ساروخی ئێرانی و دوعای ئیخوانی چی بۆ فەلەستینییەکان دەکات؟

جیهان 12/05/2021

نوسینی: بڕوا بەرزنجی
براوەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، بە پلەی یەکەم ئیسرائیلە، کە دوایی هەمو شەڕێک بەشێک لە ئامانجەکەی بەدیدەهێنێت، ئەویش داگیرکاری زیاتر لەسەر خاکی فەلەستین، ئەمە لە شەڕی ١٩٦٨ وە بەمجۆرە بوە.لەم شەڕەیشدا پێش هەر بۆردومانێک خەڵکە مەدەنییەکانی غەزە ئاگادار دەکاتەوە تا ماڵ و حاڵ چۆڵبکەن و هەڵبێن، چونکە ئامانجی ئەو خەڵک کوشتن و هەتا کۆتایی حەماسیش نییە، بەڵکو خاک داگیرکردن ئامانجە ستراتیژییەکەیە، حەماسیش خزمەتێکی گەورەی ئەم ستراتیژەی ئیسرائیلی کردوە.
براوەی دوهەمی ئەم شەڕە ئێرانە، کە کێشەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دەباتە دەرەوەی وڵاتی خۆی، بۆیە ئەو وڵاتانەی لە دوایی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لەژێر کاریگەری ئەو وڵاتەدان، بونەتە مەیدانی ململانێ گەرمەکان. وەک عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و کەرتی غەزە، ئەم وڵاتانەی وێران کردوە لەپێناو پاراستنی خۆی .
بۆیە بە چەک و پارە، سپۆنسەری سەرەکی حەماسە و حەماسیش کاسبییەکەی و مانەوەی بەستراوە بەشەڕ دژی ئیسرائیل
.
ئەی دۆڕاوی ئەم جەنگە درێژ خایەن و دوبارە کێیە؟
دۆڕاوی یەکەمی و کۆتایی ئەم جەنگە خەڵک و خاکی فەلەستینە، کە نیوسەدە زیاترە دوعای درۆزنانەی ئیسلامی سیاسی و بازرگانیکردن پێوەیان، لەگەل پلانی داگیرکاری ئیسرائیل، وەک ئاشێک گۆشت و ئێسقانیان دەهاڕێت. نیوسەدە زیاترە وڵاتانی ئیسلامی بازرگانی بەم کەیسەوە دەکەن، بۆ نمونە تورکیایی ئەردۆگان، هەمیشە بەدەنگی بەرز دژی ئیسرائیل دەوەستێتەوە، کەچی لەوەتەی ئەردۆگان سەرۆکە، زۆرترین بازرگانی چەکیان لەگەڵ ئیسرائیل کردوە، لەوەیشزیاتر لەنیوە زیاتری پێداویستی کۆمەڵگە دروستکراوەکانی سەرخاکی فەلەستین، تورکیا دابینی دەکات.
هەرچی حەماسە، کە تەنها کەرتی غەزە دەبات بەڕێوە، کردوێتی بەوێرانەو ڕۆژ بەڕۆژ ڕوبەری خاکی کەمدەبێتەوەو دانیشتوانی کەمدەکات، سەرانی ئەم ڕێکخراوە ئیخوانییە جیهادییە، خۆیان سەرقاڵی بازرگانین، بەڕادەیەک ساڵی پێشو بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکانیان لەسەر پشکی بازرگانی و پارە، بەرپرسی داراییان، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیش بو، بە چەندان ملیۆن دۆلارەوە هەڵهات بۆ ئیسرائیل و بو بە پەبابەر لای ئەوان.بەڵام ڕاموڵاو کەرتی ڕۆژهەڵات، کە حزبی فەتحی مەحمود عەباس بەڕێوەی دەبات، ژیان تیایدا ئارام و بێکێشەیە، ئەوانیش حزبێکی گەندەڵن، بەڵام عاقڵن و دەزانن نە بە دوعاو نە بە ساروخی ئێرانی ئیسرائیل تێکناشکێت، بۆیە ئارامی و پاراستنی ئەو خاک و خەڵکەی ئێستا بەڕێوەی دەبەن هەڵبژاردوە.
ڕاستییەکی ڕون هەیە، کە مسوڵمانان دەبێت بیبینن، ئیسرائیل بە دوعاو بە موشەکی ژەنگاوی ئێران ناڕوخێت، ئەو وڵاتی عەقڵ و زانستە، یەکەمین وڵاتە لە توێژینەوەی زانستیدا، خاوەنی چەندان خەڵاتی نۆبڵی کیمیا و فیزیاو بیرکارین،بەرهەمی عەقڵ تەنها بە عەقڵ ململانێی دەکرێت.
لە بەرامبەردا وڵاتانی ئیسلامی، لە بازنەیەکی خاڵی لە عەقڵ و پڕۆژەی ژیاریی و ستراتیژی دەخولێنەوە. نە خەڵک و نە دەسەڵاتداران و نا پیاوانی ئاینیش، ئامادەنین دان بە شکستابنێن و بەدوایی چارەیەکی عەقڵانیدا بگەڕێن. دنیایی ئیسلامی وەک میوەیەکی زۆر گەیو وایە بە درەختەکەوە، کە دەستی بۆببەیت ئەتلیقێتەوە. ڕۆژگارێک ئێرەیش زانست و شارستانی تێدابوە، بەڵام ئیسلامی سەلەفی و سیاسی بەدەستی خۆیان هەرچی هەبو لەگۆڕیاننا! میوەکە گەییوە خۆیشمان دەستی بۆ نەبەین هەر دەکەوێتە خوارەوە.