كەمكردنەوەی رێژەی لە6%ی مووچە دەستكەوتە؟

ئابوری 08/04/2021

چاودێر
هەرچەندە رێكەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم لەسەر بودجەی 2021ی عێراق كراوە، بەڵام هێشتا پرسی لێبرینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كۆتایی نەهاتووە، پەرلەمانتارێكیش، دەڵێت " چۆن دەبێت دوای ئەو هەموو گفتوگۆیەی نێوان هەردوولا، دەستكەوت ئەوە بێت، كە رێژەی لێبڕینی مووچە لە21%وە، بكرێت بە 15% ".
د.رێبوار كەریم، پەرلەمانتاری كورد لەبەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند: لەماوەی رابردوودا، حكومەتی هەرێم بەئاشكرا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەرامبەر رێكەوتنی هەرێم و بەغدا و پەسەندكردنی یاسای بودجە، تا ئەم ساتەش وەك دەستكەوتێكی گەورە تەماشای دەكات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەڕای ئەوەی كە پشكی هەرێم لەبودجەی عیراقی 2021، بەزیادەوە بەشی ئەوەی تیایە كە لێبڕینی مووچەی پێ هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام هەندێ لەدەسەڵات و لەدەرەوەی دەسەڵاتیش بانگەشە بۆ بەردەوامی لێبڕین دەكەن، چ وەك زانیاری یان وەك پێشبینی، كە ئەمە دەچێتە خانەی خزمەتكردن بەو سەرانەیەی، كە حوكمڕانی هەرێم لەمووچەخۆرانی دەستێنێت. 
لەبارەی بەردەوامی لێبڕینی مووچەوە، ناوبراو، روونیكردۆتەوە ،"هەر هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی رێژەی لێبڕینی مووچە و دواتر فرۆشتنەوەی بە خەڵك وەك مژدەیەك، هیچ نییە جگە لەتاڵانیەكی تر. ئاخر چۆن دەبێت دوای ئەو هەموو گفتوگۆیەی نێوان هەرێم و بەغدا و دوای ئەو هەموو (هەوڵە)، تەنها دەستكەوت ئەوە بێت، كە رێژەی لێبڕینی مووچە لە (21٪)وە بكرێت بە (15٪)، چۆن ئەبێت ئەو هەموو هەڵایەی رێكەوتن بەرهەمەكەی تەنها كەمكردنەوەی (6٪)ی لێبڕینی مووچە بێت.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێت "بەروونی ئەوە بزانن كە ئەو پشكەی لەبودجەدا بۆ هەرێم دیاریكراوە بەسە بۆ ئەوەی بەتەواوی لێبڕینی مووچە نەمێنێت".