نەوزاد هادی: مستەفا کازمی داوای کرد ببمە راوێژکاری، منیش رازی بوم

کوردستان 04/05/2021

لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، نەوزاد ھادی دەبێتە راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ چاودێریکردنی کاروباری پڕۆژەکان.
نەوزاد ھادی، راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری پێشووتری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندوە: راستە کە ئەو پۆستە بە من دەدرێت و چاوەڕێ دەکرێت فەرمانی دەستبەکاربوونم دەربچێت و دەست بە کارەکانی خۆم بکەم". بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات.
لە میانەی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردبوو نەوزاد ھادی ببێتە راوێژکاری سەرۆکوەزیران و ئەوانیش رازی بووە، بۆیە ئێستا چاوەڕێ دەکرێت فەرمانەکە دەربچێت و دەستبەکار بێت.