UN: ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی کوردستان بەرتەسککراوەتەوە

کوردستان 12/05/2021

جنێڤ/ بەغدا ( ١٢ ی ئایاری ٢٠٢١) بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ دەرچووە لەماوەی ساڵی رابردوودا بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستانی عیراقدا لە هەڵکشاندا بووە. ڕەخنەگرانی دەسەڵاتە گشتییەکان نەك تەنها دووچاری مەترسیی تۆقاندن و بەربەست خستنە بەردەم جووڵە و گرتنی هەڕەمەکی بوونەتەوە، بگرە هەندێکیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش تۆمەتبارکراون، وە هەندێکیشیان لەم دوواییانەدا بەپێی یاساکانى پەیوەست بە ئاسایشى نەتەوەییەوە سزادراون.

ڕاپۆرتەکەی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق/ یونامی چەندین شێوازی نیگەرانیکەری دۆکۆمێنت کردووە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ بۆ نیسانی ٢٠٢١ کە تێبینی کراوە کەسانێك بەئامانج کراون بەهۆکاری پەیڕەوکرنی مافەکانیان لە رێپۆرتکردن یان ڕەخنەگرتن لە هەڵس و کەوتەکانى دەسەڵاتە گشتیەکان.
خاتوو میشێل باشلێت کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ ووتی " شێوازەکانی سەرکوتکرن کەلەم ڕاپۆرتەدا دۆکۆمێنت کراون زۆر جێگای نیگەرانین، چونکە نەك تەنها تیشك دەخەنەسەر هەڕەشەو تۆقاندن لە ڕەخنەگران بگرە ئەم جۆرە ڕێکارانە کاریگەریەکی ترسناکیشی دەبێت بەسەر ئەوکەسانەی هەوڵی شەفافیەت و لێپیچینەوە دەدەن لە دەسەڵاتە حکومییەکان.
لەگەڵ پێزانین بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دووچاری گەڵێك دۆخی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بێهاوتا بۆتەوە ،بەڵام دەرەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتەش جێگای نیگەرانین، بەتایبەتیش هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنیەکان و دەستبژێرکردن لە جێبەجێکردنی یاساکانداو پابەندنەبوون بە رێکارە یاساییە پەیوەستەکان و پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافەکانی مرۆڤ.
هەروەها خاتوو باشلێت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەم چەند ساڵەی دوواییدا پێشوەچوونێکی بەرچاو بەدیکراوە بەرەو هەرێمێکی کوردستانی دیموکراسی کە ئازادی ڕادەربڕین و سەروەی یاسا تێیدا بەرز نرخێندراوە، بەڵام کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی پێویستی بەوە هەیە کە دەزگا میدییایەکان و چالاکوانان و ڕەخنەگران توانای ئەوەیان هەبێت کە بەبێ ترس و دڵەڕاوکی و سانسۆر ڕوماڵی بابەتە گشتیەکان بکەن، هەروەها هاوڵاتیانیش مافی دەستکەوتنی زانیاریەکانیان هەبێت.
هەروەها خاتوو جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عیراق و بەرپرسی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق/ یونامی ووتی " شەفافیەت و لێپێچینەوە و کرانەوە بۆ لێپرسینەوە بابەتێکی زیندووە بۆ هەر دیموکراسیەتێکی تەندروست"
هەریەك لە کۆمیسیاری باڵاو نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عیراق ووتیان کەوا " هەماهەنگی بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ نوسینگەکانیان هاندەر بوونە، وە ئاماژەش بەوەی کە ڕاپۆرتەکەو ڕاسپاردەکانی کە تێیدا هاتوون بەشێکن لە دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی برەودان و لێپێچینەوە لە پێشێلکاریەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیاکان.
لە ڕاسپاردەکانیدا، راپۆرتەکە هانی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەدات کە هەنگاوی دەستبەجێ بگرنەبەر بەمەبەستی فەراهەمکردنی پاراستنی تەواوی مافی ئازادی ڕادەربڕین کۆتاییهێنان بە هەراسانکردن و ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە ڕۆژنامەنوسان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان. هەروەها داواش لە دەسەڵات دەکات کە یاسای سزادان وەك ئەداتێك بەکارنەهێنن بۆ مەبەستی سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین، لەنێویشیاندا دوورکەوتنەوە لە گرتن و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی یاسایی ناڕەزایی و توڕەییەکانیان دەردەبڕن. لەپاڵ ئەمەشدا پێویستە یاساکان هەمواربکرێنەوە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ڕوون پێناسەی تەواوی خیتابی قەدەغەکراویان تێدا بکرێت، هەروەها پێویستە هەموو بەربەستەکانی بەردەم ئازادی ڕادەربڕین کە لەیاسا نیوخۆییەکاندا هاتوون گونجاوبن لەگەڵ پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتیی پەیوەستدا.
ئەم ڕاپۆرتە لە پێشدا لەگەڵ حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەشدارى پێکراوە وە لەپاشکۆکەشیدا وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوپێچ کراوە.

بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکە کلیک لێرە بکە