ئەمریكا ئیمارات بەرانبەر ئێران بەهێز دەكات

جیهان 15/04/2021


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئیدارەی بایدن ڕازییە بە تەواوکردنی مامەڵەی فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 و چەکی دیکە بە ئیمارات بە بەهای ٢٣ ملیار دۆلار.
یاریدەدەرێک لە کۆنگرێس بە ئاژانسەکەی ڕایگەیاندووە، ئیدارەی بایدن کۆنگرێسی ئاگادارکردووەتەوە هەنگاو هەڵگرێت بۆ تەواوکردنی مامەڵەی فرۆشتنی چەک بە بەهای ٢٣ ملیار دۆلار، لە نێویشیاندا فڕۆکەی F-35 و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی دیکە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئیدارەکە بەنیازە هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ فرۆشتنی چەک بە ئیمارات و لەم کاتەشدا بەردەوامە لە پێداچوونەوە بە وردەکاریی و ڕاوێژکردن بە بەرپرسانی ئیمارات لەوبارەیەوە.
ئیسرائیل یەکەم وڵات بوو کە ئەو فڕۆکە پێشکەوتووەی ئەمریکای کڕی لە ئەیلولی ٢٠٠٨ کە ژمارەیان ٢٥ فڕۆکە بوو وەک جێگرەوەی فڕۆکەکانی F16، کە بۆ هەر فڕۆکەیەک بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بە ئەمریکا داوە، لە کاتێکدا نرخی فڕۆکەکە دوای ساڵێک بۆ ١٠٠ملیۆن دابەزی.
ئەم فڕۆکە تایبەتمەندە شەش تۆن و ٨٠٠ کیلۆگرام بۆمب هەڵدەگرێت و ڕاستەوخۆ بە مانگە دەستکردەکانەوە دەبەسترێتەوە، هەموو بۆمبەککانیشی هەستەوەرن و لە کەشوهەوا دژوارەکاندا بە وردی ئامانجەکانیان دەپێکن.
شارەزایانی بواری سیاسەتی نێو دەوڵەتی دەڵێن ئەم هەنگاوەی ئەمریكا بەهێزكردنی ئیماراتە لەبەرانبەر هەر ئەگەرێكی نەخوازراو كە ئێران بیەوێـت لەناوچەكە ئەنجامی بدات