سلێمانی.. نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان دیاری كرا

کوردستان 04/05/2021


چاودێر:
نرخی سەعاتێك ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان لە ناو شاری سلێمانی بۆ مانگی نیسان بە‌ (38) دینار دیاری دەكرێت، هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدە لە دوای مانگی رەمەزان گۆڕانكاری تێدا دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (2021.5.4)  لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان رایگەیاند، لەسەر بنەمای‌ نرخی سوتەمەنی لە ‌بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی چوار (نیسان)ـی ‌بە (38) سی و هەشت دینار بۆ یەك سەعات/ئەمپێڕ كاركردن دیاریكرد‌.

ئاماژە بەوەشكراوە، كاركردن و تەرخانكردنی كارەبا لەلایەن موەلیدە ئەهلییەكانەوە بۆ هاوڵاتیان لەنێوان (50) بۆ (70) سەعاتە بەمەش نرخی یەك ئەمپێڕ كارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ ئەو مانگە لە نێوان دو هەزار بۆ دو هەزار و (500) دینارە، بەهۆی جیاوازی كارپێكردنی موەلیدەكان لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە، نرخی ئەمپێڕێك كارەبای موەلیدە لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە جیاواز دەبێت.

ئەوەشی راگەیاندوە، خشتەی كارپێكردن و دابینكردنی كارەبا لەلایەن موەلیدە ئەهلییەكانەوە بۆ مانگی پێنج (ئایار) تا كۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز پێدانی كارەبای موەلیدە لە ‌سەعات (12)ـی نیوەڕۆ بۆ سەعات (4)ی بەرەبەیان دەبێت، لەو ماوەی دیاریكراوە هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویستە مۆلدە ئەهلییەكان لەماوەی (10) دەقیقە كاریان پێبكرێت، بەڵام لەدوای مانگی رەمەزانی پیرۆز گۆڕانكاری تێدا دەكرێت.