هۆكارەكانی راچڵەكین و لەرزین لەكاتی خەودا چین؟ د. هەڤین كەمال وەڵام دەداتەوە

تەندروستی 23/05/2021


چاودێر:
توێژینەوەكان دەڵێن لە ٧٠٪ ی خەڵك تووشی راچڵەكین و لەرزین دەبن لەكاتی خەودا، راچڵەكین و لەرزین لەكاتی خەودا لەئەنجامی گرژبوونی ماسولكەكانەوە روودەدەن بەشێوەیەكی خۆنەویست كاتێك كەسەكە بێ ئاگایە.

د. هەڤین كەمال شا محەممەد،پسپۆڕی زانستی ئازار و بێهۆشكاری، دەڵێت" راچڵەكین زیاتر لەهەموو جەستەدا روودەدات لە كاتی خەو، بەڵام هەندێك جاریش لەوانەیە تەنیا بەشێكی لەش بگرێتەوە وەكو : قۆڵەكان ، قاچ، هەندێك جاریش كەسەكە لەوانەیە دەنگێكی لێوە بێت یان بقیژێنێت. وەهەندێك جار كەسەكە لەخەو هەڵدەستێنێت و هەستی كەوتنەخوارەوەت لا دروستدەكات، زۆرێك لەتوێژینەوەكان دەڵێن ئەم جوڵە و لەرزینە لەئەنجامی خاڵیبونەوەی بارگەی كارەبایە لە دەمارەكاندا، كەبەشێوەی سیگناڵ بۆ مێشك دەڕوات و مێشكیش بە شێوەی جوڵەیەك دەریدەبڕێت"
 ئەو پزیشكە ئاماژەبەوەشدەكات، هەتا ئێستا هۆكاری  تەواوی ئەم كێشەیە نەزانراوە، بەڵام  هەندێك تێۆری هەیە كە دەڵێت لەوانەیە بەهۆی ئەم هۆكارانە بێت: 
١- دوو دڵی و گوشاری دەروونی: ئەو شێوازی  ژیانەی ئەمڕۆكە پیایدا تێپەڕدەبین و پڕە لە سترێس و دڵەڕاوكێی و دوودڵی و ماندووی زۆر ، كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر كاتی پشودان و خەوتنمان، لەبەرئەوەی سترێس و شڵەژانی باری دەروونی مێشكمان بە ئاگایی دەهێڵێتەوە،  كەئەمەش وادەكات مێشك سیگناڵی كارەبایی بنێرێت بۆ دەمار و ماسولكەكان، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاچڵەكین و گرژبوون . 
٢- بەكارهێنانی زۆری وریاكەرەوەكان: كافایین و نیكۆتین  كاریگەرییان هەیە  لەسەر  توانای لەش بۆ خەوتن بە شێوەیەكی سروشتی،  یاخود توانای مانەوە لەخەودا بۆ كاتی پێویست، ئەم وریاكەرەوانە وادەكەن  كە مێشكی مرۆڤ پشووی تەواو نەدات و نەچێتە قۆناغی خەوی قوڵەوە. 
٣- ئەنجامدانی وەرزش : روونە كە وەرزش كاریگەرییەكی باشی هەیە لە چالاككردنی لەش  و جەستە، بەڵام ئەنجامدانی لەكاتێكی دڕەنگی ئێواراندا و  نزیك كاتی خەو،  وادەكات جەستە نەتوانێت پشوو بدات لە كاتی خەودا، كەئەمەش دەبێتە هۆی ڕاچڵەكین و لەرزین. 
٤- هەندێك خووی خراپی خەوتن: هەندێك خووی خراپ پێش خەوتن یاخود لەكاتی خەوتندا، بۆ نموونە؛ خەوی ناڕێك و پچڕ پچڕ، درەنگ خەوتن، بەكارهێنانی ئامێری زیرەك پێش خەوتن.  
چۆن خۆمان بپارێزین لە راچڵەكینی كاتی خەو؟ 
 لەبارەی خۆپارێزییەكانەوە  د. هەڤین   رونیددەكاتەوە، راچڵەكین لەكاتی خەودا، مانای  ئەوە نییە ئەو كەسە نەخۆشە، بە هەندێك گۆران لە شێوازی ژیان و لایف ستایلدا، دەتوانرێت ڕاچڵەكین و گرژی كەمبكرێتەوە. ئەمەش هەندێك ئامۆژگارییە بۆ كەمكردنەوەی لەرزین و راچڵەكینی كاتی خەو: 
١- دووربكەوە لە كافایین :بەتایبەت لە كاتی پێش خەودا، كە تەحفیزی مێشك دەكات و وادەكات مرۆڤ بە ئاگا بێت، هەر بۆیە دەبێت كەمبكرێتەوە بە ڕێژەیەكی بەرچاو. باشترە ئاو و چا رووەكیەكان بخورێت لەو كاتەدا.  
٢-  دووربكەوە لەئەنجامدانی وەرزش  بەشەو : وەرزشكردن  كارێكی  بەسوودە ، بەڵام ئەنجامدانی لە كاتی شەودا و نزیك كاتی خەو، ئەگەری گرژبوونی ماسولكەكان زیاد دەكات و ئەمەش ڕاچڵەكین زیاد دەكات لە كاتی خەودا، باشترە وەرزش لە بەیانیان زوودا ئەنجامبدرێت و لەژێر تیشكی خۆردا، كە ئەمە وادەكات خاوبوونەوەی ماسولكەكان زیاتر بێت لە كاتی پێش خەوداو خەویش قوڵتر بێت .