وشکەساڵی بەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێت

کوردستان 07/04/2021

چاودێر:

هەرێمی کوردستان تووشی وشکەساڵی بووە و لەسەدا ٦٠ی گەنمی سنووری پارێزگای سلێمانیش وشکبووە، بۆیە حکومەتى هەرێم کەوتۆتەخۆی و بڕیارە لەهەفتەى ئایندەدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ئەم دۆخە کۆببێتەوە.

بارانبارین بەڕێژەی نیوەی ئاستی ئاسایی، دووجۆر وشکەساڵی بەدوایخۆیدا دەهێنێت، یەکەم وشکەساڵی بۆ ئاوی ژێر زەوی، دووەم وشکەساڵی بۆ سەر زەوی.

بەهۆی کەمبارانبارینەوە، وشکەساڵی جۆری یەکەم هاتووە و بەشێک لەکانیاوەکان وشکبوون، لەکاتێکدا لەم وەرزەدا هەندێکجار بۆدووەمجار کانییەکان دەتەقن و ڕێژەی ئاویان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

جۆری دووەمی وشکەساڵی بەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، بەنمونە ناوچەى گەرمیان کە هەموو ئەو گەنمەى چێندراوە بەهۆی کەمبارانییەوە وشک بووە، کە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار دۆنم زەوییە.

هەر بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاژەڵدارەکانی ناوچە گەرمەکان، کە بارانی لێ نەباریوە و گژوگیایان بۆ مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانیان دەستناکەوێت، دەستیان بەکۆچ کردووە بۆ ناوچە سەوزەکان، یان مەڕوماڵاتەکانیان هەرزانفرۆشکردووە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە سەرەتای هەفتەى ئایندە لەبارەى ئەم پرسەوە کۆببێتەوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکانی وشکەساڵی.

حکومەتى هەرێم بەلایەنی یەکەمی کەمتەرخەم دادەنرێت، چونکە نەیتوانیوە بەنداوی پێویست بۆ ئەم کاتە پێویستانە دروستبکات، تاوەکو جوتیاران سوودی لێ وەربگرن.

لەئەگەری باران نەبارین زیانەکانی جوتیاران و ئاژەڵدارەکان زیاتر دەبێت، کە ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمەکانی گەنم و بەرهەمە سپییەکانی وەک ماست و پەنیر دەبێت.

 

هەرچەندە کەمبوونەوەی ئەم بەرهەمانە لەوڵاتانی دیکە کاریگەری خراپی بۆ دروستبوونی گرانی دەبێت، بەڵام لەهەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی هەرێمێکی بەکاربەرە و سوود لەبەرهەمی وڵاتانی دیکە وەردەگرێت، کەمتر پێوەی دیارە.