تەندروستی: بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا پێویستە هاوڵاتیان ناو تۆمار بكەن

تەندروستی 04/04/2021

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانگەوازێكیدا بۆ هاوڵاتیان باس لەوە دەكات، لە ئێستادا بڕێكی دیاریكراو لە ڤاكسین لە هەرێمی كوردستان بەردەستە بە پێی ڕێزبەندی و پێشینەیی بۆ تەمەنی سەرو 60 ساڵانەو لەگەڵ پزیشكان‌و كارمەندان و فەرمانبەران، هاوڵاتیانیش دەتوانن ناوی خۆیان پێی ڕێنماییەكان و پلانی بۆ داڕێژراو تۆمار بكەن.
دەقی بانگەوازەكە:
بانگەوازێك لە وەزارەتی تەندروستیەوە
هاوڵاتیانی بەڕێز ...
لەپێناو خۆپارێزی و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، وەرگرتنی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆڕۆنا وەك بەشێكی گرنگی ڕێكارەكانی خۆپارێزی دادەنرێت.
لە ئێستادا بڕێكی دیاریكراو لە ڤاكسین لە هەرێمی كوردستان بەردەستە بە پێی ڕێزبەندی و پێشینەیی بۆ (پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی و مامۆستایانی پۆلی 12 و هاوڵاتیانی هەڵگری نەخۆشیە درێژخایەنەكان و خانەنیشان و بەساڵاچوان و هێزەكانی ئەمنی و ناوەخۆ و پێشمەرگە...هتد) بەتایبەتی بۆ تەمەنی سەرووی 60 ساڵی و هەر هاوڵاتیەكی تر كە بە پێی ڕێنماییەكان و پلانی داڕێژراو دەتوانێت خۆی ناونووس و تۆمار بكات لە سیستەمی پۆڕتاڵ و ئۆنڵاینی تۆماركردنی پێشوەختە بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆڕۆنا بەم لینكەی خوارەوە:
http://vac.health.digital.gov.krd/
وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
4 نیسان 2021