قامەتی پاییز، وەفایەك بۆ محەمەد عومەر عوسمان

رۆشنبیری 22/05/2021


دیوانە شیعری (قامەتی پایز)، نوێترین بەرهەمی شاعیری نان (سەلام مستەفا)یەو لە دوو توێی (120) لاپەڕەدا كەوتە بەردیدەی خوێنەران، ئەم بەرهەمە نوێیە دەزگای جەمال عیرفان بەچاپی گەیاندووە و لەتاران چاپكراوە.
سەلام مستەفا، ساڵی 1957 لە سلێمانی لە دایكبووە و، خاوەنی چەندین نامیلكە شیعری ناوازەیە لەوانە (پەڕەسێلكەی سپی، كۆماری نان، تەنورەكانی دۆزەخ، نیشتمانێك بۆ كرێ‌) و چەندین بەرهەمی تر.
دیوانە نوێیەكەی شاعیری (قامەتی پاییز)، وەك لە پێشەكی كتێبەكەدا شاعیر ئیشارەتی پێداوە، سەرلەبەری شیعرەكانی كە لە چوار بەش پێكهاتووە تایبەتی كردووە بە شاعیری پاییز و گەڵاڕێزان (محەمەد عومەر عوسمان) بەهەمان شێوە و ستایلی ئەو شاعیرە نووسیویەتی، ئەمەش وەك (سەلام مستەفا) دەڵێ‌: وەفایەكە بۆ ئەو شاعیرە كە زیاتر لە (45) ساڵا هاوڕێی بووە.