توركیا سەركردەكانی ئیخوان دەردەكات

ڕاپۆرت 21/04/2021

 
ئەنقەرە داوای لە ئیخوان كردووە چیدیكە لە بەرامبەر قاهیرە شەرمەزاریان نەكەن
چاودێر: 

تا ئێستا توركیا بەردەوامە لە نزیكبوونەوە لە میسر چەندین دەستپێشخەری كردووە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ.

لە نوێترین هەوڵدا پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای توركیا پێشێنیازی پێكهێنانی لیژنەی هاوڕێیەتی نێوان توركیا و میسری كردووە.

لای خۆیەوە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە لێدوانێكدا گوتی: هۆشداریمان داوە بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی میسر لە توركیا لە هەوڵی پەرەسەندن دژی قاهیرە رابوەستن.

لە ئەو چوار چێوەیەدا چەند سەرچاوەیەك بۆ كەناڵی العربیە گوتیان: پەیوەندی نێوان توركیا و میسر راناوەستێت لەسەر ئیخوان، ئەم دۆسێیە رێگرنییە لە پێش نزیكبوونەوەی هەردوولایەن.

ئەو سەرچاوانە ئاشكرایان كرد كە ئەنقەرە داوای لە سەركردەكانی ئیخوان كردووە توركیا جێبهێڵن تا نەبێتە هۆی شەرمەزارییان لە بەرامبەر قاهیرەدا.

سەرچاوەیەك گوتی: توركیا دەیەوێت سەركردەكانی ئیخوان دووربخاتەوە لەسەر خاكەكە هاوشێوەی پاكستان كە سەركردەكانی گرووپە جیهادییەكانی ئەفغانستانی لەسەر خاكەكەی دوورخستەوە لە 1994 .

ئەنقەرە داوای لە رێكخراوی ئیخوان كردووە چالاكییەكانیان لە ئیستەنبوڵ رابگرن، رەخنە لە قاهیرە نەگرن گوتارییان خاوبكەنەوە دەتوانن بچن بۆ وڵاتێكی دیكەش.

 خەیری عومەر مامۆستای زانستی سیاسی نیشتەجێی توركیا گوتی: ئیخوان باش دەزانێت بەرژەوەندییەكانی توركیا لە پێش پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ ئیخوان، لە خۆگرتنی ئیخوانەكانیش هەستیاری دروستكردووە بەرامبەر قاهیرە بەتایبەت لەگەڵ خواستی نزیكبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات،  بۆیە ئەنقەرە گروپی ئیخوانی پابەند كردووە بە راگیرانی رەخنە گرتن لە قاهیرە و گەڕان بە دوای وڵاتانی دیكەدا.

بەپێی سەرچاوەكان، مەحمود حوسێن ئەمینداری گشتی پێشووی گرووپی ئیخوان هەستاوە بە گەڕان بە لەندەن و مالیزیادا بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەك بۆ خۆیان كە بتوانن تێیدا جێیان بێتەوە.

سەرچاوەیەك گوتی: گروپی ئیخوان لە بۆسنە و ئۆكرانیا و بولگاریا شوێنیان دۆزیوەتەوە بۆ هەندێك سەركردەكانیان بە تایبەت ئەوانەی دادگای میسر سزای بۆ دەركردوون.

هاوكات هەندێك لە میدیاكارەكانی ئیخوان خەریكی دروستكردنی هەندێك كەناڵی ئینتەرنێتین بۆ جێگرتنەوەی كەناڵەكانی خۆیان كە لە ئیستەنبوڵ پەخشیان راگیراوە یان بەرنامە سیاسییەكانیان راگیراون.