ترامپ لەبەردەم دادگای باڵای فەیسبوکە

جیهان 17/04/2021

چاودێر:

دادگای باڵای فەیسبوک بڕیاریدا گەڕاندنەوەی ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ نێو فەیسبوک و ئینستاگرام دوابخات.

لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن کۆمپانیای فەیسبوکەوە بەکارهێنانی فەیسبوک و ئینستگرام لە ترامپ قەدەغەکرا.

بۆردی چاودێری فەیسبوک، کە بەدادگای باڵای فەیسبوک ناودەبڕێت ڕایگەیاند، گەڕانەوەی ترامپ بۆ نێو فەیسبوک و ئینستگرام دواخراوە، بەهۆی ئەوەی پێداچوونەوە بە ڕێپۆرتی زیاتر لە نۆ هەزار کەسدا دەکەن، کە لەبارەی کەیسەکەی ترامپەوە بۆیان نێردراوە.

لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئەو ئەنجومەنە بڵاویکردەوە، لەماوەى چەند هەفتەى ئایندەدا بڕیاری ئەنجومەنەکە لەبارەى گەڕانەوەی ترامپ بڵاودەکەنەوە.

ئەم بڕیارە بەگەورەترین بڕیار هەژماردەکرێت لەماوەى ساڵی ڕابردوودا.

ئەنجومەنەکە بەتایبەت دانراوە بۆ پێداچوونەوە بەو بابەتانەى توندوتیژییان لێدەکەوێتەوە و پێچەوانەى یاساکانی خۆیانن.

ئەو ئەنجومەنە پێکدێک لە ٢٠ ئەندام، لەلایەن مارک زوکەربێرک سەرۆکی فەیسبوکەوە دامەزراوە، هەندێکجار بەدادگای باڵای فەیسبوک ناودەبرێت و وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ کاردەکات.

ئەم ئەنجومەنە لە ڕۆژنامەوانان، چالاکانی مافی مرۆڤ، پارێزەران و ئەکادیمیستەکان پێک دێت.

رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2020 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، جۆ بایدن توانیی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەم ئەنجامە لەلایەن ترامپەوە ڕەتکرایەوە، بۆیە ترامپ هانی لایەنگرانیدا کە بچنە سەر بینای کۆنگرێس، ئەمەش توندوتیژی لێکەوتەوە و دەیان قوربانی لێکەوتەوە.

بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە کۆمپانیای فەیسبوک بڕیاریدا ترامپ و بەشێک لەو هەژمارانەى سەر بەئەون قەدەغەبکات.


ترامپ کۆتای بابەتی لەبەرواری ٦/١/٢٠٢١ لەفەیسبوک بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا داوا لەلایەنگرانی دەکات لەناو بینای مۆنگرێسدا بەئاشتییانە و دوور لەتوندوتیژی بمێننەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبوک و تویتەر یەکێکن لەو تۆڕانەى کە کاریگەری زۆریان لەسەر دروستکردنی ڕای گشتی هەیە و بوونەتە هاوکار و هۆکاری شۆڕشی بەهاری عەرەبی و چەندان کاریگەرییان لەسەر کەیسە جۆراوجۆرەکانی جیهان هەبووە.