زەریف نهێنی ناكۆكییەكانی لەگەڵ قاسم سولەیمانی ئاشكرا دەكات

ڕاپۆرت 27/04/2021

 
چاودێر: 

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە تۆمارێكی دەنگی دزەپێكراودا بۆ یەكەمجار پەردەی لەسەر ناكۆكییەكانی نێو فەرمانڕەواكانی ئێران نیشان دا.

محەمەد جەواد زەریف لە تۆمارە دەنگییەكەدا بە ئاشكرا نیگەرانی و ناڕەزایەتی دەخاتەڕوو لە هەژموونی سوپای پاسداران بە سەر كاروباری دەرەوە و دۆسێی دبلۆماسی و دۆسێی ناوەكیدا.

زەریف گوتی: فەرماندەی سوپای قودس قاسم سولەیمانی كۆنترۆڵی وەزارەتی دەرەوەی كردووە.

چاودێران دەڵێن ئەم هەنگاوەی زەریف تێپەڕاندنی هێڵە سوورەكانە لە رەخنەگرتن لە توندڕۆكان لە نێو فەرمانڕەواكانی ئێراندا.

ئەم گوتانەی جەواد زەریف دەری دەخات كە سوپای پاسداران و توندئاژۆكان رۆڵی سەرەكییان هەیە لە دەسەڵاتدا لەسەرجەم جومگەكاندا، بەرەی ریفۆرمخوازەكان پەراوێز خراون.

 ئەوەش دەردەخات كە سوپای پاسداران بە توندی دەستی گرتووە بە سەر دەسەڵاتدا نفووزی خۆی دروست كردووە بە جۆرێكە دەتوانێت هەر نزیكبوونەوەیەك لەگەڵ خۆرئاوا ئاستەنگ بكات، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەكان.

كەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ كە كەناڵێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە بە زمانی فارسی لە لەندەن پەخش دەكات، بڵاویكردەوە نفوزی زەریف لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران سفرە، ئەوەی حكوم دەكات لەشكرییەكانن، و پەیكەری وەزارەتی دەرەوە شێوەیەكی ئەمنییە.

لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران خەتیب زادە لە ئەوبارەیەوە گوتی: ئەو گوتانەی جەواد زەریف وەزیری دەرەوە كە بڵاوكراونەتەوە پچڕ پچڕن وەرگیراون لە چاوپێكەوتنێكی 7 سەعاتی.

جەواد زەریف نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە ئەو ئاستەی سولەیمانی پێی گەیشتووە لە كاریگەری لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا هەوڵی داوە شكست بە رێككەوتنی ناوەكی بێنێت لە 2015 لەگەڵ روسیا.

زەریف باسی لە هەندێك مامەڵە و هەڵوێستی سولەیمانی كردووە لە كاتی گفتووگۆكاندا لەگەڵ زلهێزەكاندا.

زەریف گوتیشی: خۆی كاندید ناكات بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كە بڕیارە لە 18ی حوزەیرانی ئەمساڵ ساز بكرێت"، بەڵام بەشێك لە رەخنەگرەكانی دەڵێن ئەو گوتانەی زەریف ئاماژەن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ، دەنگی ئەوانەی لە رەوشێكی خراپی ئابووری و سیاسیدا دەژین.

لای خۆیەوە ئاژانسی دەنگوباسی فارسی ئێرانی نزیك لە سوپای پاسداران رەخنەی لە زەریف گرتووە كە خۆی هاوتای سولەیمانی كردووە لە لوتكەی دبلۆماسییەتدا لە بەرامبەر لوتكەی مەیدانی سولەیمانیدا لە مەیدانی جەنگ.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە گرنگی گوتەكانی وەزیری دەرەوەی كەمكردەوە، گوتی: ئەوە نزیكەی نیوەی چاوپێكەوتنێكی 7 سەعاتییە.