چۆن لە وەرزی گەرمادا خۆت لەتیشكی خۆر دەپارێزیت؟ د. بورهان تاهیر وەڵام دەداتەوە

تەندروستی 30/03/2021


 چاودێر-تابان رەزا:
بەپێی وتەی پسپۆڕانی پێست‌و جوانكاری، تیشكی خۆر كاریگەریی خراپ لەسەر پێست دروست دەكات، هۆكارێكە بۆ چەندین نەخۆشی پێست، لەوانە شێرپەنجەی پێست، بۆیە پزیشكانی ئەو بوارە چەندین رێنمایی دەخەنەڕوو بۆ پاراستنی پێست لەتیشكی خۆر، كە یەكێك لەخۆپاراستنەكان بەكارهێنانی كرێمی دژە خۆرە.

گەنجان پێستیان چەورە
د. بورهان تاهیر قەرەداغی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست‌و جوانكاری، ئاماژە بەوە دەكات، پێست یەكەم ئەندامی لەشە كە راستەوخۆ بەركەوتنی هەیە لەگەڵ  تیشكی خۆر‌و تەپوتۆز، هەروەها گەورەترین ئەندامی لەشە كە هەموو لەشی داپۆشیوە، پێست جۆری زۆرە(چەور، وشك، هەستیار، پێست هەیە تێكەڵاوە لەنێوان چەور‌و وشكدایە كە ئەمە لەگەنجدا زۆرترە، گەنج بەشێوەیەكی گشتی پێستیان چەورە، لەدوای تەمەنی 50 ساڵییەوە پێست وشك دەبێتەوە، لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا پێستەكە وشك دەبێتەوە، ئەوانەی پێستیان چەور بێت زۆرتر توشی زیپكە دەبن، پێستی وشك توشی خوران دەبن.

تیشكی خۆرو پێست
ئەو پزیشكە، باس لەوە دەكات، هەمو وەرزێك تیشكی خۆر كاریگەریی لەسەرپێستی مرۆڤ هەیە، ئەگەر ئاسمان هەوریش بێت ئەوا  هەر كاریگەریی هەیە لەسەر پێست، بەتایبەت وەرزی هاوین،  تیشكی خۆر بەتیەنە جۆری تیشكی بنەوشەیی تێدایە  كاریگەریی زۆرترە  بۆ سەر پێست، هەروەها وەرزی بەهاریش لەبەرئەوەی  خەڵكی دەچێتە دەرەوە پێستی ناپارێزێت دژە خۆر بەكارناهێنێت   تیشكی خۆر كاریگەریی خراپی لەسەر پێستەكە دەبێت.

تیشكی خۆری بەیانیان چی ڤیتامینێك لە لەشدا دروستدەكات ؟
د. بورهان تاهیر، رونیدەكاتەوە، ئەگەر سەرەتای بەیانیان بێت، ئەوە باشە بۆ پێست، چونكە  ڤیتامین D  لەناو لەشدا دروستدەكات، بەڵام لەكاتژمێر 10ی بەیانی بۆ 4ی ئێوارە ئەو كاتە تیشكی خۆر بۆ پێست خراپە، چونكە دەبێتە هۆی دروستبونی پەڵە، ئەوانەی پێستیان زۆر سپی بێت  ئەگەری هەیە توشی شێرپەنجەی پێست بن، هەندێكیان ئەگەر نەخۆشی (ئەگزیما) (پێستی هەستیار) بێت ئەوە خراپتر دەبێت، تیشكی خۆر بۆ هەندێ نەخۆشی باشە، بەڵام زۆربەی كاتەكان بۆ پێست زیانی هەیە.

پێستی مرۆڤەكان جیاوازن
ئەو پزیشكە دەڵێت "ئەوانەی پێستیان سپییە توشی هەندێ نەخۆشی خراپ دەبن، بەهۆی تیشكی خۆرەوە، وەك شێرپەنجەی پێست‌و چرچ بونی پێست، ئەوانەیشی لەبەرتیشكی خۆر كاردەكەن،  دەوروبەری چاویان چرچ دەبێت، پێستیان وشك دەبێتەوە، دەیكات بە پەڵە هەندێك خانەی شێرپەنجەیی لەسەر پێستی دەموچاویان یان سەریان دروستدەبێت، ئەوانەی ئەسمەرن  پێستیان زۆرتر دەسوتێت ئەویش دەیكات بە پەڵە".

بەكارهێنانی ماكیاژ لەوەرزی هاویندا خراپە ؟
د.بورهان تەهیر، رایگەیاند، باشترین شت ئەوەیە كەسەكە بزانێت چ جۆرە دژە خۆرێك بۆ پێستی باشە، واتە دەبێت دژە خۆرێك بەكاربێنێت لەگەڵ چەوری پێستەكە یان وشكی پێستەكەیدا بگونجێت، هەركاتێك ماكیاژ بەكارهات دژە خۆر بەكاربێت پاشان ماكیاژ بكرێت، ئەوكات تیشكی خۆر  كاریگەریی لەسەر پێستەكە نابێت.
ناوبراو وتیشی "دژە خۆر بۆ دوو كاتژمێر كار دەكات، 15 دەقە پێش چونە دەرەوە  بدرێت لەدەموچاو پارێزگاری لەپێستەكە دەكات، بەڵام ئەگەر زیاتر لەماوەی 2 كاتژمێر مایتەوە لەدەرەوە بۆ جارێكتر دەبێت لێیبدرێتەوە، ئەگەر لەڕۆژێكدا دوو جار بەكارێبێت زۆر باش دەبێت بۆ پێست‌و لەتیشكی خۆر دەیپارێزێت، بەكارهێنانی دژەخۆر  لەخانەی شێرپەنجەیی دەتپارێزێت  لەچرچی  دەموچاو ‌و هەندێكیان رونی رەونەق بەپێستەكە دەدات".

پێست لەبەرتیشكی خۆر بەبێ دژەخۆر چی بەسەر دێت
ئەو پسپۆڕ، باس لەوەیش دەكات، ئەو كەسانەی كە لەرابردودا بەردەوام ئیشیان لەبەر تیشكی خۆردا كردوە، بەتایبەت ئەوانەی سپی پێستن، توشی  شێرپەنجەی پێست بون كە لەكاتی خۆی دژە خۆریان بەكار نەهێناوە، كاریگەیەكەی دوای نزكەی 10 ساڵ دەردەكەوێت،  ئەو كەسانەی  لەم وەرزەدا دژە خۆر بەكار ناهێنن راستەوخۆ كاریگەریەكانی لەسەر پێست دەرناكەوێت، بەڵكو دوای سێ مانگ دەردەكەوێت، هەروەها ئەو كەسەی بەبێ بەكارهێنانی دژە خۆر چۆتە دەرەوە كاریگەرەیەكانی لەدوای تەمەنی 40 بۆ 45 ساڵی كەسەكە هەست بە چرچی دەموچاوی دەكات، چاویلكەی لەچاو نەكردوە لەگەڵ ئەوەدا  دەروبەری چاویشی چرچ‌و لۆچ دەكات.

خۆپاراستنەكان
 د. بورهان تایەر، جەختدەكاتەوە، هاوڵاتیان پێویستە بۆ خۆپاراستن لەو تیشكە بەهێزەی وەرزی هاوین دەرمانی باش‌و كوالێتی باش بەكاربهێنن، هەروەها ئاوی زۆر بخۆنەوە بۆ چاویش چاویلكەی باش بەكاربهێنرێت

پسپۆڕان‌و زانایانی بواری كرێم لەئوسترالیا دوای ئەنجامدانی تۆێژینەوەیەكی زانستی دەربارەی سودو زیانەكانی كرێمی دژە تیشكی  خۆر  ئەوەیان دەرخست  ئەو كرێمەی بەكاردە هێنرێت بۆ دژی تیشكی خۆر‌و كاریگریەكانی دەبێتە هۆی پاراستی پێست‌و  كەمكردنەوەی ئەگەری تۆشبون بەشێرپەنجەی پێست بەڕێژەی 50%.