حاکم شێخ لەتیف: کەیسی سزادراوانی بادینان سیاسییە

کوردستان 11/05/2021


چاودێر:

حاکم شێخ لەتیف یاساناس و دادوەر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندا، کەیسی سزادراوانی بادینان و دهۆک سیاسییە.

ژمارەیەک یاساناس و پارێزەر و دادوەر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا، کە تێیدا حاکم شێخ لەتیف یاساناش ئەوەی خستەڕوو، ئەم کەیسە ئاشکرایە کە سیاسییە، چونکە خۆیان دەڵێن دادوەرەکان سێ بەدوو بوون، پێشتر دەیانوت دادوەرانی سلێمانی و هەولێر، شەرمیاندەکرد بڵێن دادوەری یەکێتی و پارتی، بەڵام ئێستا بەشانازییەوە دەڵێن دادوەرەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەو سزایە نەبوون.

ئەوەشی باسکرد، هیوادارە دەستەى گشتی ئەم سزایە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر ئەویش هەڵینەوەشاندەوە، داوا لەسەرۆکی هەرێم دەکەن خۆی دەسەڵاتی لێبوردنی گشتی بەکاربهێنێت و ئازادیان بکات.

وتیشی: داوا لەسەرۆکی حکومەت دەکەین لەبەرئەوەی پێگەی هەرێم کەوتۆتە مەترسییەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەرێم کەوتۆتە مەترسییەوە و لەناوخۆی هەرێمیش  ناڕەزایەتی زۆرە، پێویستە سەرۆکی حکومەت خۆی لێبووردنی گشتییان بۆ دەربکات.