بۆچی لە جەنگەكاندا منداڵان چەكدار دەكرێن؟

ڕاپۆرت 13/04/2021

چاودێر:

گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە توركیا پشتیوانیان دەكات رەوشی خراپی ئابووری سورییەكانیان قۆستووەتەوە بۆ راكێشانی منداڵان بۆ نێو گروپە چەكدارەكان و چەكداركردنیان و ناردنیان بۆ بەرەگانی جەنگ لە دژی هێزە كوردییەكان و هەسەدە لە باكوری سوریا و دژی رژێمی بەشار ئەسەد.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2018 بڕیارێكی تایبەت بە منداڵان و ململانێ چەكدارییەكان دەركرد تێیدا شەرمەزاری پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانی كرد تایبەت بە چەكداركردنی منداڵان لەلایەن گرووپە چەكدارەكان و كوشتنیان و دەستدرێژیكردنەسەریان، بەڵام رەوشەكە لە سوریا خراپە.

لەسەرەتای ململانێكانی سوریا لە 2011وە منداڵانی سوریا  رووبەڕووی مەترسی بوونەوە، بەپێی راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەزاران منداڵ چەكدار كراون لەلایەن رژێمی ئەسەد و داعش و گرووپەكانی دیكەوە بەڵام ئامارێكی ورد نییە.

بەپێی راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان 15 بۆ 18 هەزار منداڵیان چەكداركردووە.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ گوتی: گروپەچەكدارەكان ژیانی خراپی بنەماڵەكانیان قۆستووەتەوە كە زۆرینەیان ئاوارەن بۆ راكێشانی منداڵان بۆ ریزەكانیان و چەكداركردنیان و بردنیان بۆ بەرەكانی جەنگ لەبەرامبە بڕێك پارەدا.

روانگەی سوری گوتیشی: ئەو منداڵانەی چەكدار كراون لە سوریا 10% بۆ 12%یان لەنێو گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان لەوانە گروپەكانی حەمزە و سوڵتان موراد و گرووپی ئەحرار.

بە گوتەی شارەزایان بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا و خراپی رەوشی ئابووری و دەرئەنجامەكانی جەنگ و هەژاری بووە بەهۆكاری سەرەكی بۆ بردنی منداڵان بۆ نێو گرووپە چەكدارەكان.

لە شوباتی رابردوودا نەتەوە یەكگرتووەكان پێشبینی بردنی منداڵی زیاتری بۆ نێو چەكدارەكان كردووە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە و خراپبوونی ژیانەوە.

چەكداركردنی منداڵان نوێ نییە لە جەنگە كۆنەكانیشدا هەبووە لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی ململانێكاندا ژمارەی قوربانیانی منداڵانیش زیادیكردووە.

لە دەیەی رابردوودا ژمارەی چەكداركردنی منداڵان زیادیكردووە لە دەوڵەتانی عەرەبی بەهۆی توندی ململانێكانەوە، بەڵام ئاماری ورد نییە، بەڵام راپۆرتی رێكخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان یونیسێف گوتویەتی، سەرجەم گرووپەكان لە لیبیا و یەمەن و عێراق و سوریا منداڵیان چەكداركردووە.

گرووپە شەڕكەرەكان پەنا بۆ چەكداركردنی منداڵان دەبەن لە كاتی پێویستدا بەهۆی مامەڵەكردنی ئاسانەوە لەگەڵیان لە بەرەكانی جەنگدا كە گوێڕایەڵ ترن.