د. داهات حەوێزی: بەپەلە نان مەخۆ، چونكە پێنج مەترسی تەندروستی هەیە

تەندروستی 06/04/2021


چاودێر:
زۆر لە توێژینەوە زانستیەكان باسی مەترسیە تەندروستیەكانی "بەپەلە نان خواردن"یان كردوە، توێژەرەوەكان جەخت لەسەر ئەوە ئەكەنەوە كە پێویستە نان بەهێواشی بخورێ و پاروو جوان بجورێ و هەر نان خواردنێك بەلایەنی كەمیەوە ۲۰ دەقەی پێ بچێ.

د.داهات حەوێزی،پزیشكی پسپۆری هەناوی و دڵ و شەكرە، باس لە مەترسیەكانی بەپەلە نان خواردن  دەكات ، كەئەویش بریتیە لە:
1- نەخۆشی شەكرە:
بەپێی ڕاپۆرتێكی "مێدیكال دەیلی"ی بەریتانی بەپەلە نان خواردن مەترسی تووشبون بە شەكرە زیاددەكات، چونكە خواردن بەخێرایی هەستی تێر نەبوون بە كەسەكە ئەبەخشێ و بەمەش كەسەكە خواردنی زیاتر ئەخوات و هاوسەنگی ئاستی گلوكۆزی خوێن و ڕێژەی ئەنسولین تێك ئەچێ و دەبێتە هۆی شەكرە.
2-نەخۆشیەكانی دڵ:
لە توێژینەوە زانستیەكانی زانكۆی هێرۆشیمای یابانی ئەوە دەركەوتووە كە بەپەلە خواردن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەكان دڵ و جەڵتەی مێشك زیاددەكات،هەروەها خواردن بەخێرایی مەترسی بەرزەفشاری خوێن و چەوری خوێن زیاددەكات.
3-قەڵەوی:
خواردن بەخێرایی واتە خواردنی بڕێكی زۆر، چونكە گەیشتنی پەیامی تێربوون بە مێشك ۲۰ دەقەی پێویستە بۆیە هەتا خێراتر نان بخۆی مەترسی قەڵەوی زیاتر ئەبێت.
4-ترشەڵۆكی گەدە:
خواردن بەپەلە و قوتدانی پارووی نەجوراو دەبێتە هۆی دڵەكزێ و ئازاری گەدە و هەرس نەكردن و قەبزی و سك باكردن.
5- ژەهراوی بوونی خواردن:
كاتێك بەپەلە نان ئەخۆیت بەتایبەتی لەفە و خواردنی فاست فوود زۆر هەست بە تامی خواردنەكە ناكەیت واتە ئەگەر خواردنەكەش تێك چوبێ زۆر هەستی پێناكەی و دوورنیە تووشی ژەهراوی بوونی خواردن بیت.
 ئەو پزیشكە دەڵێت" لەبەر ئەم مەترسیانە، بەهێواشی نان بخۆ و جوان پاروو بجوو و پەلە مەكە لە خواردن"