە، بەڵام ڕاستییەکەی ئیش لەسەر ئەوە دەکات، ئەندام بکاتە کۆیلەیەکی ملکەچ و گوێڕایەڵ و بێ ویست، ئەو وەهمە لای ئەندام دروست دەکات کە خاوەنی مافی هەڵبژاردنە، بەڵام ڕاستییەکەی تەنیا یەک بژارەی دەخاتە بەردەست. تاک کە دەچێتە ناو دونیای ڕێکخستنی ماسۆنییەوە، ئیدی لە دونیای دەرەوە دادەبڕێت، ئیدی هەر دوودڵییەکی لێ ببینرێت، حوکمی هەڵگەڕاوەی بەسەردا جێبەچی دەکرێت، تەواو وەک لای ئیسلامییە ئیڕهابی و تەکفیرییەکان هەیە. ئیسلامیی تیرۆریست بە پاساوی ئەوەی هەق تەنیا لای خۆیەتی، مافووری پیرۆزیی لەژێر پێی ئەوانی دیکە ڕادەکێشێت و ئەوی لێی یاخی ببێت، بە مەرگ سزای دەدات. ماسۆنی بە پاساوی ئەوەی، شمشێری ڕزگارکردنی دونیای بە ڕووی خراپەکاراندا هەڵکێشاوە، خوێنی نەیارانی حەڵاڵ دەکات و ئەویشی بچێتە ڕێزەکانییەوە، وەک چووبێتە ناو شارە زەردەواڵەوە، ناتوانێت بێ زیان لێی بچێتە دەرەوە.

ماسۆنییەکان بۆ فریودانی دونیا، لە کۆنگرەکانیاندا بڕیاری لەم جۆرە دەدەن: (پشتگیریکردنی کاری چاکە، پێشخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕەخساندنی بوار لەبەردەم دەستپێشخەرییە ئازادەکاندا،) کەچی ڕاستییەکەی وەک نموونە لە لوبنان و عێراق و فەلەستین، شەڕێک ڕووی نەداوە، دەستی ئەوانی تێدا نەبووبێت. موحەممەد حەسەنەین هەیکەل دەڵێت: (کە ئەمریکا عێراقی داگیر کرد، ماسۆنییەکان لەڕێی - بلاک وەتەر - ەوە خەریکی پەیداکردنی بەکرێگراو بوون، بە تایبەتی لەناو بزاوتە دینییەکاندا.) یوسف حەللاق دەڵێت: (سەروەختی شەڕی ناوخۆی لوبنان لە مەحفەلێکی ماسۆنیدا، بەڵگەنامەیەک دۆزرایەوە، بریتیبوو لەو کۆدانەی ماسۆنییەکان بە هۆیانەوە پێوەندی بە یەکەوە دەکەن.) یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە، بزاڤی ماسۆنی بەردەوامیی هەبێت، ئەوەیە بانگەشە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی دەکات، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکانی دونیا دەکات و ئەندازیاری دیاریکردنی کۆتاییی مێژووە.

میر عەبدولقادر ئەلجەزائیری (١٨٠٨ – ١٨٨٣)  هەر سەرکردەی جەنگی ڕزگاریخوازیی جەزائیر نەبوو لە دژی فەرەنسای داگیرکار، شێخی تەریقەتی قادری، نووسەر و شاعیر و بیرمەندیش بوو. کە دوور دەخرێتەوە بۆ سووریا و لەوێ کۆچی دوایی دەکات، لەسەر خواستی خۆی لای شێخی هەرە گەورە: (بن عەرەبی)یەوە دەنێژرێت. کە ١٩٦٦ تەرمەکەی بۆ جەزائیر دەگوێزرێتەوە و وەک پێشەوایەکی هەرە مەزنی شۆڕشگیڕ پێشوازیی لێ دەکرێت، (خاڤێر یاکۆنۆ)ی (١٩١٢ - ١٩٩٠) گەورە مێژوونووسی ئەکادیمی، باسێک بڵاو دەکاتەوە تێیدا بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە دەیسەلمێنێت کە میر عەبدولقادر ماسۆنی بووە.

(بیرکردنەوەی چاک، گوتەی چاک، پلانی چاک،) ئەو گوتانە کە لە هی زەردەشتی پەیامهێنی کورد دەچن، کە دەیگوت: بیری چاک، گوتەی چاک، کرداری چاک، ئەو دروشمانەن ماسۆنییەکان لە کۆنگرەکانیاندا بەرزیان دەکەنەوە. ماسۆنی کە لەگەڵ هاتنی لەشکری وەڵاتانی ئیمپریالیدا، لە خۆرهەڵات بناغەی داناوە، وەک ڕووکەش بانگەشە بۆ پرەنسیپەکانی لێبوردەیی و دیالۆگی شارستانی دەکات. ماسۆنی کە لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەیەمدا لە بریتانیا و دواتر لە فەرەنسا سەری هەڵداوە، بەر لە تەواوبوونی هەمان سەدە، وەک جورجی زەیدان لە کتێبی (مێژووی ماسۆنی)دا باسی کردووە، بە دونیای عەرەب و ئیسلامیشدا بڵاو بووەتەوە.

جۆرج مارتن کە لەگەڵ (ماریا درایسمس)دا پێکەوە یەکەم مەحفەلی تێکەڵ لە ژن و پیاویان دروست کرد، دەڵێت: (ڕێکخستنی تێکەڵ هەم دواییهێنانە بە کۆیلایەتی ژن و هەم دابینکردنی مافەکانی منداڵیشە.) لە فەرەنسادا ڕێکخستنی تێکەڵ هەبوو، بەڵام لە وەڵاتانی بن دەستی فەرەنسادا، ڕێکخستنی ماسۆنی تایبەت بوو بە برایان. ماسۆنی کە زیاتر بە دوو باڵە بریتانیایی و فەرەنسایییەکەی دەفڕێت، بەگشتی ڕێکخستنێکی داخراوە، بە دەگمەن تێکەڵ بە ڕێکخراوی دیکە دەبێت. مەحفەل کە بایەخێکی گرینگی هەیە، بە مانای کۆنگرە دێت؟ ئەگەر ماسۆنی مەبەستی پاکژە، بۆچی بە نهێنی کۆنگرە دەبەستێت و بە نهێنی دەبزوێت؟ ئەگەر ئامانجی ماسۆنی ئەوەیە، لەسەر ئاستی دونیا، هەمووان هەمان مافیان هەبێت، ئەوە خواستێکی ڕەوایە و هیچ پێویستی بەوە نییە خۆت لەوانی دیکە بشاریتەوە، بە نهێنی کار بکەیت و دەوری خۆت بە تەمومژ بتەنیت. لە بەشی یەکەمی دەستووری ماسۆنییەکانی فەرەنسادا هاتووە: (هەوڵمان بۆ گەڕانە بەدوای حەقیقەتدا، بۆ چەسپاندنی ئازادی، یەکسانی، برایەتی و بۆ گەشەپێدانی مرۆڤایەتییە.) ئایا ئەو نیازە پاکژانە، لەڕێی ڕێکخراوێکی نهینیی و جێی گومانەوە جێبەجێ دەکرێن؟

مەحفەل چییە؟ دەسەڵاتێکی ڕێکخراوەیییە، ئەندامان دەخاتە بن هەژموونی خۆیەوە. مەحفەل لە ئەتمۆسفێرێکدا دەبەسترێت، هەر لە (جەو)ی سرووتی دینی دەچێت، چوون بۆ مەحفەل وەک چوونە بۆ جێیەکی زێدە پیرۆز، وەک ئەوە وایە بۆ حەج بچیت. مەحفەل زیاتر لە سرووتێکی کەهنووتی دەچێت، وەک لەوەی لە کۆنگرەی ڕێکخراوێکی سیاسی بچێت. مەحفەل بە شیعر و گوتار دەست پێ دەکات و بە مۆسیقا و سەما دوایی دێت.
لە کەلەپووری عەرەبیدا ڕێکخستن هەیە لە ماسۆنی دەچێت، بە تایبەتی لەو دوو بوارەدا، کە ڕێکخستنێکی نهێنییە و تایبەتە بە بژاردە، (ئیخوانی سەفا)یش هەر وابوو، هەم نهێنی بوو، هەم تایبەتیش بوو بە نوخبە. پەروەردەکردنی مورید، لای هەندێک گرووپی سۆفی، هەر لە وەبارهێنانی ئەندام دەچێت لەلای ماسۆنی. ئەو دەسەڵاتەی حەوزە بەسەر لایەنگرانی خۆیدا هەیەتی، هەر لەو هەژموونە دەچێت کە ماسۆنی، ئەندامانی خۆی پێ بەرزەفت دەکات.

*
سەرچاوەکان

(١) د. المعز الوهایبي، محاففل الماسونیة في بلاد المغرب ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(٢) نبیل سلیمان، الماسونیة إخترقت النخبة السیاسیة السوریة ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(٣) خلیفة شاطر، منظمة البناء الحر في تونس علی محک الإستعمار، ترجمة: د. المعز الوهایبي ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(٤) أحمد عثمان، هل کانت ماسونیة الأ میر عبدالقادر مجرد علاقات عامة؟ ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(٥) د. أمین بن مسعود، مقاربة سوسیولوجیة للجماعات السریة ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(٦) إمیل أمین، عن التشابه في الجذور والتلاقي في الألیات و والأهداف ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(٧) هاشم صالح، باحثان فرنسي وسویسري یتحریان تشابهات الماسونیة والإخوان ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(٨) د. ألفة یوسف، هل الماسونیة مٶسسة دینیة؟ ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(٩) د. فوزي البدوي، الماسونیة والخارطة الجینیة للإخوان ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(١٠) تیري زرقون، الماسونیة في الأرض الإسلام، ترجمة: أحمد عثمان ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(١١) أحمد فرحات، تطابق الأدوات والأهداف بین الماسونیة والإخوان لتفکیک المجتمعات العربیة والإسلامیة ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(١٢) إیهاب الملاح، الصلة بین الإخوان والماسونیة، الدهلیز والسرداب ٧ دیسمبر ٢٠١٧ الإتحاد الثقافي، أبوظبي.
(١٣) أسامة مهدي، أیقونة رابعة رمز النصر تثیر علاقة الإخوان بالماسونیة ٢٤ أغسطس ٢٠١٣ إیلاف.
(١٤) أسامة رفعت، مصر أم الدنیا ١٨ دیسمبر ٢٠١٦
*
پەراوێزی بەشی (١)

(*) بژارە: Choise
(**) بژاردە: نوخبە: Elite
(***) هەشتپێ: ئەختەبووت، Octopus
(****) لادین، وشەیەکی کوردییە، وەک لاشەڕ، وەک چۆن لاشەڕ، خۆی لە شەڕ لا دەدات، لادینیش خۆی لە دین لا دەدات و دین جێی بایەخی نییە.

پەراوێزی بەشی (٢)

(*) مانگا بە پیرۆز دەزانن، نایپەرستن.
(**) پێش ئەو نووسینەی عەققاد، ئەوە بۆچوونە باوبوو کە باوکی حەسەن زانایەکی ئیسلامی بووە.