سەرباری بایكۆت كردنی مریشك بۆ ئەم نرخە بەرزتر بوەوە

ئابوری 15/04/2021

چاودێر
سەرباری هەڵمەتی بایكۆت كردنی مریشك لەتۆڕە كۆمەڵاَیەتییەكان، جارێكی تر نرخی‌ مریشك لەبازاڕەكانی‌ هەرێم بەرزتر بوەوە و بۆ هەر كیلۆیەك، نرخەكەی گەیشتە چوار هەزار دینار.
ئاراز كەریم، خاوەنی دوكانی فرۆشتنی مریشك لەسلێمانی، بەچاودێری راگەیاند: ماوەی دوو رۆژە نرخی گۆشتی مریشك بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە ‌و نرخی یەك كیلۆگرام گەیشتۆتە چوار هەزار دینار.
وتیشی " فرۆشیارانی جوملە كە مریشك لەكێڵگە پەلەوەرییەكان دەكڕن، نرخی یەك كیلۆگرام مریشك بە 3900 دینار دەفرۆشن بە ئێمە، ئێمەش ناچارین هەر بەو نرخە، یاخود بەقازانجێكی زۆر كەم بیفرۆشینەوە بە هاووڵاتیان".
جەختیشیكردەوە: لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەهار‌و جەژنی نەورۆزدا، نرخی مریشك لەهەرێمی كوردستان بەرزبوەوە ‌و لەهەندێك شوێن نرخی یەك كیلۆگرام گەیشتە 4500 دینار، بەڵام دواتر بۆ 3100 دینار دابەزی، ئەوە ماوەی دوو رۆژیشە، نرخی مریشك جارێكی تر بەرزبۆتەوە ‌و ئێستا بە چوار هەزار دینار دەفرۆشرێت بە هاووڵاتیان.