بەنداوی نەهزە جەنگێكی نوێ بەرپا دەكات

ڕاپۆرت 07/04/2021

چاودێر:
جارێَكی دیكە بۆ چەندەمین خول گفتووگۆكانی میسر و سوودان لەگەڵ  ئەسیۆپیا كۆتایی پێ هات بە بێ هیچ ئەنجامێك، میسریش هۆشداری دەدات و فڕۆكە جەنگییەكانی بەسەر رووباری نیلدا سووڕانەوە.

شەوی رابردوو خولێكی نوێی گفتووگۆكانی میسر و سوودان لەگەڵ ئەسیۆپیا بۆ رێككەوتن لەسەر بەنداوی نەهزە بەبێ ئەنجام كۆتایی هات لە كینشاسای پایتەختی كۆنگۆ بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەم وڵاتە وەك سەرۆكی یەكێتی ئەفریقا.

وەزیری دەرەوەی ئەسیۆپیا لە لێدوانێكدا گوتی: گفتوگۆكانی كینشاسا بە بێ ئەنجام كۆتایی هات، بەڵام چاوەڕێی سەركردایەتی كۆنگۆ دەكەین بۆ خولێكی دیكەی گفتووگۆ.

وەزیری دەرەوەی ئەسیۆپیا هۆشداریشی دایە لایەنە بەرامبەرەكانی‌و گوتی: هەر لایەنێك بیر لە زیان گەیاندن بە بەنداوی نەهزە بكاتەوە، كارێكی شێتانە دەكات.

لە بەرامبەردا سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر بۆ كەناڵی فەڕمی میسر گوتی: گفتووگۆكانی كینشاسا شكستیان هێنا، هیچ گفتوگۆیەكی تازەش لە ئارادانییە.

شوكری گوتیشی: ئەسیۆپیا خوازیاری گەیشتن بە رێككەوتن نییە، بۆیە ئێمە هەموو رێوشوێنێك دەگرینەبەر بۆ پارێزگاری لە مافەكانمان.

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی میسر ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی میسر بە ئاسمانی روباری نیلدا سوڕاونەتەوە.

هاوكات عەبدول فەتاح سیسی سەرۆكی میسر هۆشداری دا لە پشتگوێسختنی پشكی میسر لە ئاوی روباری نیل دوای پێداگری ئەسیۆپیا لەسەر پڕكردنی بەنداوی نەهزە، گوتی: ئێمە رێز لە پلانی گەشەی ئەسیۆپیا دەگرین، بەڵام بەبێ زیان گەیاندن بە میسر. 

بەنداوی نەهزە لە 2011وە دەست بە بنیاتنانی كراوە لە ئەسیۆپیا لەسەر رووباری نیل، لە 2020 تەواو بووە، خەریكی پڕكردنیەتی، بەڵام سوودان و میسر ناڕازین.

ئەنجامی گفتووگۆكانی میسر و سوودان لەگەڵ ئەسیۆپیا بێ ئەنجام بووە، ئەسیوپیا سوورە لەسەر پڕكردنی بەنداوەكە.

مەترسی میسر و سوودان لە بەنداوەكە دوو لایەنە، یەكەمیان دەترسن لە كاتی پڕكردنی بەنداوی نەهزە هەرەس بهێنێت ببێتەهۆی وێرانكارییەكی زۆر لە میسر و سوودان بەپێی پێشبینییەكانیان، دووهەم مەترسیی بریتییە لە كەمبوونەوەی پشكی ئاو ئەم دوو وڵاتە لە رووباری نیل.

چاودێران مەترسی هەڵگیرسانی جەنگیان كردووە لە حاڵی نەگەیشتن بە چارەسەری قەیرانی بەنداوی نەهزە، رەنگە سوپای میسر هێرشبكاتە سەر بەنداوەكە و بیڕووخێنێـت، ئەسیۆپیاش هەڕەشەی توندی كردووە.