وەزارەتی ڕۆشنبیری لەبارەى ئەو میدیایانەى ڕووماڵی خۆسوتاندنی گەنجەکەیان کرد بڕیاریدا

کوردستان 18/05/2021

چاودێر:

وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لەبارەى ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی ڕووماڵی خۆسووتاندنی گەنجێکیان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەولێر کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی ئەمڕۆ ڕوویدا، کە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا ڕاستەوخۆ گواستییانەوە،  گەنجێک لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەشاری هەولێر، خۆی سوتاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان کۆبوونەوە، دۆخی ئێستای ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیای لە هەرێمی کوردستاندا، لە ڕووی ئیتیکی رۆژنامەوانی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیەوە، بە دۆخێکی نالەبار و خراپ وەسف کرد و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و کۆمەڵایەتیەوە.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە ڕێی بەرێوەبەرایەتیی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە، وێڕای ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٤ بەتایبەتیش بڕگەی سێیەم، هەروەها ئاگادارینامەیەکی لە ٢/٥/ ٢٠٢١ دا داوە بەهەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشکردنی ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەی دەچنە خانەی بڵاوکردنەوە و هاندانی توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتن، کە لە ڕووی دەروونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن.

لە ئەگەری پابەند نەبوونیان بەو ڕێنماییانەوە، لە ڕێی دەستەی داواکاری گشتی و لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کورستان، ڕێکاری یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.

ئەوەی ئەمڕۆش ڕوویدا، دەچێتە هەمان خانەوە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان جگە لە جێبەجێ کردنی ئەرکی وەزارەت بە پێی ئەو ڕێنماییانەی ئاماژەیان پێکراوە، داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکات، هەموو ڕێکارێکی یاسایی بەرامبەر  ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەی سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەی کە ڕووماڵی  ڕووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
١٨/٥/٢٠٢١