نەوال سەعداوی خاتوونێکی تابووشکێن

ژن 07/04/2021



نووسینی: حەمەسەعید حەسەن

سەنگەری لە زۆرینە دەگرت، بە تایبەتی لە نەریتخوازان و سەرکوتکاران و ئەوانەی زوو زوو پەنایان بۆ کافراندنی ئەم و ئەو دەبرد. پێی گوتین: ڕزگاریی ڕاستەقینە بە ڕزگارکردنی ژنەوە بەندە. هەمیشە لە بەرەی ستەملێکراواندا بوو، لەگەڵ ژن و لەگەڵ هەژاراندا بوو، هەمیشە دژی ستەمی دەسەڵات بوو، بەدرێژایی تەمەنی (١٩٣١ - ٢٠٢١) کە نەوەد ساڵی خایاند، یەک جار بۆ یەک هەڵوێست لایەنی دەسەڵاتی گرت، ئەوەیش تەنیا ئەو وەختەی، سیسی بەڕەی لەژێر پێی لەشکری جەهل ڕاکێشا.

(ژن لە خاڵی سفردا) کە تێیدا پێمان دەڵێت: پیاو ڕزگاری نابێت، هەتا ژن ڕزگاری نەبێت، یەکێکە لە کتێبەکانی کە بۆ چل زمان وەرگێڕدراوە. لە کتێبی: (ڕووخساری ڕووتی ژن)دا، تاڵاوی بە گەرووی ئیسلامی سیاسیدا کرد. بە بوێرییەکی کەموێنەوە، باسی ئەو ستەمە جنسییەی دەکرد کە پیاو لە ژنی دەکات و دەیگوت: ڕزگاریی ئافرەت بە ڕابوونی چەوساوەکانەوە بەندە، نەک بە بووژانەوەی ئیسلامی سیاسییەوە.

هەیە خۆی وەک داکۆکیکار لە ژن نمایش دەکات، تەمەنی لە پەنجا تێپەڕیوە و پەنجا کتێبی نەخوێندووەتەوە، د. نەوال سەعداوی پەنجا و پێنج کتێبی دانسقەی بۆ داکیکوکیکردن لە ژن نووسی. ژنێک بوو بە مانای وشە، سنووربەزێن و تابووشکێن، پێی دەگوتین: ئایینێک نییە، دژی ژن نەبێت، پێی دەگوتین: سیستەمی بابسالاری، دوژمنە سەرسەختەکەی ژنە. ئەو دایکی فێمینیزمی عەرەبی بوو، لە دونیای عەرەبدا یەکەم کەس بوو، بە ناوی زەینەبی دایکییەوە خۆی ناساند. ئەوەندە شکۆدار بوو، بە هەق دایکی بێ ڕکابەری یاخیبوون و دەنگدلێرترین بانگخوازی ئازادی بوو.

بۆ ماوەی نیو سەدە ئاڵاهەڵگری دژایەتیکردنی خەتەنەکردنی کچان بوو، کۆڵی نەدا تا ئەو نەریتە قێزەونە، لە ٢٠٠٨دا لە میسر بە یاسا، بە تاوان لە قەڵەم درا. دەیگوت: ئەوە عەقڵە کە حەز و ئارەزوو جڵەو دەکات، نەك ئەو پارچە گۆشتە بچووکەی لێی تۆقیون و دەیبڕن. ئەو سرووتەیشی بە وەحشیگەری دەزانی، کە سەروەختی هاوسەرگیری، بۆ دڵنیابوون لە پاکیزەیی کچ پێڕەو دەکرا. نزیکەی هەمیشە دەوڵەت و دین، لە دژی هاوسەنگەر بوون.

پزیشک بوو، ساڵی ١٩٧٢ لەسەر کتێبە بەناوبانگەکەی: ئافرەت و سێکس، لەکار دەرکرا، سادات هەر بەوەندە لێی نەگەڕا، لە زیندانیشی توند کرد. بۆچی ئەوەندە ئازابوو؟ چونکە خۆی لە کۆت و پێوەندی کەلەپووری دژە ئینسانی سەردەمبەسەرچوو قوتار کردبوو. هەمیشە هەڕەشەی ئیسلامییەکانی لەسەر بوو، دەیانویست ناسنامەی میسریی لێ وەربگیرێتەوە، دەیانویست بە زەبری شەرعی بیابان، لە هاوژینەکەی جوێ بکرێتەوە.

تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، کە شانبەشانی لاوان، لە گۆڕەپانی ئازادیی قاهیرەدا، هاواری دەکرد: بەڵێ بۆ شۆڕش. بواریان نەدا خۆی بۆ سەرۆککۆمار بەربژێر بکات، بەڵام لە بەهاری عەرەبیدا، لە ڕووخاندنی (سەرۆک) موبارەکدا بەشدار بوو. هەتا تەمەنی بوو بە نەوەد ساڵ هەر تابووی دەشکاند، هەر سنووری دەبەزاند، هەر بە گژ باوەڕی بەردیندا دەچووەوە و شاکاری ئەدەبی و فیکریی پێشکەش دەکرد. ڕەشەبای هەڕەشە قەت نەیتوانی، قەدی بڵند و پتەوی بهەژێنێت و چراوگی خەباتی بکوژینێتەوە. هەر کە کتێبێکی تازەی بڵاو دەکردەوە، ستەمکاران و تاریکیپەرستانی ئەوق دەکرد.

ئەم شۆڕشگێڕە مەزنە، کە تا ژیا لە پێناوی ڕزگاریی ئافرەت و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا تێکۆشا، لە سەردەمی ساداتدا زیندانی کرا، سەروەختی موبارەکیش ناچاریان کرد میسر بەجێ بهێڵێت. لەبارەی ڕژێمی (سیسی)یەوە دەیگوت: من هەرگیز یەکێک نەبووم لە مێگەل و نابم، ئەم دەسەڵاتە بەرانبەر بە ئافرەت، لەوانی پێشوو باشترە، ئەوەی لە یۆنیوی ٢٠١٣دا ڕووی دا، کوودەتا نەبوو، شۆڕش بوو. نەوال سەعداوی بەوە بەناوبانگ بوو، هەمیشە بە ڕاشکاوی و بە ڕوونی دەپەیڤی، هەمیشە بەبێ سڵکردنەوە، ئەوەی بن بەڕەی دەخستە سەر بەڕە.

لە حیزبە چەپەکانی ناوچەکە شۆڕشگێرتر بوو، کە ئازادیی ژنیان، تەنیا لە سەربەخۆییی ئابووریدا کورت دەکردەوە. دەیگوت: وەک چۆن ئەوە سووکایەتیکردنە بە مێ، ئەگەر خەتەنە بکرێت، ئەوەیش هەر سووکایەتیکردنە پێی، ئەگەر بە مەبەستی ئەوەی بزانرێت، پاکیزەیە یان نا، پشکنینی بۆ بکرێت. نەوال سەعداوی دەیگوت: ئیسلام لە بواری میراتیشدا، ستەمێکی گەورە لە ژن دەکات، پێویستە لە بەشە میراتدا ژن و پیاو یەکسان بن، وەک دەیان ساڵە لە توونس پێڕەو دەکرێت.

د. نەوال سەعداوی لە دوا پەیامی فەیسبووکیدا، کە ٢١ی سێپتێمبەری ٢٠٢٠ پۆستی کردووە، دەڵێت: (هاوەڵەکەم کچێکی کورد بوو، ناوی نارینا بوو، پێکەوە بەناو شارەکەدا دەگەڕاین. شەقامەکانی شار پاک و پان بوون، باخەکانی پڕبوون لە کچ، ژنان کە لە بازاڕدا شتومەکیان دەکڕی، کەسیان حیجابدار نەبوون. نارینا گوتی: لێرە زۆرینەی خەڵکەکە موسوڵمانن، بەڵام بڕوایان بە پۆشینی حیجاب نییە. ئێرە شارێکی فرە ئایین و فرە ڕەگەزە. لێرە ئایین نە بە میراتی دەمێنێتەوە، نە لە قوتابخانەدا دەگوترێتەوە، هاووەڵاتی کە فامی کردەوە، مافی ئەوەی هەیە ئایینی خۆی بگۆڕێت.) لە دوا (جریوە)یشیدا دەبێژێت: (بەسەر ژیان و مردنیشدا سەرکەوتم، ئاخر ئیتر نە حەزم لە ژیان ماوە، نە لە مردن دەترسم.)

د. نەوال سەعداوی دەیگوت:
کە دەترسم بۆ لای نووسین دەگەڕێمەوە، ئاخر نووسین لە ئامێزی دایکم دەچێت. ئیسلامییەکان مۆتەکەی ناو خەونەکانی منن، کە بەدەم خەوەوە، خوێنی ڕژاوی خۆم، لەسەر پیادەڕۆی شەقامێک دەبینم، مووچڕكێکی سارد لە تەپڵی سەرمەوە، تا بنی پێم دەکشێت و گوێم لێیە، بەدەم قیژە و هاوارەوە دەڵێن: ئەو کافرە بکوژن کە دوژمنی خوا و دوژمنی ئیسلامە.

ژنیش حەزی لە پیاوە، ئایا دەبێت پیاو حیجاب بپۆشێت، بۆ ئەوەی ئارەزووی ژن نەبزوێنێت؟ یان ژن لە پیاو بەهێزترە و دەتوانێت، ئارەزووە سێکسییەکانی جڵەو بکات؟

جڤاک ژن فێر دەکات چۆن خۆی لە دەستدرێژیی پیاو بپارێزێت، بەڵام پیاو فێر ناکات، دەستدرێژی نەکاتە سەر ژن.

شەرەفی ئینسان، ئیدی پیاو بێت یان ژن، بریتییە لە ڕاستگۆیی. ڕاستگۆییی لە بیرکردنەوە و لە هەستکردن و لە ڕەوتاردا. ئینسانی شەرەفەمەند دوو ژیان ناژی، یەکێکیان بە ئاشکرا و یەکێکیان بە نهێنی.

ئەو پیاوەی لەسەر پێوەندیی خۆشەویستی، خوشکی سەر دەبڕێت، خۆی دەست لەگەڵ خوشکی ئەم و ئەودا تێکەڵ دەکات! ئەو پیاوەی ناپاکی لە ژنەکەی دەکات، ئەگەر ژنەکەی ناپاکیی لێ بکات، دەیکوژێت! ئەو جڤاکەی بەردەوام گوێ بۆ سترانی خۆشەویستی ڕادەدێرێت، لەسەر خۆشەویستی کچان ناچار دەکات، ئاگر لە خۆیان بەر بدەن!

خوا کە خۆشەویستی و دادپەروەری و ئازادی و جوانییە، لە ناخی خۆمانەوە گوێمان لە دەنگی دەبێت، نەک لە مایکرۆفۆنەوە.

کە پیاو باسی ئازادیی ژن دەکات، ئەوە تەڵەیە، دەیەوێت بە هۆیەوە متمانەی ژنانی ئازاد بە دەست بهێنێت و پێوەندییان لەگەڵدا ببەستێت.

جڤاکی بابسالار زەندەقی لەوە چووە، ژن لە بوارەکانی کار و فیکر و زانستدا، لە پیاو بەتواناتر بە دیار بکەوێت، ئەوسا پیاو کەسی دەست نەکەوێت لە ماڵەوە خزمەتی بکات.

براکەم لە خۆم گەورەتر بوو، کە دەستی بڵند کردەوە زلـلەیەکم لێ بدات، دەستم بڵندتر کردەوە و زلـلەیەکم لێ دا. مێردەکەم کە ویستی بوونی من بسڕێتەوە، بوونیم لە ژیانمدا سڕییەوە. مێردی دووەمم کە هاواری کرد، یان من یان نووسینەکانت. نووسینم هەڵبژارد و لێی جیا بوومەوە. وەزیری تەندروستی کە نەڕاندی: یان گوێڕایەڵی یان لە کار دەرکردن، گوتم: لە کار دەرکردن.

لەوساوە دەستم داوەتە نووسین، مەترسی بەشێکە لە ژیانم، ئاخر لە دونیایەکدا کە تژییە لە درۆ، هیچ شتێک لە گوتنی ڕاستی مەترسیدارتر نییە.

هیچ شتێک وەک سەفەر عەقڵ و دڵمان فراوان ناکات، خۆری سەفەر بەستەڵەکی ئەو ناسنامە سنووردارە دەتوێنێتەوە کە بە میراتی بۆمان ماوەتەوە، ناسنامەیەکی سنوورنەناسی مرۆڤدۆستانەمان پێ دەبەخشێت کە مرۆڤایەتی بێ گوێدانە جیاوازییەکان، یەک دەخات.

ژن لەکن پیاو، دوو چەشنە، یان هاوژینێکی بەڕێزی بێزراوە، یان دۆستێکی بێڕێزی دڵخوازە.

کە هەست بە لایەنێکی جوانی ئەوانی دیکە دەکەیت، پێیان بڵێ، بۆ تۆ چەند چرکەیەکی پێ دەچێت، بەڵام ڕەنگە ئەوان بە درێژاییی تەمەنیان دڵیان پێی خۆش بێت.

ئەوە بازرگانیکردنێکی دەمامکدارە بە سێکسەوە، کە ژنان بە ناوی هاوسەرگیرییەوە، کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.

سەماکار لەشی خۆی بە کاڵا دەزانێت و بە مەبەستی بازرگانی پێوەکردنی، نمایشی دەکات. حیجابداریش لەشی خۆی بە کاڵا دەزانێت، بەڵام دەیشارێتەوە. خۆداپۆشین و خۆڕووتکردنەوە دوو ڕووخساری یەک دراون، ژنی ڕاستەقینە، نە لەشی دەشارێتەوە، نە نمایشی دەکات.

هیچ شتێک ئەوەندەی ئایین، ئاو بە ئاشی ڕەگەزپەرستیدا ناکات، ئاخر ئینسان ئەگەر تەنیا ئایینەکەی خۆی پێ ڕاست بێت، سووک سەرنجی ئەوانە دەدات کە سەر بە ئایینێکی دیکەن.

بۆچی پیاوان سەرداری ژنانن؟ ماقووڵە پیاوێکی نەزان، سەرداری ژنێکی زانا بێت؟ ماقووڵە ژنێک مێردەکەی بەخێو بکات و ژێرچەپۆکەیشی بێت.

*