بوودجەی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

عێراق 18/04/2021

چاودێر

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، بوودجەی پەسەندکراوی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ڕێنمایی بۆ سەرجەم وەزارەتەکان و هەرێمی کوردستانیش نێردراوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.

 

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "ئەمرۆ بوودجەکە بە فەرمی چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق تەعلیماتیان ناردووە بۆ ھەموو وەزارەتەکان بە هەرێمی كوردستانیشەوا تا کاری پێ بکەن."


دەشڵێت: "كاتێك یاسای بوودجە دەرچوو هەمووی خۆی كرد بە پاڵەوان لە سەری، هەر لە مەسعود بارزانی هەتا قوباد تاڵەبانی پیرۆزباییان لە خەڵك دەكرد و تەلەفۆنیان بۆ بەرپرسەكانی عێراق دەكرد بۆ سوپاسكردن، ئێستا كاتی قسەی زڵ نەماوە ئەمڕۆ بوودجەكە دەڕواتە جێبەجێكردن، گەر ئەرك نییە ئیلتزاماتی خۆتان بكەن بە یاسای بوودجە هەتا بەشە بوودجەی هەرێم بێت و خەڵكیش لەم نەهامەتییە دەرچێت."


سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستانیش، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "پشکی هەرێم زیاترە لە دە ترلیون و نیوەی داهاتی نانەوتییەكانیان بۆ دەمێنێتەوە و نیوەی نەوتیش لە بەردەستی حكومەتی هەرێم دەبێت. بەم هەموو داهاتە مووچەی خەڵك نەدەن، كەواتا ئەوەندەی وڵاتی سعودیە نەوت بفرۆشن كە دە ملیون بەرمیلە لە ڕۆژێكدا ناتوانن مووچەی خەڵك بدەن."