ئایین و ئایدۆلۆجیا

رۆشنبیری 06/05/2021


حەمە سەعید حەسەن


خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە، خوێندنەوەیەک نییە بۆ ڕەتکردنەوە، هەم خوێندنەوەیە و هەم هەڵسەنگاندنیشە. تەوحیدی دەڵێت: (ڕەخنە: قسەی دووەمە، دەربارەی قسەی یەکەم،) ناڵێت ڕەتکردنەوەی قسەی یەکەمە، لەلایەن قسەی دووەمەوە. خوێندنەوەی ڕەتکردنەوە، ئەوەیە قسەی ئەو ڕەت دەکەیەوە، بۆ ئەوەی قسەی خۆت جێی بگرێتەوە، بەڵام خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە، سڕینەوەی پەیامی ئەوی دیکە نییە، دیالۆگە لەگەڵ ئەوی دیکەدا.

مۆدێرنێتە بازاڕێک نییە، بچین چیمان بۆ خۆمان بە پێویست و گونجاو زانی لێی بکڕین و کاڵاکانی دیکەی فەرامۆش بکەین. مۆدێرنێتە مەلێکە بە دوو باڵ دەفڕێت، دیموکراتی و سیکولاریزم، ئەگەر سیکولاریزم ڕەت بکەینەوە، ئەوە عەوام فریودانە، بانگاشە بۆ ئەوە بکەین، بڕوامان بە دیموکراتی هەیە. لێکدانەوەی دونیا لەبەر ڕۆشناییی عەقڵی دێریندا، مانگرتنە لە بیرکردنەوە و نیشانەیە بۆ ئەوەی قەیرانی عەقڵمان هەیە. باوەڕی دێرین کە بە هۆی نەقڵەوە بۆمان ماوەتەوە، میشیل فۆکۆ گوتەنی: (عەقڵی خەڵکی بێ عەقڵە.) ئەگەر بەو پاساوە، عەلمانیبوون ڕەت دەکەیەوە کە لە خۆرئاواوە هاوردە کراوە، جا خۆ دیموکراتی، عەقڵانیبوون، نیشتمانپەروەری، نەتەوەپەرستی، ڕۆشنگەری، حیزبایەتی، ئازادی و مافی مرۆڤیش هەر لە خۆرئاواوە هاتوون، یەکجاری هەموو ئەوانەیش ڕەت بکەوە! 

(چونکە دیموکراتی پێوەندیی بە دینەوە نییە، چونکە دیموکراتی ئەوەیە گەل خۆی حوکمی خۆی بکات و بەبێ گەڕانەوە بۆ حوکمی خوا، زۆرینە بڕیار بدات، بۆیە بڕوام پێی نییە و ڕەتی دەکەمەوە.) ئەگەر خەون بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی دینییەوە دەبینیت، ئاوا ڕاستگۆیانە بپەیڤە، ئەگەرنا لەگەڵ ویژدانی خۆتدا دەکەویتە ناکۆکییەوە. لە دونیای عەرەبدا دوژمنانی مۆدێرنێتە بە پاساوی ئەوەیش بە گژ عەلمانیبووندا دەچوونەوە، گوایە تەنیا نووسەرانی کریستیانی وەک نیقۆڵا حەدداد، سەلامە موسی و لویس عەوەز بانگاشەیان بۆ کردووە، هەرچەندە موسوڵمانان زۆرینەی ئەوانەیان پێک دەهێنا، کە هەڵگری مەشخەڵی ڕۆشنگەری و مۆدێرنێتە بوون، وەک: قاسم ئەمین، عەلی عەبدولڕازق، تەها حوسەین، زەکی نەجیب مەحموود، نەجیب مەحفووز، موحەممەد ئەرکوون، سادق جەلال ئەلعەزم و عەففیف ئەلئەخزەر و زۆری تریش.

عەلمانیبوون نە لاساییکردنەوەیەکی نابینایانەی خۆرئاوایە، بەبێ ئەوەی واقیعی خۆت ڕەچاو بکەیت، نە ئەوەیشە بە پاساوی ڕەچاوکردنی واقیعی خۆماڵی، لە دونیای کەلەپووری ئیسلامدا گیر بخوێت. عەلمانیبوون ئەوەیش نییە بە هەمان دووری، لە نێوان دەوڵەتی دینی و دەوڵەتی مەدەنیدا لەنگەر بگریت، ئاخر ئەوسا فۆرمێک لە دەوڵەت دێتە کایەوە، نە تیوکراتییە، نە عەلمانی، وەک ئەوە وایە بڕوات بە زانستی پزیشکی هەبێت، بەڵام زانستی پزیشکیی نەبەوی، کە ئیبن قەییمی جوزییەی شاگردی ئیبن تەیمییە بانگاشەی بۆ دەکرد.

سەلەفییەکان بۆ چەواشەکردنی عەوام، پەلامارەکانی خاچپەرستان و کۆلۆنیالیزمی مۆدێرن، بە دوو ڕووخساری هەمان دراو لە قەڵەم دەدەن، کە ڕاستییەکەی وا نییە، ئاخر خاچپەرستان هەڵگری کەلەپووری ئایینیی سەدەکانی ناوین بوون، بەڵام کۆلۆنیالیزمی مۆدێرن، لەگەڵ خۆیدا شارستانییەکی نوێ و زیندووی هێنا. ئایا ئەوە بەرەو پێشەوە چوون نەبوو کە ئیمپریالیزمی ئەورووپایی، ئیمپراتۆریای عوسمانیی هەڵوەشاندەوە؟ بە تێکەڵکردنی دینی ئیسلام بە شێوازی حوکم، عەلمانییەکی ئیسلامی بەرهەم نایەت، ئاخر کرۆکی عەلمانیبوون، جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت.

عێراق چونکە دەوڵەتێکی دینییە، دەستوورەکەی بە: (ڕێزمان لە وەچەی ئادەم گرت،)  دەست پێ دەکات، بەڵام فەرەنسیس، کە لە ٢٠١٣ بەدواوە پاپای ڤاتیکانە، دەڵێت: چیرۆکی ئادەم و حەوا ئەفسانەیە. هەرچەند بەگوێرەی ئۆل، هێزێکی بانسرووشت، ئادەمی بە جوانترین شێوە خوڵقاندووە، بەڵام داروین سەلماندی زیندەوەران هەمان ئەسڵیان هەیە. بەپێی ئایین، ئەوە خۆرە بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە، بەڵام کۆپەرنیکووس سەلماندی، ئەوە زەوییە بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە. قەت لە خۆتان پرسیوە: بۆچی دەوڵەتی دینی هیچ شک نابات پێشکەشی مرۆڤایەتیی بکات؟ بۆچی خۆرئاوا سەرچاوەی هەموو داهێنانێکە؟ تا دەوڵەت زەلیلی بن دەستی دین بێت، یان تا دەوڵەت بۆ پتەوکردنی جێپێی خۆی پێویستی بە دین بێت، بوار بۆ داهێنان ناڕەخسێت. بۆ ئەوەی لە کاروانی مۆدێرنێتە دوا نەکەوین، پێویستە لە کەلەپوور یاخی ببین، ئاخر ئایندەی گەش، بە کۆمەکی ڕابردووی تاریک بەدی نایەت. ئەوە ڕاست نییە کە ئێمە خاوەنی کەلەپوورێکی دەوڵەمەندین، چونکە گەلێک خاوەنی کەلەپوورێکی دەوڵەمەند بێت، زوو لەگەڵ مۆدێرنێتەدا دەگونجێت. ئەفسانە زادەی خەیاڵە، بەڵام داستان پڕە لە ڕەگەزی واقیعی، بەهۆی بەسەرکردنەوەی ڕابردوومانەوە، ڕێی داهاتوومان ڕۆشن دەکاتەوە.
*
ئەو ڕۆشنبیرانەی داهێنەرانی وەهمی دیکتاتۆریای پرۆلیتاریا بوون، ڕاستییەکەی مەبەستیان لە دیکتاتۆریای پرۆلیتاریا، دیکتاتۆریای ڕۆشنبیران بوو، ئیدی هەر لە مارکس و ئەنگڵسەوە تا لینین و کاوتسکی. کرێکاران کە دەبوو سەرکردایەتیی بزاڤی مێژوو بکەن، هیچیان لە سەرانی بزووتنەوەی سۆشیالیزم نەبوون، ئاخر ئەوانەیشی پێشینەی کرێکارییان هەبوو، تا وەک ڕۆشنبیر نەناسرابان، وەک سەرکردە ددانیان پێدا نەدەنرا، ئیدی هەر لە ستالینەوە تا چاوچیسکۆ. یەکێک لە دەرهاویشتە نێگەتیڤەکانی دیکتاتۆریای پرۆلیتاریا، تاکپەرستی بوو. هەر لە سایەی دیکتاتۆریای پرۆلیتاریادا، سووکایەتی بە ئینسان دەکرا، دەگیرا، دوور دەخرایەوە، ئەشکەنجە دەدرا، بە شێت لە قەڵەم دەدرا و شۆردنەوەی مێشکی بۆ دەکرا.

 ڕۆشنبیر ویژدانی مرۆڤایەتییە و داکۆکی لە ئینسان دەکات، بەڵام کە ڕۆشنبیر دەبێتە فەرمانڕەوا، ئەوسا ڕۆشنبیر و دەسەڵاتدار لە یەک کەسایەتیدا کۆ دەبنەوە و کەسێک نامێنێت داکۆکی لە مرۆڤ بکات. قۆناغی دادگاکانی پشکنین، وەک زەبروزەنگاویترین قۆناغ، زادەی ئەوەبوو ڕۆشنبیری ئەو سەردەمە کە لە پیاوی ئاییندا خۆی نمایش دەکرد، هاوزەمان دادوەری لێکۆڵینەوە و جەللادیش بوو، ئاخر ئەوسا دەوڵەت و کەنیسە یەکێک بوون، دەسەڵات و عەقڵی ڕەخنەگر یەکێک بوون، سوڵتان و ویژدان یەکێک بوون. ئەوسا ڕۆشنبیر خوێیەک بوو، هەوڵی دەدا ماسیی دەسەڵات بۆگەن نەکات، بەڵام خۆی بۆگەنی دەکرد. ڕۆشنبیر بۆ ئەوەی لە پەراوێزدا نەبێت، ناچارە دڕ بە تەمی خەستی ئایدۆلۆجیا بدات کە بەرچاوی لێل کردووە، واز لە چەمکە سەردەمبەسەرچووەکان و ڕستە سواوەکان بهێنێت و پەنا بۆ مەعریفەت ببات، ئاخر وەک چۆن سەرچاوەی ئایدۆلۆجیای بە دین کراو وشکی کرد، سەرچاوەی دینی بە ئایدۆلۆجیا کراویش ڕوو لە وشکبوونە.

ئەرکی ڕۆشنبیر بەرهەمهێنانی یۆتۆپیایە، ئیدی کۆمارەکەی پلاتۆن بێت، شارە باڵاکەی فارابی بێت، یان شارە نموونەیییەکەی تۆماس مۆر. یۆتۆپیا کاتێک جوانە کە هەر خەون بێت، ئەگەرنا کە بوو بە واقیع، هیچ یۆتۆپیایەک لە دیکتاتۆریای پرۆلیتاریا ئینسانیتر نابێت کە ستالینیزم بەرهەمی هێنا. ئەو یۆتۆپیایەی لە کن فۆکۆ یاما، کۆتایی دیرۆکە، بۆمبی ئەتۆمی لە ئینساندا تاقی کردەوە! وەک چۆن دەوڵەت و دین ئەگەر یەکیان گرت دۆزەخ بەرهەم دەهێنن، یەکگرتنی دەوڵەت و ئایدۆلۆجیای بەپیرۆزکراویش، هەمان سەرئەنجامی لێ دەکەوێتەوە، ئیدی ئایدۆلۆجیاکە ستالینیزم بێت، نازیزم بێت، یان فاشیزم.

لە مێژوودا هیچ ئایدۆلۆجیایەک لە مارکسیزم بەهێزتر نەبووە، تەنانەت لای میلیۆنان لە خەڵکی وەڵاتانی جیاوازی دونیا، وەک ئەڵتەرناتیڤی دینی لێ هات. پەیامهێنی ئەم ئایدۆلۆجیا بە پیرۆز کراوە، مارکس بوو، لینین خەونەکەی مارکسی هێنایە دی. هەرگیز ئایدۆلۆجیایەک نەبووە، هێندەی مارکسیزم لای ڕۆشنبیران پیرۆز بووبێت. کەنیسە ئەوانەی سزا دەدا کە پێی وابوو لە دینی مەسیح وەرگەڕاون، بەڵام پارادۆکس ئەوەبوو، قوربانییەکانی دەستی مارکسیزم، زۆر جار خودی مارکسییەکان بوون، ترۆتسکی یەکێکیان بوو.

لایەنی هاوبەش و هەوێنی تێکشکانی نازیزم و سۆشیالیزم سووتاندنی قۆناغ بوو، نازیزم پەلەی ئەوەی بوو، لە سەرمایەدارییەوە زوو بگاتە ئیمپریالیزم، مارکسیزمیش ویستی باز بەسەر قۆناغی سەرمایەداریدا بدات. لەڕێی گەرمترین جەنگەوە کۆتایی بە نازیزم هات، بەڵام جەنگی سارد، کە توندوتیژترین جەنگی ئایدۆلۆجیایی بوو، هەرەسی بە سۆشیالیزم هێنا. چونکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جیاوازیی چینایەتی قووڵتر دەبێتەوە، بۆیە داهاتووی سەرمایەدارییش کە بەسەر نازیزم و سۆشیالیزمدا سەرکەوت، نەک هەر ڕۆشن نییە، بەڵکوو ئەگەری هەڵگیرسانی شۆڕشی دونیاگرەوەی ستەملێکراوان، هەمیشە لە ئارادا هەیە.
*
ئەوە دیموکراتی نییە، دەرگای بەهەشت بە ڕووماندا دەکاتەوە، ئەوە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتییە، بەرەو هەواری دیموکراتیمان دەبات. دیموکراتی، تەنانەت لە هەواری دێڕینی خۆیشی، دەشێت دەرگای دۆزەخ بە ڕووی کۆمەڵدا بکاتەوە، وەک لە ئەڵمانیای سییەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕووی دا، ئاخر هیتلەر لەڕێی سندووقی دەنگدانەوە دەسەڵاتی گرتە دەست. دیموکراتی ئامێرێک نییە، هاوردەی بکەین و لێی سوودمەند ببین، ئەگەر هەبێت، کانیاوێکە لە زێدی خۆمانەوە هەڵدەقوڵێت. دیموکراتی میوەی پێگەییشتووی درەختی بەهەشت نییە، لێی بکەینەوە و بیخۆین، نەمامێکە دەبێت خۆمان بیچێنین و پەروەردەی بکەین. ئەوە وەهمە پێمان وابێت، بەیانییەک لە خەو ڕادەبین و لەپڕ دەکەوین بەسەر دیموکراتیدا.

جۆرج تەرابیشی گوتەنی: (دیموکراتی کلیلێک نییە، دەرگاکان بە ڕووماندا بکاتەوە، خۆی دەرگایەکە پێویستی بە کلیلە، دەرگایەکە دوای دەرگاکانی دیکە دەکرێتەوە.) دیموکراتی لەگەڵ سەرهەڵدانی چینی بۆرژووادا کە بەرهەمهێنی مۆدێرنێتەیە، پەیدا دەبێت و هەموو هەوڵێک بۆ ڕۆنانی دیموکراتی، بەبێ گەشەسەندنی ئەو چینە، بە تێکشکان دوایی دێت. قۆناغێک لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی هەیە، زادەی سەرهەڵدانی چینی بۆرژووایە، ناتوانین بەهۆی کوودەتای سەربازی، یان شەرعیبوونی شۆڕشگێڕییەوە، بازی بەسەردا بدەین و بگەینە هەواری دیموکراتی. دەتوانین ئەو قۆناغە بسووتێنین، بەڵام ئەگەر بە هیوای ئەوە بین، قەقنەسی دیموکراتی لە خۆڵەمێشی ئەو سووتانەوە پەیدا ببێت، نائومێد دەبین. لە دونیای ئیسلامدا، ئەو ناڕەزایییەی زادەی هەژموونی شەرعیبوونی شۆڕشگێڕی بێت، دەشێت لەبری ئەوەی بە قازانجی دیموکراتی بشکێتەوە، ببێتە ئاوێک و بڕژیتە ئاشی ئیسلامی سیاسییەوە!

سەروەختی هەژموونی شەرعیبوونی شۆڕشگێڕانە، دەسەڵات لەبری ئەوەی هاوکاری دەوڵەت بێت، ڕێ بە خۆی دەدات، زەبروزەنگ نەک هەر لە دژی خەڵک، بەڵکوو لە دژی دەوڵەتیش بەکار بهێنێت. نیشاندانی دەوڵەت وەک قابیل و میللەت وەک هابیل، کرۆکی پۆپۆلیزمە، پۆپۆلیزمێک کە دەشێت زۆر لە دەوڵەتی ستەمکار مەترسیدارتر بێت، وەک ئەو تیرۆرەی ڕۆبسپیر لە فەرەنسا بەڕێوەی دەبرد و ئاخوند لە ئێران بەڕێوەی دەبات. تیرۆر ئەوەیشە، ئەوی وەک خۆت بیری نەکردەوە بە شەیتانی لە قەڵەم بدەیت و ئەوی وەک خۆت بیری کردەوە بە نموونەی باڵای بزانیت.

دیموکراتی ملکەچکردنی کەمینە نییە بۆ زۆرینە، ڕێزگرتنی زۆرینەیە لە کەمینە، ئەگەرنا هەمیشە ئەو پێکهاتانەی سەر بە هەمان ئایین، ئایینزا، یان نەتەوەی زۆرینە نیین، ستەملێکراو دەبن. لە دونیای ئیسلامدا، تاک هەر لەژێر سانسۆری دەوڵەتدا نییە، لەژێر سانسۆری میللیی دینیشدایە کە لە سانسۆری دەوڵەت توندترە، ئاخر وەک نموونە لە میسر، ئەوە میللەتە، نووسەر دەکافرێنێت، بە دادگای دەدات، لە زیندانی توند دەکات و تەنانەت ژیانیشی لێ زەوت دەکات. دیموکراتی بەر لە هەموو شتێک کولتوورە، لە سندووقی هەڵبژاردندا نییە، لە مێشکی تاکەکانی کۆمەڵدایە و ئەگەر کۆمەڵ خاوەنی سیستەمێکی دیموکراتی نەبێت، سیستەمی فەرمانڕەوایی دیموکرات نابێت. تا دیموکراتی نەبێت بە کولتووری کۆمەڵ، نە ئازادیی فیکرمان دەبێت، نە ئازادیی باوەڕ و نە ئازادیی خۆشەویستی.
*
(-) بۆچی کوشتت؟
(+) چونکە عەلمانی بوو.
(-) عەلمانی چییە؟
(+) نازانم.

ئەوە پرسیاری دادوەر و وەڵامی بکوژی فەرەج فۆدە بوو! لای ئیسلامییەکان، عەلمانی وشەیەکی نەفرەتییە، ئاخر لەوان وایە، عەلمانی بە مانای کافر و مولحید دێت. کە لە بەرنامەی (شەریعەت و ژیان)دا لە یوسف قەرەزاوی (سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمان) دەپرسن: ڕات چییە لەسەر موسوڵمانە عەلمانییەکانی ئەم سەردەمە، دەڵێت: پێم سەیرە هێشتا سزای تاوانی لە دین وەرگەڕانیان بەسەردا جێبەجێ نەکراوە، کە کوشتنە.

کە مەسیح گوتوویەتی: (هی قەیسەر بۆ قەیسەر و هی خوایش بۆ خوا،) هەیە ئەو گوتەیە بە تۆوی  جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت هەژمار دەکات. سێ سەدە بەسەر سەرهەڵدانی کریستیانیزمدا تێدەپەڕێت، ئینجا ئیمپراتۆری ڕۆمان دێتە سەر دینی مەسیح و لە ٣٨٥ی زاییندا کریستیانیزم دەبێتە ئایینی فەرمیی ئیمپراتۆریای ڕۆمان. لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا حەسەن بەننا گوتوویەتی: ئیسلام دینە و دەوڵەت، بە مەرجێك دەوڵەت نە لە قورئاندا هاتووە، نە لە فەرموودەدا. کە پەیامهێن گوتوویەتی: (خۆتان لە کاروباری دونیاتان لە من باشتری لێ دەزانن، من لە دین و لە ئەودونیا شارەزام.) دەشێت ئەو گوتەیەش وەک تۆوی عەلمانیبوون سەرنجی بدرێت.

پەیامهێن ئەو سێزدە ساڵەی لە مەککە دەبێت، بە لایەنە ڕۆحییەکانی دینەکەیەوە سەرقاڵ دەبێت، دوای کۆچ بۆ مەدینە، ئینجا دەست بە ڕۆنانی دەوڵەت دەکات. سوورەتەکانی مەدینە بە پێچەوانەی ئەوانەی مەککەوە، زیاتر بە کاروباری دونیایییەوە خەریکن. کە پەیامهێن لە سەرەمەرگدا دەبێت، دووان لە ژنەکانی عائیشە و حەفسە، کە ئەمیان کچی ئەبوو بەکر و ئەویان کچی عومەر دەبێت، لەسەر ئەوەی باوکی کامیان جێی بگرێتەوە، نێوانیان تێک دەچێت. هێشتا پەیامهێن نەک دفن، کفنیش نەکرابوو، لە سەقیفەی بەنی ساعیدە، لەسەر دیاریکردنی جێگرەوە بۆی، هێندەی نەمابوو، خوێنی تێدا بڕژێت، ئەمەیش بەڵگەیە، بۆ زاڵبوونی سیاسەت بەسەر دین و بەرژەوەندی بەسەر پیرۆزدا، بەڵگەیە بۆ ئەوەیشی، خەلافەت زیاتر دامەزراوەیەکی سیاسی بوو، وەک لەوەی ئایینی بێت.

لەسەر دەسەڵات و سامان، لە چوار خەلیفەی ڕاشید، سێیان کوژران، کوڕیان کوژرا، کچەزای پەیامهێن کوژرا و تەنانەت شەڕ کەوتە نێوان عائیشەی ژنی پەیامهێن و عەلیی ئامۆزا و زاوای پەیامهێنەوە. لە مەعاوییەوە، پاشایەتی جێگەی خەلافەتی گرتەوە، کوڕ دەبوو بە جێنشینی باوک. ئیسلام هەرچەندە وەک دین سەری هەڵدا، بەڵام هەر زوو سیاسەت بەسەر لایەنە ڕۆحییەکەیدا سەرکەوت. خەلیفەی ئیسلام چونکە شەرعییەتی دینی و دەسەڵاتی سیاسی لە چنگی خۆیدا چڕ دەکردەوە، بۆیە هاوزەمان هەم تیۆکرات بوو، هەم ئۆتۆکرات.

سەرکەوتنی عەلمانیبوون لە خۆرئاوا، زادەی ئەو دابڕانە مەعریفییە بوو کە مۆدێرنێتە هێنایە ئاراوە، نەک بەهۆی ئەوەوە کە  کریستیانیزم هەڵگری تۆوی جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت بووە. لای ئیسلامیش هەر وا دەکەوێتەوە، سەرهەڵدانی سیکولاریزم، بە هەژموونی مۆدێرنێتەوە بەند دەبێت، ئاخر بەبێ مۆدێرنێتە، دابرانی مەعریفی ڕوو نادات.

لە قورئاندا چەند جارێک (حوکمی خوا) هاتووە، بەڵام ئەو حوکمە پێوەندیی بە حوکوومەت و فەرمانڕەوایییەوە نییە، بەڵکوو مەبەست لێی ویستی خوایە، هەڵگری مانای سیاسی نییە. ویستی خوا لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە هاوبەشی بۆ پەیدا نەکەین. حوکمی خوا ئەوەیشە هەر پشت بە ئەو ببەستین و بڕوامان بەوە پتەو بێت، چارەنووسمان بە ویستی زاتی خۆیەوە بەندە.

(ومن لم یحکم بما أنزل اللە فأولئک هم الکافرون ٤٤ المائدة) ئیسلامی سیاسی بە پشتبەستن بەو ئایەتە، داوای دەستوورێکی پشتئەستوور بە شەریعەت دەکات، بە مەرجێک ئەو ئایەتە ئاماژەیە بۆ تەورات کە تێیدا سزای زیناکار، سەنگبارانە. جۆرج تەرابیشی دەڵێت: ئەگەر ئیسلامی سیاسی لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ بووایە، یان هانای بۆ ئەو ئایەتە نەدەبرد، یان بۆ نووسینەوەی دەستوور، تەنیا پشتی بە قورئان نەدەبەست، سوودی لە تەوراتیش وەردەگرت.
*

(*) جورج طرابیشی، هرطقات عن الدیمقراطیة والعلمانیة و الحداثة والممانعة العربیة، دار الساقي ٢٠٠٦ بیروت.
(**)  الطبري، تأریخ الرسل والملوک، تحقیق: محمد أبو الفضل إبراهیم، جزء ٣ ص٩٦ دار المعارف ١٩٦٩ القاهرة