حکومەتی هەرێم سلێمانی وشک دەکات

ڕاپۆرت 16/05/2021

چاودێر - ڕاپۆرت


بە پێی زانیاری و ئاماری چەند ڕێکخراوێکی ژینگەدۆست لە بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی - هەڵەبجە، لەنێوان سلێمانی و هەولێردا جیاوازییەکی زۆر دەکرێت سەبارەت بە بوودجەی سەوزایی و پارکەکان، ئەوەش مەترسیی وشکبوونی سەوزایی باخەکانی سلێمانیی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئەو ڕێکخراوانەش هۆشداری دەدەن، ئەگەر زوو بوودجە دابین نەکرێت سلێمانی بەشێکی زۆری سەوزاییەکەی لە دەست دەدات.

١٩٪ـی ڕووبەری سلێمانی سەوزە
بەشی باخچەكانی سلێمانی 564 باخچە و 12 پارك و 32 بلواری تایبەت بە خۆی هەیە، كە تەنها ئەو بەڕێوەبەرایەتییە خاوەنی 3 ملیۆن درەختن و بە پێی كۆتائامار ڕووبەری سلێمانی 19% سەوزە.
بۆ سەرجەم ئەم باخچە و بلوار و پاركانە تەنها 1443 كرێكار و كارمەند و ئەندازیاریان هەیە، كە لە ناویاندا 776 باخەوان و چاودێر كارەكان دەكەن، ئەوانی تر كارمەند و ئەندازیار و بەشەكانی تری بەڕێوەبەرایەتییەكەن. لە کاتێکدا تەنها بلواری تاسڵوجە - سلێمانی 15 كیلۆمەترە و بلواری بازنەیی مەلیك مەحموودیش 21 كیلۆمەترە.

جیاوازیی هەولێر و سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی سلێمانی پێویستی بە یەك ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینارە بۆ ئاودان، ڕۆژانەش لەم وەرزەدا پێویستیان بە یەك ملیۆن لیتر ئاو هەیە، بەڵام بۆ مانگەكانی حەوت و هەشت ڕێژەكە بەرز دەبێتەوە پێویستیان بە 4 ملیۆن لیتر ئاوە، سەرجەم چارەسەری ئەم گرفتانە بە 5 ملیار دینار چارەسەر دەبێت.
بە پێی زانیاریی بۆردەکە، لە شاری هەولێر وێڕای كۆتاییهاتن بە گرێبەستی كۆمپانیای دابینكەری ئاو بۆ وەرزی ئاودان، كە ساڵانە لە 15-5 دەست پێ دەكات، بەڵام ئەمساڵ لەبەر ئەوەی وەكو پێویست باران نەباریوە، لە هەفتەی ڕابردوودا دەست كراوە بە ئاودانی باخچە و پاركەكان و لە سنووری هەولێریش، 40 پارك و 380 باخچە بوونیان هەیە.


لە ساڵی 2008 ڕێژەی سەوزایی ناوشاری سلێمانی ١٪ بووە،‌ تەنها 134 باخچە لە سنووری بەشی باخچەكاندا بوونیان هەبووە، تا ساڵی 2018 ڕێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی 18% تێپەڕاندووە و نزیك بووەتەوە 19% ئێستا نزیكەی 3 ملیۆنی درەختی تێپەڕاندووە.
سلێمانی پێش قەیران لە ساڵێكدا دەیتوانی سێ ملیار دینار سەرف بكات، (2018) بۆ ساڵێك 120 ملیۆن بودجە هەبووە، بۆ ساڵێك ئەو بڕەیان بۆ تەرخان كرابوو پێشیان نەدراوە. بەڵام ساڵی 2016 مانگی 500 ملیۆن دینار تەنها بۆ بەشی باخچەكان بۆیان تەرخان كراوە.
لە سلێمانی بەهۆی ئاونەدانی درەختەكانەوە، لە ساڵی 2016 هەزار و 500 بنەدار وشك بوون و لە ساڵی 2017ش 500 بنەداری دیكە وشك بوون. لە هەولێر لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا هیچ دارێك لە سنووری باخچەكان وشك نەبووە و نەیانهێشتووە وشك بن.


لە هەولێر تەنها بۆ پاركی سامی عەبدولڕەحمان 1280 كارمەندیان هەیە. لەسلێمانی بۆ پاركی ئازادی تەنها 50 كارمەند و باخەوان بوونی هەیە.
لە سلێمانی لە ساڵی 2016 لە مانگی 11 ڕەزامەندی دەربڕاوە بۆ ئاودانی درەختەكان، لە ساڵی 2017 لە مانگی 3/7 ڕەزامەندی دەربڕاوە بۆ ئاودان، لە ساڵی 2018 لە 4/8 ڕەزامەندی دەربڕاوە بۆ ئاودان. بەڵام لە هەولێر بە تەنكەری ئەهلی و تەنكەری بەڕێوەبەرایەتی ئاو دەدەن، كاتیش دیاری نەكراوە بۆ ئاودان، كەی پێویستی بوو ئەوا ئاو دەدرێت.