د. زاگرۆس غەفور: لەبەر چەند هۆكارێك نابێت ئەوانەی شەكرەیانە بەڕۆژو بن
چاودێر- تابان رەزا:
نەخۆشی شەكرە، نەخۆشیەكی درێژ خایەنەو بەنەخۆشی باوی سەردەم دادەنرێت، كە قەڵەوی بە یەكێك لە هەرە هۆكارە باوەكان بۆ توشبون بەنەخۆشی شەكرە دادەنرێت، بۆیە بەردەوام رێژەی توشبون بەنەخۆشی شەكرە لەزیادبوندایە، پسپۆڕێكی هەناویش دەڵێت "لەگەڵ دەركەوتی ماكەكانی ئەم نەخۆشییە كاریگەریی لەسەر هەموو ئەندامی لەشی كەسە دەبێت"
نەخۆشی شەكرە چییە؟
د. زاگرۆس غەفور، پسپۆڕی نەخۆشی هەناویو شەكرە، ئاماژە بەوە دەكات، نەخۆشی شەكرە نەخۆشەیەكی درێژخایەنەو كە تێیدا رێژەی شەكر لە لەشی مرۆڤدا بەرز دەبێتەوە بەهۆی كەمبونەوەی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین كە لەگلاندی پەنكریاسەوە دەردەرێت، یان كەمدەبێتەوە یان هەیەو ئیشی خۆی ناكات، هەندێكجاریش هەیە بەهیچ جۆرێك ئەنسۆلین ناڕێژرێت، كە ئەم نەخۆشییە بوە بەنەخۆشی سەردەمو لەئێستادا رێژەكەی لەنەخۆشی شێرپەنجە زیاتر بوە.
جۆرەكانی نەخۆشی شەكرە
ناوبراو باس لەوەیشدەكات، نەخۆشی شەكرە سێ جۆری هەیە، كە جۆری یەكەم لەمنداڵو هەرزەكاراندا روودەدات تا تەمەنی 40 ساڵی، لەم جۆرەیاندا پەنكریاس ئیش ناكات، لەبەرئەوە ئەنسۆلین نارێژرێت دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی رێژەی شەكر، تائێستا هۆكارەكەی نەزانراوە، بەڵام دەیگەڕێننەوە بۆ ئیلتهابی ڤایرۆسی كە دەبێتە هۆی ئیلتیهابی پەنكریاس، بەرگری لەش دژی خانەكان هەڵدەسێتو خانەكان تێكدەشكێنێت، جۆری دوەمیان، جۆرە باوەكەیەتی كە زیاتر ئەوانەی لەتەمەنی سەرو 40 ساڵەوە توشی دەبن، لەئێساتدا ئەم جۆرە لەمنداڵیشدا زۆرە، چونكە منداڵەكان زیاتر قەڵەون خواردنی ناتەندروست دەخۆن، یاخود هۆكارەكەی بۆ ماوەییەو كێشی زیاد، یا وەرزش ناكاتو جوڵەی كەمدەكات، جۆری سێیەم، توشی كەسانی دووگیان دەبێت، كە لەكاتی سكپڕیدا چەند هۆڕمۆنێك هەیە كە دژی ئەنسۆلین دەوەستێتەوە كاتێك ئەو هۆڕمۆنانە زیاد دەبێت، بەمەش كاریگەریی ئەنسۆلین كەمدەكاتەوە، ئەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ توشبونی نەخۆشی شەكرە لەژنی دوگیاندا.
نیشانەكانی
ئەو پزیشكە، روونی دەكاتەوە، لەزۆربەی كاتدا نەخۆشی شەكرە هیچ نیشانەكی نیە، بەڵام ئەگەری هەیە نەخۆشەكە بەڕێكەوت پشكنینی گشتی بكات یان نەشتەرگەریەكی هەبێت دەربكەوێت توشی نەخۆشی شەكرە بوە، لەنیشانە دیارەكانی نەخۆشیەكە لاوازو بێتاقەت دەبێت خەواڵوە هەمیشە دەمی وشكەو ئاو زۆر دەخواتەوە، میز زۆر دەكات، توشی ئیلتیهابات دەبێت.
د. زاگرۆس غەفور، دەڵێت "هەندێك كەس هەیە كتوپڕ توشی ماكەكانی دەبێت، واتە چەند ساڵێك توشی نەخۆشی شەكرە بوە بەبێ ئەوەی بزانێت، كە ماكەكانی كاریگەریی دەكاتە سەر هەموو ئەندامەكانی لەش وەك چاو كە دەبێتە هۆی كوێریو هەروەها گورچیلە كە لەوانەیە بیوەستێنێت، دڵو جەڵدەی دڵ، مێشكو جەڵدەی دەماغ، لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەریی لەسەر قاچ دەبێت كەتوشی ئیلتیهاباتی دەكات، یان كاریگەریی لەسەر كۆئەندامی هەرس دەكات".
چارەسەرەكان چین
ئەو پزیشكە رونیدەكاتەوە، بەپێی جۆرەكان چارەسەرەكانیش دەگۆڕێت، جۆری یەكەم، ئەمانە دەبێت دەرزی ئەنسۆلین بەكاربێنن، جۆری دووەم سەرەتا بەڕێنمایی كێش دابەزێننو بەخورادنی تەندروست شەكرەكەی كۆنتڕۆڵ دەكرێت، هەروەها ئەگەر دوای سێ مانگ كۆنتڕۆڵ نەكرا دەبێت حەب بدرێت بە نەخۆشەكان ئەگەرهاتو ئەوەیش نەبو دەبێت دەرزی ئەنسۆلین لەخۆی بدات.
خۆپاراستن
رونیدەكاتەوە، بەهۆی ئەوەی نەخۆشانی شەكرە زوو تینویان دەبێتو بەرگەی ناگرن، هەروەها پێویستە ئەو دەرمانانەی كە بۆیان دانراوە لەكاتی خۆیدا بخورێت كە ئەمەیش لەگەڵ یاسای مانگی رەمەزاندا ناگونجێت، بۆیە توشبوانی نەخۆشی شەكرە نابێت بەڕۆژو بن.
ئەو پزیشكە لەبارەی رێگریكردنی لەتوشبون بەنەخۆشی شەكرە وتی "پێویستە خواردنی تەندروستو خواردنی پێنج جۆر میوەو سەوزە بخورێت، دوربكەوینەوە لە شیرینی كە سێ شتی سپی هەیە پێویستە مرۆڤ خۆی لێ بەدور بگرێت ئەوەیش شەكر خوێو ئاردە، لەگەڵ وەرزشكردن، كە ئەمانە دەمان پارێزن لەتوشبون بەنەخۆشی شەكرە".