ئێران چۆن جەنگی غەزەی بردەوە؟

ڕاپۆرت 24/05/2021

چاودێر: 

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكایی حكومەتی ئێران لە پشت هەڵگیرسانی جەنگی یازدە رۆژەی غەزە بووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە دەمێك بووە ئێران چاوەڕێی وەڵامێكی توند بووە بە هێرشە نهێنییەكانی ئیسرائیل لە ساڵی رابردوو بۆ سەر دامەزراوە ناوەكییەكانی ئێران، بەڵام بەبێ هەڵگیرسانی جەنگی گەورە و كراوە لەنێوان هەردوولا و هاوكات شكستهێنانی چانسی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ناوەكی.

غەزە بووە یەكێك لە بەرە ناراستەوخۆكانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و ئێران لەوێ هێزی خۆی نیشانی ئیسرائیلدا لە رێگای ئەو مووشەكانەی گرووپە چەكدارەكانی غەزە شارەكانی ئیسرائیلیان پێ بۆردومانكردن.

ئێران ماوەی چەندین ساڵە گرووپە چەكدارەكانی غەزە پڕچەك دەكات و مەشق و راهێنانیان پێدەكات.

هاوكات ژمارەیەك نامەش لەنێوان ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی حەماس و بەرپرساڵانی ئێراندا ئاڵوگۆڕكراون.

ئەمڕۆ عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەنامەیەكدا پشتیوانی خۆی بۆ گرووپە چەكدارەكانی غەزە دووباتكردووەتەوە.

ئەوەی سەرنجی چاودێرانی راكێشاوە هاتنەسەر خەتی توندی گرووپ و حیزبە ئیسلامییەكان بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هەرێمی كوردستانیشەوە بۆ بەرگری كردن لە غەزە، هاتنە سەر جادە و چەندین خۆپیشاندانیان وەڕێخست، لەگەڵ كەسانی زۆری هاوسۆزی ئیسرائیل و كەسانی بێلایەن كە بابەتی غەزە و قودسیان بەلایەوە گرنگ نییە، كەوتنە شەڕ و مشتومڕ.

هەرچەندە ئەمانە بەرگریكردن لە غەزە بە ئەركێكی ئایینیی ‌و  ئیسرائیل بە داگیركەر دەزانن، بەڵام بێ ئاگان لەوەی ئەم جەنگەی ئێستا جەنگێكی تەواو سیاسییە، لەبەرژەوەندیی كۆمەڵێك زلهێزی ناوچەیی بەڕێوەدەبردرێـت، ئامانج لێی دەستكەوتی سیاسیی و لەشكرییە، نەك بەرگریكردن لە قودس و غەزە لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا.

ئەمە لە حاڵێكیشدا دێت زۆرینەی ئەم گرووپە ئیسلامییانە بە تەواوی رەوتەكانیانەوە دژن لەگەڵ فەرمانڕەوایانی ئێران، بەڵام بێئاگایی سیاسییان و شارەزانەبوونیان لە یارییە نوێیەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هەڵە خستنیە بەرەی ئێرانەوە دژی ئیسرائیل.

رەنگە بێ دەنگی هەژمارێكی زۆر لە دەوڵەتانی عەرەبی بەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە ئەو تێگەیشتنە بێت كە ئەوەی روو دەدات جەنگی ئیسرائیل و ئێرانە لە سەر خاكی غەزە و قودس، لە بەرژەوەندییان نییە بچنە نێو ئەم جەنگەوە.

میسریش كە هەرچەندە دووژمنایەتی زۆری لەگەڵ گرووپە ئیسلامییەكاندا هەیە، بەڵام توانی براوە بێت لە ئەم جەنگەدا خاوەن دەستكەوت بێت، چونكە توانی لەسەر دەستی ئەو لە پێوەندیی لەگەڵ ئامریكا كۆتایی بە جەنگ بهێنێت، بۆیە ئەمە گرووپی حەماس ناچار دەكات بە مامەڵەی باشتر لەگەڵ عەبدول فەتاح سیسیی.

دۆحەش لە پاڵ میسردا توانی رۆڵی میدیایی و دیبلۆماسیی خۆی بگێڕێت بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و شوێن و پێگەی خۆی دیاربوو.

ئەنقەرە كە هاوپەیمانیی دۆحەیە و ماوەكیشە لەگەڵ ئێران پێوەندییەكانیان باش نییە، بەتایبەت لەسەر شنگال، تەنها رۆڵی هاتوهاواری گرووپە ئیسلامییەكانی بۆ مایەوە، چونكە هیچ كاردانەوەیەكی كرداریی نەبوو، تەنها گوتار بوو، ئەمەش هێندێك بۆ بوونی بەرژەوەندیی ئەنقەرە لەگەڵ ئیسرائیلی لێكدەدەنەوە، كە ئامادەنییە ئەم بەرژەوەندییانە بكاتە قوربانیی گرووپە ئیسلامییەكان بەتایبەت دوای رووكردنە میسر و پشتكردنە ئیخوانەكان.