لەکورسی سەرۆکەوە بۆ مەیدانەکانی جەنگ

ڕاپۆرت 20/04/2021

 
چاودێر: 

ئەو سەرۆکەی ٣٠ ساڵ پێش ئێستا لەیاخیبوونێکی سەربازیدا دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەمڕۆ لەیاخوونێکی سەربازی دیکەدا لەشەڕی دەستەویەخەدا کوژرا.

پاش ٣٠ ساڵ هەفتەى رابردوو بۆ شەشەمین جار  ئیدریس دیبی بەسەرۆکی چاد هەڵبژێردرایەوە، بەهۆیەوە ڕەوشی وڵاتەکە کەوتە دۆخێکی مەترسیدار و ناسەقامیگرەوە، چونکە بەرەی گۆڕانکاری چادی بەسەرۆکایەتى محەمەد مەهدی عەلی، کە گروپێکی چەکداری یاخیبوون (لەساڵی ٢٠١٦ەوە شەڕی سەرۆکی چادیان ڕاگەیاندووە)، ئۆپراسیۆنەکانیان دژ بە ئیدریس دیبی و دەسەڵاتەکە چڕکردەوە.

ڕۆژانی یەک شەممە و دوو شەممە شەڕ لەناوەڕاستی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و ناوچەی کانم لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە گیرا، دواتر بەرەو پایتەخت پێشڕەوییان کرد.

سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن: پاش پێشڕەوییەکان، سەرۆکی چاد بڕیاریدا خۆی بچێتە بەرەکانی جەنگ و لەبەرامبەر هێزە یاخیبووەکانی وڵاتدا هاوشێوەی سەربازەکانی بجەنگێت، بەڵام لەمەیدانی جەنگ بەخت یاوەری نەبوو و بەسەختی برینداربوو.

سەرۆکی بەرەی گۆڕانکاری چاد، دەڵێت: بینومە لەمەیدانی جەنگدا فڕۆکەیەک هاتووە، فەرماندەکانی جەنگی بەبرینداری گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەرەو شاری نجامینای پایتەخت، کە ٤٠٠ کیلۆمەتر لەبەرەی جەنگەوە دوور بووە.

هاوکات بەپەلە لەدەوری کۆشکی سەرۆکایەتی تانک و زرێپۆشەکان لەئێوارەی ڕۆژی دوو شەممەوە بڵاوەیان پێکرا، کە بڕیاربوو لەوێ ئیدریس دیبی وتارێک پێشکەش بەهاوڵاتییانی وڵاتەکەی بکات، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە نەیتوانی ئامادەبێت.

پاش مانەوەی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەنەخۆشخانە و لەژێر چاودێری پزیشکی ورددا ئەمڕۆ گیانی سپارد.

ئیدریس دیبی سەرۆكی چاد ماوەی 30 ساڵە بە زەبری هێز لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە و بۆ جاری شەشەم لە 11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنەكانی بردەوە بە رێژەی 79% و بووەوە سەرۆك.    

ئەمریكا رۆژی دوو شەمممە رایگەیاند چەكدارە یاخیبووەكان لە چاد جوڵاون بەرەو نجامینای پایتەخت،  فەرمانیشی كرد بە هاووڵاتی و كارمەندەكانی ئەو وڵاتە چۆڵ بكەن، چونکە ئەگەری دروستبوونی توندوتیژی دەبێت.

ئیدریس دیبی لەساڵی ١٩٩٠ لەیاخیبوونێکی چەکداریدا دەسەڵاتی گرتەدەست و تاکو ئێستا بەردەومبووە.

دیبی هاوپەیمان و متمانەپێکراوی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوو، کە شەڕی تیرۆرستان و تووندڕەوەکانی دەکرد لەنێوەڕاست و خۆرئاوای ئەفریقا، ڕووبەڕووی گروپە چەکدارەکانی بیابانی باکوور بۆتەوە.

تادەهات نارەزایەتى جەماوەری لەدژی ئیدریس دیبی زیادی دەکرد، بەهۆی خراپئیدارەدانی نەوت و هەڵمەتی سەرکوتکردنی نەیارەکانیەوە.

کوڕی سەرۆکە کوژراوەکە، ئەفسەرێکی سوپای چاد بووە، تا بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی دەوڵەتبووە، کە بەپاسەوانی سەرۆکایەتی ناسراوبووە، دواتر سەرۆکایەتی ئەنجومەنى سەربازی گرتەدەست.

دوای کوژرانی باوکی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنە سەربازییەکە کرا، بۆ دەرکردنی پەیماننامەیەک بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بەشێوازی ڕاگوزەر.