نوێنەرانی یەكێتی ئەوروپا چیان بەئەردۆگان ڕاگەیاند؟

جیهان 07/04/2021


یەکێتی ئەوروپا نیگەرانییەکانی خۆی بەرامبەر مافی مرۆڤ گەیاندە ئەردۆغان و داوایان کرد، تورکیا هاوبەشێکی ڕاستەقینە بێت لەگەڵ ئەوروپا و دۆسیەی دەستوەردانەکانی ئەنقەرە لە کاروباری وڵاتان و هێشتنەوەی سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالایان لە زیندان بەبیرهێنایەوە.
لە میانی سەردانیان بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، هەریەک لە شارل مارشاڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا و ئۆرسۆلا ڤۆ دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا نیگەرانییەکانی یەکێتی ئەوروپایان لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ گەیاندە ئەردۆغان.
هەریەک لە مارشاڵ و ڤۆن دێر لاین جگە لە دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان بۆ تورکیا، جەختیان لە گرنگی هاوبەشی نێوان هەردوولا کردەوە، ئەوەش دوای ساڵێک لە ئاڵۆزیی زۆری نێوانیان دێت لەسەر چەند پرسێک، لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی بابەتە هەستیارەکان، داوای دیالۆگیان لەگەڵ ئەوروپییەکان دووپاتکردەوە، بە تایبەت ململانێی دەریایی لەگەڵ یۆنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی ئەنقەرە لە سوریا و لیبیا، هەروەها بەمدواییانه له هەرێمی ئارتساخی ئەرمینیا.
مارشاڵ داوای لە ئەردۆغان کرد، هاوبەشێکی ڕاستەقینە بێت لەگەڵ ئەوروپا و حکومەتەکەی ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، ئەوەشی بە بنەمای پەیوەندی باش لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا گرێدا، لای خۆشیەوە ڤۆن دێر لاین نیگەرانی قوڵی ئەوروپای سەبارەت بە کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتوتیژی دژ بە ژنان نیشانداو بە ئاماژەیەکی خراپ وەسفی کرد.
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا هەروەها دۆسیەی عوسمان کاڤالا خێرخوا و بازرگانی بەنێوبانگی تورکیا و سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی بەبیر ئەردۆغان هێنایەوە کە لە زیندان ڕاگیراون و دووپاتیکردەوە کە دۆسیەی مافی مرۆڤ مایەی گفتوگۆ نییە.
ڤۆن دێر لاین جەختی لەوەش کردەوە کە ئەنقەرە وەک “هاوبەشێکی گرنگ” لە یەکێتی ئەوروپا دەمێنێتەوە و جەختی لە ڕۆڵی تورکیا کردەوە لە وەرگرتنی پەنابەران و بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی پێویستی پەنابەران لەلایەن ئەنقەرەوە.
داواشیکرد ئەنقەرە هەنگاوی باوەڕپێکراو و هەوڵی بەردەوام بنێت بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەیان بە چاودێری ئەورپا کرد لەسەر هەڵسوکەوتەکانی ئەنقەرە و مانگی حوزەیرانیان وەک مۆڵەتێک لە بەردەم ئەردۆغان دیاریکرد بۆ هەڵگرتنی سزاکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا.
هەروەها داوایان کرد، ئەردۆغان هەنگاوی ڕاستەقینە بنێت بۆ سەلماندنی نیازی هێوربوونەوە لەگەڵ ئەوروپا، بە تایبەت لە پەیوەندی بە جیاوازییەکانی لەگەڵ یۆنان و قوبرس، کشاندنەوەی سەربازەکانی لە لیبیا و ڕێز گرتن لە مافە بنەڕەتییەکانی وڵاتەکەی.