كێ لەپشت گرانكردنی نرخی بەنزینە ؟

ئابوری 29/04/2021

چاودێر
نرخی جۆرە جیاوازەكانی بەنزین لەهەرێمی كوردستان، بەبەرزی ماوەتەوە و نیگەرانی شۆفێرانیش لەخراپی كوالێتیەكەی بەردەوامە، سەرۆكی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش، رەخنە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەگرێت و چەند پێشنیازێكیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكە دەخاتە ڕوو.
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند:  وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەك هۆكاری ناوخۆیی یارمەتیدەری بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنییە، هەرچەندە هۆكاری دەرەكیمان هەیە كە تا رادەیەكی زۆر لاوازە، وەك بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و بەرزبونەوەی نرخی نەوت و هۆكارە تەندروستی و سروشتییەكان.
ناوبراو، روونیشیكردەوە،"ئەوەی جێی تێبینییە هۆكارە ناوخۆییەكە كە بەراستی زۆر جێی ئەسەفە بۆ ئێمە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە ئیدارییەكان خۆیان هاوكارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی".
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكراشیكرد: لە 2021/3/7ەوە هەتاكو ئێستا بەپێی رێنماییەكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ هەر بارهەڵگرێكی سوتەمەنی، بڕی 300 هەزار بۆ 400 هەزار دینار زیادكراوە لەدەروازە سنوورییەكاندا.
سەبارەت بەگرتنە بەری رێكاری بەپەلە و چارەسەری گرانی نرخی بەنزینیش، كەریم عەلی، باسیلەوەكرد: هەڵوەشاندنەوەی رێنماییەكانی سامانە سروشتییەكان، لادانی تەواوی كۆمپانیا مشەخۆرەكانی دەروازەكان و دەركردنی رێنماییەك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخی سوتەمەنی پێویستە.