چی لەبارەی سیستمی نوێی بەرگرییە مووشەکییەکەی ئێرانەوە دەزانیت؟

جیهان 18/04/2021

چاودێر

 

سوپای ئێران سیستمێكی نوێی دوورمەودای بۆ تێكشكاندنی هەمو جۆرە فڕۆكە، مووشەكی بالیستیكی و مووشەكێكی كروز ئاشكرا كرد.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ڕوسیا تودەی، لە ڕۆژی جیهانیی سوپادا، كۆماری ئیسلامیی ئێران سیستمێكی نوێی بەرگریی ئاشكرا كرد، كە بە وتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە توانای تێكشكاندنی "هەموو جۆرە فڕۆكە، مووشەكی بالیستیكی و مووشەكێكی كروزی هەیە".

لای خۆشییەوە، حەسەن ڕۆحانیی سەرۆكی ئێران ڕایگەیاند، دامەزراوە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لەنێویاندا سوپای پاسداران و گاردی كۆمار ئەمڕۆ هێزێكی سەربازیی پڕۆفێشناڵن و چەكی پێشكەوتوویان لەبەردەستدایە و بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو ڕووەوە دەزانن.

ڕۆحانی ئاماژەی بەوەش كرد، 43 ساڵ بەر لە ئێستا خەڵكی ئێران بڕیاری دا خۆی لە دیكتاتۆرییەتی پادشایی ڕزگار بكات، سوپای ئێران لە شانی خەڵكی خۆیدا وەستاوە ئەوەش جیاوازیی نێوان ئەو سوپایە و سوپاكانی دیكەی ناوچەكەیە.