وەزیرێکی حکومەتى عیراق دەستیلەکارکێشایەوە

عێراق 04/05/2021

چاودێر:

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنى وەزیرانی عیراقدا لایەنە کەمتەرخەمەکان لەڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەى ئیبن خەتیب لەبەغداد دیاریکرن و ڕێکاری پێویستیان لەبەرامبەر گیرایەبەر.

 

بەپێی هەواڵی میدیا عیراقییەکان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەڕێوەچووە، کە تێیدا لایەنە کەمتەرخەمەکان لەڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەى ئیبن خەتیب دیاریکران و سزای پێویست دران.

 

هەر بەپێی ئەو هەواڵانە، سەلمێنراوە کە وەزیری تەندروستی عیراق کەمتەرخەمنەبووە لەو ڕووداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری تەندروستی خۆی نامەى دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بەئەنجومەنی وەزیران کردووە، ئەمڕۆش سەرۆکی ئەنجومەنەکە دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەندکرد.

لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە و یاریدەدەری كارگێڕی و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی لەپۆستەکانیان دووربخرێنەوە و پلەکانیان داببەزێنرێت.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بەغدا-ڕوسافە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.