لەسەدا ٣٣ نرخی بەنزین گرانبووە و هاوڵاتییانیش هیچ هەڵوێستیان نییە

ئابوری 27/04/2021

 

چاودێر:

ساڵی ڕابردوو، لە ئەڵمانیا چەند سەنتێک نرخی بەنزین گران کرا، هەمووخاوەن ئۆتۆمبێلەکان، هاتنە سەر شەقام وئۆتۆمبێلەکانیان کوژاندەوە، ژیانیان ڕاگرت، حکومەتیان ناچار بەداوای لێبوردنکرد، بەڵام لەهەرێمی کوردستان لەسەدا ٣٣ نرخی بەنزین گرانبووە، بەڵام هیچ هەڵوێستێک نابینرێت.

عیماد مەحمود، ئابوویناس لەوتارێکیدا ڕایگەیاند، بەنزین، یەکێکە لەو کاڵا سەرەکیانەی کە ڕۆژانە هەمووان بەکاری دەهێنن و پێداویستی ڕۆژانەیە، بێ جیاوازی. سەرەڕای خراپی گوزەرانی خەڵک و دۆخی ژیان، بەهۆی پێنەدانی موچەو دواکەوتن و لێبڕینەوە، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بەهای دۆلار. گرفت و قەیرانێکی تر بەرۆکی گرتوون، کە ئەویش گرانبوونی نرخی بەنزینە.

باسی لەئەوەشکرد، گران بوونی ئەم کاڵایە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان دەبێت، بەوکەسانەش کە خاوەن ئۆتۆمۆبێل نین، چونکە دواجار گرانبوونی کاریگەری لەسەر نرخی گواستنەوەی کاڵاو شمەکەکان و سەرنشینەکانیش دەبێت.

ئاشکراشیکردووە، تەنها لەماوەی مانگێکدا، نرخی بەنزین بەڕێژەی (33%) هەڵکشاوە، واتە لە(450 بۆ 650) دینار، بەرزبووەتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی (2016)دا، بەتەواوەتی کشانەوەی خۆی لە پاڵپشتی نرخی گازوایل ڕاگەیاند، لە پێناو زیادکردنی داهاتی خۆی و دابینکردنی مووچە.

نوسیویشیەتی، ئەوەی بەرپرسارە، لەم هەڵکشانەی نرخی بەنزین، دوو لایەنی سەرەکییە:

لایەنی یەکەم: ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی حیزب و هەردوو ماڵباتە، کەقۆرخی بەرهەمهێنانی گازۆیلیان بەگشتی کردووە، کە کۆمپانیای( کار، قەیوان، ستێرگروپ و عێراق ئۆیڵ و فاروق گروپ)ە. کە نرخ بەدڵی خۆیانە، نەک هاوڵاتی، بێ ڕەچاوکردنی کوالێتی وگوزەرانی خەڵک.

لایەنی دووەم: حوکمەتی هەرێمە، کە بۆ هەر تەنێک سووتەمەنی (30) دۆلار باجی لەسەر کۆمپانیاکان، زیاد کردووە.

هاوتەریب، هۆکار گەلێکی تر هەیە، لەوانە ئەو پاڵاوگەنایاساییانەن، کەخاوەن ئەو سێ کۆمپانیا زەبەلاحەی سەرەوەن، کەنەوتی خاو، ماددەی شەهراویان بێ کوالێتیان، پێ سپیدەکەنەوە لەڕێگەی ئەوانەوە ساغیدەکەنەوە.

ئەوەشی باسکرد، پێشبینیدەکرێت، ئەم نرخە بۆ نزیک هەزار دینار هەڵکشێت، لە ئەگەری بێ دەنگبوونی هاوڵاتی وبەکاربەراندا. هۆشیاری تاک، زۆر گرنگە لەکۆمەڵگادا، تاوەک زوو زوو ستۆپ بەم پاوانخوازی و خۆدەوڵەمەندبوونی زیاتریان بگیرێت، جێگەی داخە، کەئەم هۆشیارییە لای ئێمە لاوازە و تاڕادەیەک دەتوانین بڵێن، تاکی کورد، هۆشیاریی بەشێوەیەکی گشتی نی یە، هۆشیاری تاک و گەلی زیندوو، بەنمونە ساڵی ڕابردوو، لە ئەڵمانیا چەند سەنتێک نرخی بەنزین گران کرا، هەمووخاوەن ئۆتۆمبێلەکان، هاتنە سەر شەقام وئۆتۆمبێلەکانیان کوژانەوە. ژیانیان ڕاگرت، حکومەتیان ناچار بەداوای لێبوردنکرد.

وتیشی: کەواتە، هۆشیاری ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەو دیاردەکاندا.