گۆڕان.. هاتنەدەرەوە لە حكومەت یان گورزێكی توند لە هەڵبژاردنەكاندا

ڕاپۆرت 14/04/2021

  
چاودێر:

 تادێت ناكۆكییەكانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراق توندتر دەبێتەوە، لە میانەی چەند نامەگۆڕینەوەیەكی نێوان هەردوولادا، فراكسیۆنی گۆڕان لە نوێترین نامەدا مەرجی كشانەوەی گۆڕان لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دیاری دەكەن لە ماوەی 2 رۆژدا، كەم ئەمڕۆ وادەكە كۆتایی دێت لە بەرامبەر گەڕانەوەیان بۆ نێو حزبەكە.

بەپێی زانیارییەكان فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە نامەیەكدا كە بۆ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان عومەری سەید عەلییان ناردووە، تا ئەمڕۆیان وەك وادە دیاریكردووە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بێتەدەرێ و هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆندا دروست بكات، لەم كاتەدا ئەوان لەنێو گۆڕاندا بەردەوام دەبن لە كاركردن و خۆشیان بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق كاندید ناكەنەوە.

فراكسیۆنی گۆڕان لە 5 ئەندام پێكهاتووە و لەنێو هاوپەیمانی هیوای كوردستانیدا كە لەلایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی پێكدێت، جێدەگرن.

 فراكسیۆنی گۆڕان لە نامەكەدا هۆشدارییان داوەتە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان عومەری سەید عەلی لە حاڵی جێبەجێنەكردنی ئەو مەرجانەدا ئەوان ئامادە نابن لەگەڵ گۆڕاندا كار بكەن، ئەوان دەچنە نێو خەڵكی كوردستان  و لەبەرەی خەڵكدا دەبن.

ناكۆكییەكان گۆڕان ناچار دەكات بە دوو لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی ئەم نامەیەی فراكسیۆنی گۆڕان، بزووتنەوەی گۆڕانی خستووەتە نێو دووڕیانێكەوە كە دەرچوون لێی قورسە، چونكە كشانەوە لە حكومەت گورزێكی توند دەدرێت لە بزووتنەوەكە و بەرژەوەندییە دارایی و سیاسییەكانی لەنێو حكومەتدا، لە حاڵی جێبەجێنەكردنی داواكاریی فراكسیۆنەكەیشدا گورزی گەورەی بەردەكەوێت لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە پڕكردنەوەی شوێنی ئەو ئەندامانە قورسە، لە ئەو كاتەدا گۆڕان بە دوو لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات.

فراكسیۆنی گۆڕان لە ماوەی رابردوودا پابەندی بەرنامە و سیاسەتی حزبەكەی نەبووە، رەخنەیان لە سەركردایەتی حزب هەبووە، لەبەرامبەردا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا رێكخەری گشتی گۆڕان دواین نامەی بۆ ناردن تا لەچوارچێوەی گۆڕان ئەو پێنج ئەندامەی گۆڕان دەست بەكاركردن بكەنەوە.

ئەندام پەرلەمانەكانی گۆڕان لە بەغدا لە نامەیەكدا بۆ وەڵامی نامەكەی سەید عەلی، بزووتنەوەی گۆڕانیان تۆمەتباركردووە بە ئەوەی لە ژێر فشاری پارتیدا فشار لەسەر فراكسیۆنەكەی لە بەغدا دروست دەكات.