حیکمەت و حەماقەت

رۆشنبیری 03/05/2021

حەمەسەعید حەسەن
گای سورمان کە نووسەرێکی فەرەنسایییە، (میشیل فۆکۆ)ی (١٩٢٦ - ١٩٨٤) هاوڕێی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە کۆتاییی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو، سەروەختێک لە توونس ئوستاد بووە، ناوبەناو لە گۆڕستانی گوندی سیدی بووسەعید لاقەی منداڵانی کردووە! هەرچەندە ئەو سەردەمە فۆکۆ ئیلهامبەخشی لاوانی چەپی توونس بووە و بۆ خەبات لە دژی ڕژێمی بورقێبە و لە پێناوی ئازادی و دادپەروەریدا هانی داون. یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە، فۆکۆ جێی گومان بێت، ئەوەیە ١٩٧٧ نامەیەکی واژوو کردووە، تێیدا داوای ئەوە کراوە، سێکسکردن لە سێزدە ساڵییەوە بە یاسایی بکرێت. (ڕۆڵان بارت)یش ئیمزای لەسەر هەمان نامە کردبوو. فۆکۆ هەم دیرۆکی سێکسواڵیتی نووسیوە و هەم قسەی لەسەر خۆشویستنی (غیلمان) لەکن یۆنان کردووە. 

گای سورمان دەڵێت: منداڵی هەشت نۆ ساڵان دوای فۆکۆ کەوتووە و پێی گوتووە، منیش ببە! ئەویش پارەی بۆ هەڵداوە و پێی گوتووە سەعات دەی شەو لە شوێنی مەبەست چاوەڕێم. جەی میللەر کە ژیاننامەی فۆکۆی نووسیوەتەوە، دەڵێت: (هاوڕەگەزخوازێکی سادیست بوو، یەکەمین کەسی ناودار بوو، ددان بەوەدا بنێت کە هاوڕەگەزخوازە.) ڤۆڵتیر دەیگوت: دوو جۆر ڕەوشت هەن، یەکێکیان بۆ عەوام، جڵەوی دەکەیت، ئەوی دیکەیان بۆ بژاردە، سنوور دەبەزێنیت.) ئەی کرێکارانی جیهان دەستگەمە بکەن! هەندێک لەو ڕۆشنبیرە ڕادیکالانەی لە ڕابوونەکەی ئایاری ١٩٦٨ی پاریسدا چالاک بوون، ئەو دروشمەیان بڵند کردبووەوە.

گای سورمان پێی وایە، فۆکۆ بوێریی ئەوەی شک نەبردووە، گێچەڵ بە منداڵانی فەرەنسا بکات، وەک چۆن (پاوڵ گوگان) دەچوو دەستدرێژی دەکردە سەر کچانی کەمتەمەنی تاهیتی، ئەندرێ جید لاقەی منداڵانی ئەفریکایی دەکرد، ئەویش لە توونس منداڵبازیی دەکرد. گای سورمان دەڵێت: (ئەو جۆرە دەست درێژییە، پاڵنەرێکی ئیمپریالیشی لە دواوە بووە، ئیمپریالییەکی سپیپێست، پەشیمانم کە وەختی خۆی پۆلیسم لێ ئاگادار نەکردەوە.) بە فەرمانی شاعیری ڕۆمانتیک: لامارتین کە ماوەیەک سەرۆکی حوکوومەتی فەرەنسایش بوو، عەبدولقادری جەزائیری لە زیندان توند کرا. ڤیکتۆر هۆگۆیش داگیرکردنی جەزائیری بە ڕەوا دەزانی، گوایە فەرەنسا شارستانیی بۆ دەبات. مارتن هایدگەر دەیگوت: ئەوی وەک مەزنێک بیر بکاتەوە، هەڵەی گەورەیش دەکات! نیکۆس کازانزاکی لە (ڕێی بەرەو گریکۆ)دا، شتێکی وا دەڵێت: بەپێی لۆگیکی ڕاهیب، ڕێی بەرەو پیرۆزی بە هەڵەدا تێدەپەڕێت.

سپینۆزا و کانت نە حەزیان لە ناوبانگ بووە، نە لە سێکس. هایدگەر لەگەڵ ستەمکاریدا بووە و بانگخوازێکی ڕژێمی نازی بووە. جان جاک ڕۆسۆ بەناوبانگترین کتێبی لەبارەی پەروەردەکردنی منداڵەوە نووسیوە، کەچی پێنج منداڵی خۆی ڕادەستی خانەی بێ سەرپەرشتان کردووە. زۆریش قسەی لەبارەی وەفادارییەوە کردووە لەنێوان ژن و مێرددا، کەچی بە ژنە بێسەوادەکەیدا نامەی ئەڤینداریی بۆ کۆنتیسە سۆفیا دوودیتۆ دەنارد! ڕۆسۆ بەو حاڵەوە، خۆی بە عیسا بەراورد دەکرد، گوایە ئەمیش وەک ئەو، دڵسۆزی مرۆڤایەتی بووە و وەک ئەویش تووشی کوێرەوەری بووە.

فەریدە ئەلدەهمانی کە پەیامنێری گۆڤاری جوون ئەفریکە، دیمانەی لەگەڵ هەندێک لە خەڵکی گوندی سیدی بووسەعیددا ساز کردووە و سەبارەت ئەو سەردەمە و فۆکۆ پرسیاری لێ کردوون، گوتوویانە: ئەو گۆڕستانە شوێنێکی کراوە بووە، خەڵک بەو ناوەدا هاتوچۆیان کردووە، کەس منداڵبازیی لە فۆکۆ نەدیوە، بەڵام حەزی بە دۆستایەتیی گەنجانی جوانکیلە کردووە. پۆلیس بۆیە چاودێرییان دەکرد، چونکە پشتگیریی لە ڕابوونی ئاداری ١٩٦٨ی خوێندکارانی توونس کردبوو. فاتیمە حەدداد کە لە نزیکەوە فۆکۆی ناسیوە، گوتوویەتی: (فۆکۆ بۆیە لە توونس - سنوورداش -  کرایەوە، گوایە لەگەڵ خوێندکارانی گەنجدا چالاکیی سێکسی هەبووە.)