وەزیری تەندروستی: ڤیزای ڤاكسین لە داهاتودا دەبێتە مەرجی سەرەكی لە بوارەكانی ژیاندا

کوردستان 18/04/2021


وەزیری تەندروستی باس لەوە دەكات پێشوازی لە وەرگرتنی ڤاسین لەلایەن هاوڵاتیانەوە زۆر بەرەو پێشەوە چوە، ڤیزای ڤاكسینیش كە دوای كوتان دەدرێت بە هاوڵاتیان لە داهاتودا لە زۆربەی بوارەكانی ژیاندا سودی لێوەر دەگیرێت.
 
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرایدەكات، كارتی وەرگرتنی ڤاكسین ( ڤیزای ڤاكسین Vaccine VISA)ی نێودەوڵەتی ئامادەكراوە‌و تەنها بۆ هاوڵاتیانی تۆماركراو دەدرێت‌و لە داهاتودا دەبێتە مەرجی زۆر لە بوارەكانی ژیاندا.
د. سامان بەرزنجی، باس لەوەیشدەكات، پێشوازیكردن لە وەرگرتنی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەم هەفتەیەدا زۆر بوە بە بەراورد بە هەفتەكانی رابردو كە هەمو هەوڵێكیان ئەوەبو هاوڵاتی رو لە خۆتۆماركردن‌و وەرگرتنی ڤاكسین بكەن، ئەم هەفتەیە شەش هێندەی پێشو خۆتۆماركردن‌و سەردانی هاوڵاتیان زیادیكردوە، ئێستا هەمو جۆرەكانی ڤاكسینی بەردەست هاوڵاتی بە پەسندی دەزانێت‌و وەریدەگرێت.
وتیشی" لەكۆی 55820 ڤاكسینی گەیشتو، زیاتر لەسەدا 85% ی ڤاكسینەكان لەلایەن چین‌و توێژە جیاوازەكانی هاوڵاتیان وەرگیراوە، خۆشبەختانە هیچ لێكەوتەیەكی نامۆ‌و مەترسیدار تۆمار نەكراوە".
ناوبراو ئاشكرایدەكات، ئەمشەو بەشێكی دیكەی ڤاكسین بۆ چەند سەنتەرێك دەگاتە هەرێمی كوردستان، تاكە رێگەی وەرگرتنی ڤاكسین بە رێگای خۆتۆماركردنی پێش وەختەی ئەلیكترۆنی دەبێت لە پۆڕتاڵ‌و لینكی وەزارەتی تەندروستی تاوەكو بە یەكسانی بگاتە هاوڵاتیان لەسەر بنەمای پێشینەی تەمەن‌و نەخۆشی درێژخایەن. 
وەزیری تەندروستی رونیدەكاتەوە، پێدانی ڤاكسین بە یەكسانی بەسەر هاوڵاتیان بەردەوام دەبێت بە مەرجی بونی نۆرە (موعد)ی تۆماركراو، هیچ كەس‌و لایەنێك بەبێ (وادەی تۆماركراو) ناتوانێت‌و مافی وەرگرتنی نابێت.